بەعاقلیەتی سەردەمی ڕژێم دەسهەڵاتدارانی عیراق دەیانەوێت پاشەکشە بەهەرێمی کوردستان بکەن
جبار عبداللە مهاجیر
بۆ سەدەیەک دەچێت کورد بەردەوام لەڕێگای ئاشتی هەوڵی بەدەستهێنانی مافەڕەواکانی خۆی داوە، هەموو کات ڕێگای گفتوگۆ و دانوستانی ئاشتیانەی کردۆتە دەروازەیەک بۆ دۆزینەوەی چارەسەری کێشە هەڵپسێردراوەکانی نێوان عیراق و هەرێمی کوردستان، ئەوەی ئیستا بۆتە واقعێکی تاڵ بۆ گشت پێکهاتەکان لەعیراق پێشێل کردنی دەستوری ئەو وڵاتەیە لەلایەن هندێ کەسی ڕەگەزپەرست و بەرژەوندخواز . ئەو کاتەی ڕژێمی بەعسی فاشیزم ڕوخا گەلانی عیراق چاوەڕێی ژیانێکی سەردەمیانە بوون لە دەسهەڵاتدارانی ئیستا بەڵام کاتێک لوتکەی هەڕەمەکە گەندەڵ بوو ئیتر نابێ لۆمەی کەس بکەیت، عیراق لەدیکتاتۆریەتی صەدامی گۆڕبەگۆڕ پاککرایەوەو خەریکە دەسهەڵادارانی ئیستا هەمان ڕێباز دەگرنەبەر، پلانێک لەئارادایە کەئیستا بەواقعی دیارە چۆن تەحمول لەگەڵ گەلی کورد دەکەن و هەر ڕۆژەو بەکۆمەڵێک بیانوو دەیانەوێت ئەو پێشکەوتن و سەقامگیریەی هەیە لەباشوری کوردستان بەهەر جۆرێک بێت هەرسی پێ بهێنن. روون دیارە سەرەتا لەڕێگای هندێ لایەنی کوردستانی هەوڵی بەدەستهێنانی متمانەیاندا دواتر هەر لەڕێگای ئەو لایەنە کەم و کوڕانە دەستیان برد بۆ قوتی هاوڵاتیانی کوردستان. ئەمەش جگە لەوەی دەبێتە لێدان لەئابوری کوردستان لەلایەک و لەلایەکی تر دروستکردنی دووبەرەکی نێوماڵی کورد و جوڵاندنی شەقامی کوردیە بۆ لاوازکردنی هەستی نەتەوەیی و نشتیمانی. ئەوەی بۆ گەلی کورد بۆتە نەهامەتی بێ هەڵوێستی هندێ لایەنی سیاسی کوردستانیە لەهەمبەر ئەو بێباکەیی حکومەتی عیراق دەرحەق بەموچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ئەنجامی دەدات. بەرپرسی یەکەم لەناردنی موچەی هەرێمی کوردستان سەرۆک وەزیرانی عیراقە کەدەسهەڵاتی یەکەمی هەیە دواتر وەزیری دارایە. بڕیاری ناردنی موچە لەدەست سەرۆکی حکومەتدایە نەک وەزیری دارایی وەزیری دارایی ناتوانێت بەبێ بڕیاری سەرۆک وەزیران واژوو لەسەر هیچ بڕە پارەیەک بکات بۆ هەرێمی کوردستان. ئەو ڕێگایەی حکومەتی عیراق لەدژی هەرێمی کوردستان گرتۆتەبەر تەنها بۆ برسیکردنی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانە هیچی ترنیە، بەغدا کێشەی نەختینەی نیە تەنها یاریێکە بەهەست و سۆزی گەلی کورد دەکەن و دەیانەوێت کوردستان لەو قۆناغە پێشکەوتوویەی تیادایە پاشکشەی پێ بکەن. هەرێمی کوردستان هەموو کات ئامادەبووە بەپێی ئەو ڕێکەوتنەی کراوە لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی مەرجەکانی جێبەجێ بکات. ئامادەکردنی لیستی موچە بەپێی مەرجەکانی حکومەتی ناوند و ناردنی بەشێک لەداهاتی ناوەخۆ بەبێ کەم و کوڕی ئەوەمان بۆ روون دەبێتەوە حکومەتی ناوەند تاوانبارە لەجێبەجێکردنی ئەو رێکەوتنەی کراوە لەنێوان هەردوولادا. پێویستە هەموو لاینە سیاسیە کوردیەکان کەبەشدارن لەحکومەتی عیراق یەکهەڵوێستبن لەبەرامبەر ئەو زوڵمەی بەرامبەر بەمووچە خۆرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت و ڕێگای فشار بگرنەبەر بۆ زامنکردنی ماف و شایستە دارایەکانی هەرێمی کوردستان و دروستکردنی دەسهەڵاتێکی دادپەروەر بۆ هەموو پێکهاتەکان لەسەرتاسەری عیراق،
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.