دیندار زێباری ، داوا لە رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان دەکەین پێش ئەوەی کە ڕاپۆرتێک بڵاوبکەن پرسیار لە حکومەت بکەن

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتیەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی پرسیارەکانی دەنگی ئەمەریکا سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێخۆشبوونی جیهانی لەمەڕ ڕووداوەکانی هەرێمی کوردستان وەڵام دەداتەوە کە پێی وایە ناکرێت ئەو ڕێکخراوە پشت بە هەندێک داتا و زانیاری ببەستێت و پرسیار لە حکومەت نەکات کە ئایا ئەو داتا و زانیاریانە دروستن یان نا، لەوانەیە دەیان کەیس چارەسەرکرابن و ئەمنستی هەر ئاگادار نەبێت.

دکتۆر دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتیەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وتووێژێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت ” ئەو بابەتانەی کە لە نێو ئەو ڕاپۆرتەدا هاتوون شتێکی تازە و ڕاپۆرتێکی تازە نییە و و حاڵی نابم بۆچی لێخووشبوونی جیهانی دوای شەش مانگ جارێکی تر باسی بابەتەکە دەکاتەوە بەداخەوە ئەو ڕاپۆرتە نێودەوڵەتیانە وایانلێهاتووە پێش ساڵێک یان دوو ساڵ شتێک ڕوویدابێت بیست تا سی جار دووبارە دەکەنەوە و زۆر جاریش ڕووداوەکە چارەسەر بووە ئەوان زانیاریان نییە کە چارەسەر بووە چونکە ئەبدەیتیان نییە و هەر دەڵێنەوە واتا بابەتە زیاتر بە سیاسی کراوە، سەبارەت بە ڕێکخراوی ئەمنستیش حکومەت هەنگاو و ڕوونکردنەوە و ئیجرائاتەکانی خۆیشی هەبووە، گرتنی هاوڵاتیەک یان خەڵکێک لە هەرێمی کوردستان ئەمە بڕیاری حکومەتی هەرێم یان بەرپرسێکی حکومەتی هەرێم نییە ئەمە بڕیارێکە ئەگەر ئەو کەسە تاوان یان سەرپێچیەکی کردبێت دادگەکانی هەرێمی کوردستان کە لە چوارچێوەی دەستوردا بەشێکن لە دەسەڵاتی دادوەری دادوەرە بەڕێزەکان بڕیاری خۆیان دەدەن کە چ جۆرە یاسایەک بەسەریاندا بسەپێنن و ئەو کەسەشی کە سزا دەدرێت چ جۆرە سزایەکی دەبێت، و ئەوەی تر کە سەبارەت بە خۆپێشاندانەکانە ئێمە لە هەرێمی کوردستان یاسای خۆپێشاندانمان هەیە کە پێی دەڵێین خۆپێشاندانی ئاشتی و مەدەنی بەڵام کە گردبوونەوەیەک دەکرێت و تێیدا دەیان کارمەندی ئەمنی و خەڵکی بێتاوان و سڤیل برینداربن و کۆشتنی لێ بکەوێتەوە و بە دەیان باڵەخانەی حکومی و ناحکومی بسوتێن و ڕێگەوبانەکان تێکبدرێن و ژیانی خەڵک بکەوێتە مەترسیەوە بەدڵنیاییەوە ئەرکی دەزگا ئەمنیەکان پاراستنی ئەمن و ئاسایشی هەرێمی کوردستانە و ناکرێت بە خۆم بڵێم ڕۆژنامەنووس و چەکم لەدەست بێت و بچم توندوتیژی بکەم، کاتێک ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی دەڵێت دادوەری ئێوە عادیل نییە لە ڕاستیدا ئەو ڕێکخراوە دەتوانێت سەردانی ئەو دادگایە بکات و دەرگاکان کراوەن”.

زێباری سەبارەت بەو بەشەی ڕاپۆرتەکە کە باس لە دۆسیەی چواردە کەس لە پارێزگای دهۆک دەکات دەڵێت ” ئەمە ئەسڵ و ئەساسی نییە کەس لە هەموو کوردستان دەستگیرنەکراوە کە تەنها بەشداری لە خۆپێشاندانەکاندا کردووە و ئەو کەسەی کە دەستگیرکراوە سەرپێچی یان توندوتیژی و کارێکی وایکردووە کە سزایەکی یاسایی هەبێت ئەمە ڕاستیە و کەسیش لە هەرێمی کوردستان دەستگیر و دەستەسەر ناکرێت مەگەر بە فەرمانی دادوەر و ئیجرائاتی دادگا نەبێت، ئەمە پڕۆسەیەکی یاساییە بۆیە ئەو تومەتە ئەسڵ و ئەساسی نییە چونکە ئێمە وردەکاری و ئامار و داتامان هەیە و یاسامان لەبەردەستە و کەیسەکانیش هەمووی ئاشکران و ئێمە هیچ کەیسێکی شاراوەمان لە هەرێمی کوردستاندا نییە واتا هیچ کەیسێکمان نییە کە کەسێک لەسەر ئینتیمای سیاسی دەستگیرکرابێت”.

هەروەها دەشڵێت” ئەو ڕێکخراوە ناکرێت پشت بە هەندێک داتا و زانیاری ببەستێت و پرسیار لە حکومەت نەکات کە ئایا ئەو داتا و زانیاریانە دروستن لەوانەیە دەیان کەیس چارەسەرکرابن و ئەمنستی هەر ئاگادار نەبێت.”

سەبارەت بە هەڵوێستیان لەسەر ئەم جۆرە ڕاپۆرتانە ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتیەکان دەشڵێت” هەڵویستی ئێمە ئەوەیە بەیاننامەیەکمان هەبوو و بەیاننامەکەمان زۆر ڕوونە و ئێمە پرۆسەیەکی زۆر لایەنەمان هەیە لەگەڵ یوئێن و خاچی سوری نێودەوڵەتی ئێستا سەردانی زیندانەکانی هەرێم دەکات و ئامار لەژێر دەستی ئێمە و یۆئێن و خاچی سوری نێودەوڵەتی هەیە بە دەیان و سەدان جار کۆمەڵگای نێودەوڵەتی سەردانی زیندانەکانی ئێمە دەکات و ئەگەر کەسێکیش دەستگیرکرابێت رێکاری یاسایی ڕوونن و ئەگەر کەسێک نەیتوانیبێت دەستگیرکراوێک لە زینداندا ببینێت ڕێنمایی کۆرۆنامان هەبوو لەبەر سەلامەتی هاوڵاتیان، چوون کەسێک بەخۆی دەڵێت ڕۆژنامەوانم و داوا لە خەڵک بکات کە بە هەزاران خەڵک کۆببنەوە و سەرپێچی ڕێنماییەکانی کۆرۆنا بکات کاتێک لە شارێکی وەک دهۆک ڕۆژانە پازدە تا بیست کەس بمرن و بە سەدان کەس تووشببن کەچی داوای خۆپێشاندانێک بکەیت کە ڕێنماییەکانی حکومەت ڕێگە نادات نەک بابەتەکە خۆپێشاندانە بەڵکو بابەتەکە بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی کۆرۆنایە واتا بابەتەکە بە سیاسی کراوە و لە مافی مرۆڤ لادراوە و بە داخەوە هەندێک لەو ڕێکخراوە نێودەوڵەتیانەش پشت بە کێ دەبەستن بەوانەی کە دەڵێن چاڵاکوانن ئەسڵی کێشەکە چاڵاکوان خۆی بووەتە تێکدەر و خراپی دەکات”.

لە وەڵامی پرسیارێکی دەنگی ئەمەریکا لەسەر داواکارییەکانیان وەکو ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتیەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێز زێباری ڕایگەیاند ” داواکاری ئێمە زۆر ڕوونە داوا لە رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان دەکەین پێش ئەوەی کە ڕاپۆرتێک بڵاوبکەن پرسیار لە حکومەت بکەن کە ئیجرائات و ڕوونکردنەوەکانی حکومەت چین، چونکە حکومەت لێرە لە ژیانی گشتی هاوڵاتیان بەرپرسیارە و ئەگەر گلەییەکیان لە سیستەمی دادوەری و دەسەڵاتی قەزائی هەبێت دەتوانن ئەو گلەییانە بگەیەنن بە دەسەڵاتی دادوەری و بە وردی لەسەری دابنیشن و ئێستا بریتانیا و ئەورۆپا و یۆئێن هەموویان خولی ڕاهێنان لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەری دەکەن، دەسەڵاتی دادوەری کوردستان زۆر پێشکەوتووە بە سەدان داعشی دادگاییکردووە، بە بڕوای من هیچ ڕێکخراوێک نییە ئەمڕۆ سەربەخۆییەکی تەواوی هەبێت تەنانەت نێودەوڵەتیش ڕێکخراوی نێودەوڵەتی هەیە ڕوونە کە سەر بە چ وەڵات و لایەنێکن و ناڵێم کەموکورتی نییە و هەموو شتێک دروست و ڕاستە نەخێر بەڵام ئایا قەبارەی پێشێلکاری و سەرپێچی ئەمەیە کە هەندێک ڕاپۆرت باسی لێوە دەکەن؟ نەخێر وانیە”.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.