کەرکوک لە نێوان خەڵک و حیزبە کوردستانیەکاندا
کەرکوک لە نێوان خەڵک و حیزبە کوردستانیەکاندا
ئەسرین شوانی
ئەگەر لە ڕوی جیۆپۆلیتیکیەوە لە شاری کەرکوک و ناوچەکانی کەرکوک بڕوانین ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کەوا کەرکوک نەک تەنها بۆ کوردستان و عێراق گرنگی خۆی هەیە، تەنانەت هەموو جیهان بەچاوی بەرژەوەندیەوە لەو شارە دەڕوانن و لە هەوڵی ئەوەدان پشکیان لە خێرو بێرو سەروەت و سامانی ئەو شارەدا هەبێت،لەبەر ئەوەی کەرکوک شارێکە لەسەر دەریایەک نەوت لەنگەری گرتوەو، ئەو سامانە سروشتییەی کە هەیەتی ئەگەر بە شێوەی تەندروست هەڵسوکەوتی لە گەڵ بکرێت دەتوانێت بەشێک لە یەدەکی نەوتی جیهانی پێ دەستەبەر بکرێت.
بۆیە کەرکوک بۆ هەمیشە وەک ناوچەیەکی گرنگ سەیر کراوەو کێشەکانی نێوان حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق و کورد لەسەر کەرکوک گەیشتونەتە بنبەست وخاڵی ناکۆکی نێوان کوردو حکومەتی ناوەند لەسەر کەرکوک کۆتای هاتوەو لە گفتوگۆکانی نێوان هەردولادا لەسەر کەرکوک بەبن بەست هاتون،لەبەر ئەوەی کوردستان بێ کەرکوک وەک جەستەیەکی بێ دڵ وایەو هیچ جەستەیەکیش بێ ئەندامی دڵ ناتوانێت هەڵ بکات و بژێت، هەر لەسەر ئەو ڕاستیە بوو کە بارزانی نەمر کەرکوکی بە دڵی کوردستان ناوزەد کردوەو دانوسانی ئازاری ساڵی 1970 کە تا 1974 بەردەوام بوو لەسەر کەرکوک گەیشتە خاڵی کۆتای و دەسپێکردنەوەی شەڕ لەسەر کەرکوک بوو،چونکە سەرۆک مستەفا بارزانی هەرگیز بێ کەرکوک ئامادە نەبوو ئەو ڕێکەوتنە لەگەڵ ڕژێمی ئەو دەمەدا واژۆ بکات،لەبەر ئەوەی دەیزانی بێ کەرکوک ئەو مافانەی کورد خۆێنی بۆ ڕشتوە و هەزاران شەهیدی لە پێناو داوە ناکرێ و نابێت بێ کەرکوک هیچ هەنگاوێک بنێت.
دیارە ئەوەی تا ئێستا بۆ هەموان ڕون بوەتەوە گرنگی کەرکوکە بۆ کوردو کوردستان و حیزبە سیاسیە کوردیەکان لە ڕاستەوەبۆ چەپ و حیزبە ئیسلامیەکان و نەتەوەی و میانڕەو، کەرکوک شارێکی گرنگی کوردستانەو پێویستە لە کەرکوک حیزبە کوردیەکان بەر لەوەی حیزبایەتی تەسک بکەن دەبێت کوردایەتی بکەن وهەموو حیزبەکان وەک و تیمێکی خاوەن ستراتیژیەتی نەتەوەی خەباتی دوروو درێژیان بریتی بێت لە کوردایەتی نەک ئەوەی کە هەیە و دەیبینین لە ناو حیزبەکان دا کە ئامانجە سەرەکیەکەیان فەرامۆش کردوەو ئەوەندەی لە هەوڵی حیزبایەتی و قولەپێ دانی یەکن بیریان بەلای کوردایەتی دا نایەت و بیرێک لەوە ناکەنەوە کەوا خەڵکەکەیان لە کەرکوک لە چ بارودۆخێک دا ژیان دەگوزەرەنێنن، ئەوە بە چاوی ئیعتبار وەر ناگرن کە شاری کەرکوک و خەڵکەکەی سەدان ساڵە ڕووبەڕوی تەعریب بونەتەوەو هەڕەشەی ئاوارەی و شاربەدەرکردنیان لەسەرە،ئەوە خەڵکی کەرکوکە بەرگەی ئەو هەموو نەهامەتییەیان گرتوتوە پێشیان بە تەعریب و ڕاوەدونان گرتوە، بۆیە دەبێ سەرجەم حیزبەکان لە کەرکوک ڕووبەڕوی ئەو نادادپەروەریانە بوەستەنەوەو بچنە سەنگەری خەڵکی کەرکوک و دژی تەعریب و بە سەربازگە کردنی شارەکەیان بوەستن،دیارە ئەوەش تەنها بەوە دەکرێت حیزبە کورستانیەکان بەهەمو ڕەنگەکان و ئایدیایەکیانەوە لە کەرکوک کوردایەتی ستراتیژیان بێت و وەک یەک تیم کار بکەن دوور لە ئینتمای تەسکی حیزبایەتی و کار بۆ جێبەجێ کردنی مادەی 140ی دەستوری عێراق بکەن بۆ چارەسەری ڕیشەیی کەرکوک و ناوچە کێشەلەسەرەکان ،لەبەر ئەوەی تازە کار لەکار ترازاوەو کەرکوک گورگان خواردی ئەو مادە دەستوریە کراوە و دەبێت بە ڕوحی کوردایەتی ئەو گرەوە بە دەست بهێنرتەوە و کوردایەتی کردن لە کەرکوک ئەو هەڵەیە ڕاست دەکرێتەوە لە ڕادەستکردنی کەرکوک بە مادەی 140، کە کورد قەت نەدەبوو ئەو هەڵە میژوییە بکات و کاتێ کردیشی ئێستا دەبێت کار بۆ بەدەستهێنانەوەی بکات ئەوەش تەنها بە یەکگرتویی کورد دەکرێت لە کەرکوک بۆ بەدەستهێنانەوەی کەرکوک بۆ سەر هەرێمی کوردستان.
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.