ڕه‌وشت چیه‌ و کێین ئه‌و که‌سانە‌ی ‌ خاوه‌ن ڕه‌وشتن‌؟

رەهێل تەلئەت مشیر دزەیی

ڕه‌وشت چیه‌ و کێین ئه‌و که‌سانە‌ی ‌ خاوه‌ن ڕه‌وشتن‌؟
کێین ئه‌و که‌سانە‌ی شایه‌نی ئه‌وه‌ن پێان بووترێت بەدڕەوشت یان که‌م ڕه‌وشت؟

کۆمه‌ڵه‌ پرسیارێکن زۆر قورسه‌ وه‌ڵامه‌کانیان۰
هه‌ر کۆمه‌ڵگایه ‌و پێوه‌ری خۆی هه‌یه‌ بۆ ڕه‌وشت، وه‌ هه‌ر کۆمه‌ڵگایه‌ک به‌شێوازی جودا سه‌یری ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌کات۰ هه‌ر مرۆڤێکیش پێوه‌ری خۆی هه‌یه‌ بۆ ئه‌خلاق۰
ئه‌گه‌ر پێناسه‌یه‌کی کورتی ڕه‌وشت بکه‌ین۰ ڕه‌وشت بریتیه‌ له‌ كۆمه‌ڵێک به‌ها و پرنسیپ، که‌ مرۆڤ پێی وایه‌ له‌ ڕێگای ئه‌م پرینسیپ و به‌هایانه‌وه نزیک ده‌بێته‌وه‌ له‌ کاری باشه‌ و دوور ده‌که‌وێته‌وه له‌ کاری خراپه‌۰ ئه‌م پرنسیپ و به‌هایانه‌یه‌ دەبێتە پێناسەی ‌ که‌سه‌کان و کۆمه‌ڵگا۰
پرنسیپ و به‌هاکان جێگیر نین بۆیه‌ هه‌ر کۆمه‌ڵگایه‌و کولتور و شێوازی جیاوازی هه‌یه‌ بۆ په‌یوه‌ندیکردن له‌ نێوان ئه‌ندامه‌کانیدا، بۆیه‌ ده‌کرێ بڵێین ڕه‌وشت جۆرێکه له‌ هۆشیاری مرۆڤ۰
بەرزی ئاستی و هوشیاری تاک و داکۆکی کردنی لە پرنسیپ و به‌هاکانی وه‌ک دادپه‌روه‌ری و ئازدی و یه‌کسانی، وادەکات ئاستی هۆشیاری کۆمه‌ڵگا بە گشتی به‌رز‌بێته‌وه‌ ببێت به‌ ناسنامه‌ی کلتوری کۆمه‌ڵگاکەی، ده‌بێته‌ مه‌رجه‌عیه‌تێکی کلتوری ئه‌م کۆمه‌ڵگایه‌ و دواتریش سیسته‌می سیاسی و شێوازی به‌ڕێوه‌بردنی وڵات دیاری ده‌کات، پێچه‌وانه‌که‌شی هه‌ر ڕاسته‌۰ نزمی ئاستی هۆشیاری و درک نه‌کردنی تاکی کۆمه‌ڵگا به‌ ماف و ئه‌رکه‌کانی و گرنگی نه‌دانی به‌و پرنسیپ و به‌هایانه‌ی که‌ ده‌بنه‌ هۆی کۆمه‌ڵگایه‌کی ته‌ندروست و به‌خته‌وه‌ر، ده‌بێته‌ هۆی دروست بوونی مه‌نزومه‌یه‌کی سیاسی خراپ و دروستبوونی کۆمه‌ڵگایه‌کی کۆیله‌ و نیزامێکی دیکتاتۆر۰
بۆ ئه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگایه‌کی ته‌ندروست و به‌خته‌وه‌رمان هه‌بێت وتاک له‌و کۆمه‌ڵگایه‌دا به‌های خۆی و ژیانێکی سه‌ربه‌رزانه‌ی هه‌بێ ده‌بێ هه‌ر یه‌ک له‌ تاکی کۆمه‌ڵگا خاوه‌ن هۆشیاریه‌کی باش بێت و ئه‌رک و مافه‌کانی خۆی بزانێت و داکۆکی له‌م پرنسیپ و به‌هایانه‌ بکات که‌ باوه‌ڕی پێیه‌تی۰
ئه‌گه‌ر بێتو ئاوڕێک له‌ کۆمه‌ڵگای کوردی بده‌ینه‌وه‌، زۆر روونه‌ که‌ کۆمه‌ڵگای ئێمه‌ کۆمه‌ڵگایه‌کە خاوه‌ن کۆمه‌ڵێک پرنسیپ و به‌های زۆر جوان و پاکه‌، وه‌ خاوه‌ن ڕه‌وشتێکی به‌رزه۰
کۆمه‌ڵگای کوردی له‌ ڕووی کلتوری و ئاستی هۆشیاری تێڕوانینی بۆ شێوازی پێکه‌وه‌ ژیان گۆڕانکاری زۆری به‌سه‌رهاتوه‌، هێزه‌ سیاسیه‌کانی کوردستان ڕۆلی خراپیان هه‌بوو وه‌ هه‌یانه‌ تا ئێستاش به‌رده‌وامه‌ له‌ تێکدانی کلتور و ڕه‌وشتی ئه‌م کۆمه‌ڵگایه۰ دوا به‌دوای گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵات له‌لایه‌ن کورد خۆیه‌وه‌ تاکی کورد باوه‌شی بۆ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ کرده‌وه‌ که‌ خه‌ونی دێرینی ئه‌م گه‌له‌ بوو‌ خۆی حوکمی خۆی بکا، بۆیه‌ متمانه‌ وباوه‌ری زۆری پێکرد وه‌ پشتیوانی زۆریشی لێ کرد۰ به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ ئه‌م هێزه‌ سیاسیانه له‌ ئاست ئه‌و متمانه‌ زۆره‌ی گه‌له‌که‌یان نه‌بوون۰
ئه‌خلاق له‌ لای ئه‌م هێزه سیاسیانه‌ مانایه‌کی زۆر جیاوازی هه‌بوو، هیچ پرنسیپ و به‌هایه‌ک له‌ شوێنی خۆی نه‌ما، بووین به‌ کۆمه‌ڵگایه‌ک دز و درۆزن له‌ سه‌ره‌وه داده‌نێن و که‌سانی پاک و دڵسۆزیش له‌ خواری خواره‌وه‌۰
به‌داخه‌وه‌ ئه‌و پرنسیپ و به‌هایانه‌ی تاکی کورد هه‌یبوو زۆریان تێکدران، به‌ پلان بوبێت یان له‌ نه‌زانی و که‌م شاره‌زایی ئیداره‌دانی کۆمه‌ڵگای شارستانی بوو بێت۰ من باوه‌ڕی ته‌واوم هه‌یه‌ که‌ به‌ پلانێکی پوخت بووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی‌ کۆنتڕۆڵی هه‌موو جومگه‌کانی کۆمه‌ڵگا بکه‌ن۰ ده‌ره‌نجامه‌که‌شی ئه‌وه‌ بوو کۆمه‌ڵگایه‌کی سه‌ر لێ شێواو، کۆمه‌ڵگایه‌ک درک به‌ ماف و ئه‌رکه‌کانی خۆی ناکات‌، کۆمه‌ڵگایه‌ک توانای داکۆکی کردنی نه‌ماوه‌ له‌ ماف و مانه‌وه‌ی خۆی۰
ئه‌م حزبه‌ سیاسیانه‌ی کورد به‌ مه‌به‌ست پرنسیپ و به‌هاکانیان ومانای ڕه‌وشتیان هه‌موو کۆکردۆته‌وه له‌ یه‌ک شت ئه‌ویش هه‌ڵس و که‌وتی ژنان۰
وایان کرد‌ له‌ کۆمه‌ڵگای کوردی پێوه‌ری ڕه‌وشت ته‌نها له‌ وه‌ کۆبکرێته‌وه‌ که‌کچێک یان ژنێک په‌یوه‌ندی سۆزداری یان سێکسی هه‌بێت له‌گه‌ڵ پیاوێک، ئه‌م ژنه‌ له‌ کۆمه‌ڵگای ئێمه‌ به‌ بێ ڕه‌وشت ده‌ناسێندرێت، به‌ چاوێکی که‌م سه‌یر ده‌کرێت۰ پیاو له‌ کۆمه‌ڵگای کوردی ته‌نها له‌ کاتێک ڕه‌وشتی له‌که‌دار ده‌بێ که‌ خوشکی یان هاوسه‌ره‌که‌ی یان کچه‌که‌ی یان دایکی په‌یوه‌ندییه‌کی سۆزداری هه‌بێ له‌گه‌ڵ پیاوێک۰کۆمه‌ڵگاش ته‌نها سزای ژنه‌که‌ ده‌دا، وه‌ ئه‌و پیاوه‌ی په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ژنه‌که‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک په‌نجه‌ی بێ ڕه‌وشتی بۆ درێژ ناکرێ.
بۆ لابردنی ئه‌م له‌که‌یه‌ی که‌ پیاو دووچاری ده‌بێته‌وه‌ به‌ هۆی ئه‌وه‌ که‌ خوشکه‌که‌ی یان ژنه‌که‌ی یان دایکی په‌یوه‌ندیه‌کی سۆزداری هه‌یه‌، ته‌نها و ته‌نها به‌ کوشتنی ئافره‌ته‌که‌ ده‌بێت۰ هه‌ر بۆیه‌ش له‌و ماوه‌یه‌ی کورد حوکمی خۆی ده‌کا ژماره‌ی ئه‌و ژنانه‌ی کوژراون ژماره‌یه‌کی ترسناکه‌۰ده‌سه‌ڵات و هێزه‌ سیاسیه‌کانیش بێباکانه‌ سه‌یری‌ ئه‌م دیارده‌یه‌ ده‌که‌ن بێ ئه‌وه‌ی هه‌نگاوێک بنێن بۆ که‌م کردنه‌وه‌ی یان دۆزینه‌وه‌ی ڕێگا چاره‌یه‌ک۰
مه‌به‌ستیش له‌ شێواندنی به‌هاکانی کۆمه‌ڵگای کوردی بۆ ئه‌مه‌ بوو ‌ ڕێگا بۆ خۆیان خۆش بکه‌ن بۆ به‌تاڵکردنی حه‌ز و ئاره‌زوه‌کانیان و دزینی داهاتی خه‌ڵک و گوێ نه‌دانیان به‌ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی گه‌ل و وڵات۰ به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆیان له‌ پێش به‌رژه‌وه‌ندی گشتی داناوه۰
بۆ ئه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگای کوردی رزگار بکرێت له‌و مه‌ینه‌تیه‌ی و سه‌ر لێشێواویه‌ی توشی هاتووه‌، پێویستمان به‌ شۆڕشێکی سه‌رتاپاگیری هه‌یه‌ له‌ هه‌موو بواره‌کان وه‌ به‌تایبه‌تی له‌ بواری کۆمه‌ڵایه‌تی۰

ڕه‌هێل دزه‌یی
21.08.21

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.