پەیامی سەرۆك بارزانی لە یادی سی و سێ ساڵەی ئەنفالی بادینان
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
سی و سێ ساڵ لەمەوبەر ڕژێمی پێشووی عێراق لە تاوانێكی تر و لە دوایین قۆناغی پڕۆسەی ئەنفالدا پاش بۆردومان و كیمیابارانكردنی زۆربەی زۆری دەڤەری بادینان، خەڵكی ئەو ناوچانە و پێكهاتەكانی ڕووبەڕووی گرتن و بێسەروشوێن كردن و ڕاگواستن كردەوە. لە و تاوانەدا حكوومەتی عێراقی سەدانهەزار هێزی پڕچەكی لەدژی دانیشتوانی بێتاوانی بادینان بەكار هێنا.
ئەم تاوانە درێژكراوەی ئەو زنجیرە تاوان و كارەساتانە بوو كە لە سەدەی ڕابردوو دژی ڕۆڵەكانی گەلەكەمان لە بارزان و گەرمیان و هەڵەبجە و تەواوی كوردستان بەڕێوەچوو.
دوژمنانی گەلی كوردستان بەبەرچاوی هەموو جیهان پێشكەوتووترین چەك و قێزەوەنترین سیاسەتیان بۆ قڕكردن و لەناوبردنی گەلی كوردستان. بەكار هێنا بەڵام گەلی كوردستان خاوەنی ئیرادە و قەزییەكی ڕەوا بوو و لەبەرانبەر ئەم جینۆساید و كۆمەڵكوژی خۆی بەدەستەوەنەدا و ئەوە دوژمنان و تاوانباران بوون كە كەوتنە زبڵدانی مێژوو. ئەمە وانەیەكی پڕمانایە هەم بۆ ڕۆڵەكانی گەلەكەمان و هەمیش بۆ نەیاران و ناحەزانی گەلی كوردستان.
لە ساڵیادی ئەنفالی بادیناندا سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدان و ئەنفالكراوان دەنێرین و پێداگری لەسەر مافە ڕەواكانی گەلەكەمان دەكەینەوە. پێویستیشە دەوڵەتی عێراق قەرەبووی جینۆساید و ئەو تاوان و زوڵمانە بكات كە دەرهەق میللەتەكەمان كراوە.
مسعود بارزانی
٢٥ـی ئابی ٢٠٢١
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.