زێ بادینان
مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی سەرا چوار تۆمەتباریان دەستگیركرد كە هێرشیان كردبووە سەر هاوڵاتییەك و لێیاندابوو و چاوێكیان كوێركردبوو.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە تیایدا هاتووە، “پاش ئەوەی بنكەی پۆلیسی سەرا ئاگاداركرایەوە لە بوونی رووداوێك لەنزیك باخی گشتی كە چوار تۆمەتبار هەڵیان كوتاوەتە سەر هاوڵاتییەكی تەمەن 35 ساڵ و بەهەرچواریان لێیانداوە و بەرەو شوێنیكی نادیار هەڵاتوون، پۆلیس گەیشتە شوێنی رووداوەكە و بریندارەكە بۆ نەخۆشخانە گواسترایەوە و بەپێی راپۆرتی پزیشكی دەركەوت بەهۆكاری لێدانەكە چاوێكی لەدەستداوە “.
ئەوەش هاتووە، “لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە كرا و بریندارەكە هیچ كام لە تۆمەتبارانی هەڵاتووی نەدەناسی بۆیە دوای وەرگرتنی بڕیاری بەڕێز دادوەر و بەئەنجام گەیشتن لە لێكۆڵینەوەكان توانرا لەماوەیەكی كەمدا هەرچوار تۆمەتبارەكە بدۆزرێنەوە و دەستگیربكرێن”.
باس لەوەش کراوە، “لەئێستادا بەبڕیاری بەڕێز دادوەر و بەپێی ماددەی 412 لە یاسای سزادانی عێراقی هەر چوار تۆمەتبارەکە راگیراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە”.
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.