وەزارەتی پەروەردە، پێویستە مامۆستایان پێش دەستپێكردنی خوێندن ڤاکسین وەربگرن

زێ بادینان:

بڕیارە ناوەڕاستی مانگی ئەیلوولی داھاتوو پرۆسەی خوێندن لە ھەرێمی کوردستان بەڕێوە بچێت، بریکاری وەزارەتی پەروەردەش ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، خوێندنی ئەمساڵ لەناو پۆل بەڕێوە دەچێت، بەڵام ئەگەر رەوشی تەندروستی لەبار نەبێت، ئەوا ئەنجوومەنی وەزارەت بڕیاری نوێ دەدات.

سەیوان عەلی، بریکاری وەزارەتی پەروەردە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، تا ئێستا بڕیاری وەزارەتی پەروەردە ئەوەیە خوێندن لەناو پۆلدا بکرێت و بە شێوەیەکی ئاسایی دەست بە ساڵی نوێی خوێندن بکرێت، بەڵام ئەگە رەوشی تەندروستی لە ڕووی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا ئاسایی نەبوو، ئەوکات ئەنجوومەنی وەزارەتی پەروەردە کۆدەبێتەوە و بڕیاری گونجاو لەبارەی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن دەدات.

بریکاری وەزارەتی پەروەردە گوتیشی، ھەردوو وەزارەتی پەروەردە و تەندروستی رێککەوتوون هەفتانە یەک رۆژ تایبەت بکرێت بە کوتانی مامۆستایان بە ڤاکسینی دژی کۆرۆنا و پێویستە مامۆستایان پێش ئەوەی دەست بە ساڵی خوێندن بکرێت، ڤاکسین وەربگرن.

سەیوان عەلی روونیشی کردەوە، وەزارەتی پەروەردە ھەموو ھەوڵێک دەدات خوێندنی ئەمساڵ بە شێوەیەکی ئاسایی بەڕێوە بچێت و لە کاتی خۆیدا دەست بە پرۆسەی خوێندنی ساڵی ٢٠٢١-٢٠٢٢ دەکرێت

تۆڕی ئاژانسی هەواڵKDP

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.