تیمی رووداو لەگەڵ هێزێکی حەشدی شەعبی چووە تارمییەی باکووری بەغدا، ئەو شارۆچکە سونە نشینەی 18 ساڵە ئارامیی بەخۆیەوە نەبینیوە؛ جارێک قاعیدە، جارێک داعش و جارێکیش گرووپی چەکداریی جیاوازی دیکە دەیکەنە ناوچەی جەنگ و ململانێی سیاسی و مەزھەبی. تارمییە سیمای لە شارۆچکەیەکەوە گۆڕاوە بە سەربازگە و بە ھێزی جیاواز تەنراوە. سەرۆک ھۆزەکانی تارمییە کۆبوونەوەتەوە و بەدوای چارەسەری دەردیان وێڵن، حەشدی شەعبیش ئامادەن و بەڵێنیان پێدەدەن ھاوکاریان بن بۆ کۆتاییھێنان بە داعش، بەڵام لای سەرۆک ھۆزەکان تاکە چارەسەر پێکھێنانی ھێزێکی سەربازییە لە دانیشتووانی تارمییە، بۆ ئەوەش ناوی 500 کەسیان تۆمارکردووە، بە مستەفا کازمییان داوە و چاوەڕێی جێبەجێکردنی دەکەن تاوەکو ئیدی لە فرە ھێزیش رزگاریان ببێت. شێخ نەسر فەراجی، سەرۆکی ئەنجوومەنی ھۆزەکانی عەبایچی دەڵێت “ئێمە حەشدی عەشایەریمان ھەیە، بەڵام بەبێ مووچەن و وەکو خۆبەخش سەربازن، ھەرچەندە چەند حەشدێکی عەشایەریمان ھەیە مووچەیان پێدەدرێت لەلایەن لیوای 59، چونکە لەگەڵ ئەواندان، ھەروەھا لیوای 22یش مووچەی چەند حەشدێکی عەشیار دەدەن، چونکە تارمییە ئێستا لەژێر دەستی ئەواندایە، بەڵام ئەمە سوودی نییە، بەشی کۆنترۆڵکردنی ناوچەکە ناکات، چارەسەر تەنیا ئەوەیە فەوجێک دروستبکرێت لە خەڵکی قەزای تارمییە”. تارمییە دەکەوێتە نێوان پارێزگاکانی بەغدا، سەلاحەدین، ئەنبار و دیالە، لەگەڵ ھەر چواریان دەروازی ھاتن و چوونی ھەیە، بەھۆی فراوانی و چڕی ناوچەکە گرووپە چەکدارەکان بەردەوام سوودی لێ دەبینن، 10 رۆژە ھێزە ئەمنییەکان و حەشدی شەعبی ئۆپەراسیۆنی دەرکردنی داعشیان لێ دەستپێکردووە و کۆتاییهاتنی داعش بەلای حەشدی شەعبییەوە لە تارمییە نزیکە. ئەبو عەلی کوفی، یاریدەدەری سەرۆکی ئەرکانی حەشدی شەعبی دەڵێت “لە ھەفتەکانی داھاتوودا بابەتی تارمییە کۆتایی دێت، دوای ئەوەی سەرجەمیان دەردەپەڕێنین، لە ھەموو ئەو شوێنانەی دەستیان بەسەردا گرتووە و بەکاریدەهێنن، کە شوێنەکانمان گرتن ئیدی چەکدارەکان دەردەکەون و رێگە خۆش دەبێت بۆ لەنێوبردنیان بە ئاسانتر، بۆ ھێزە ئەمنییەکانیش روونتر دەبێت ئیدی ئەرکیان چی دەبێت، ئۆپەراسیۆنەکان بەردەوام دەبن تاوەکو دەگەینە ئامانجی خۆمان کە گۆڕانی قەزای تارمییەیە بە ناوچەیەکی ئارام و سەقامگیر”. خەڵک لەژێر گوشار و ترسێکی زۆردا رۆژانەیان بەڕێدەکەن، ھەست بەوە دەکەن بابەتی تارمییە بە سیاسی و مەزھەبی کراوە، سەرباری بێ خزمەتی و پشتگوێخستنیان، ئومێدیان تەنیا باشکردنی دۆخی ئەمنییە. ئەحمەد حەمید، دانیشتووی تارمییە ئاماژەی بەوە کرد، “ھیچ شتێکمان ناوێت جگە لە ئارامی و ئاسایش، چونکە ئەمنییەت لاوازە لێرە”. یاس داوود، دانیشتووی تارمییە دەڵێت، “نزا لە خوا دەکەین و داوا لە حکومەت دەکەین، یارمەتیی تارمییە بدەن ھەمووان لەپشت یەک بن بۆ دەربازبوون لەو دۆخە، تاوەکو سەقامگیر بێت”. محەممەد عەبدول لەتیف، دانیشتووی تارمیە داوا دەکات “ئارامی و سەقامگیری بۆ ناوچەکەمان بگەڕێننەوە، بە ھەماھەنگیی خەڵک و ھێزە ئەمنییەکان”. لەوەتەی مستەفا کازمی بووەتە فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکان، دوو جار سەردانی تارمییەی کردووە و بەڵێنی بە خەڵکەکەی داوە دۆخی ئەمنی باش بکات، بەڵام ھێشتا بێ ئەنجامە، ئامادەیی دەیان گرووپی جیاواز لێرە ھۆکاری بەردەوامیی پێشێلکارییە ئەمنییەکانە.
Sign in
Sign in
Recover your password.
A password will be e-mailed to you.
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.