بەڕێوەبەری تەندروستیی گەرمیان دەڵێت، “دۆخی گەرمیان لە رووی تووشبوون بە کۆرۆنا باش نییە و داوای قەدەخەی هاتووچۆی نیمچەییمان کردووە، بەڵام پەسندیان نەکردووە.” سیروان محەممەد، بەڕێوەبەری تەندروستیی گەرمیان ئەمڕۆ چوارشەممە 8-9-2021 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: “تووشبوون و مردن بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەرزە و رۆژانە 16٪ی ئەو کەسانەی پشکنین دەکەن تووشبووی کۆرۆنان و هەندێک رۆژیش رێژەکە بۆ 20٪ و 25٪ بەرزدەبێتەوە؛ ژمارەی داخڵبوونی توشبووش لە نەخۆشخانەکان رۆژانە 60 بۆ 70 کەسە.” سیروان محەممەد دەڵێت: “بەهۆی بڵاوبوونەوەی بەرزی کۆرۆناوە داوامان کرد قەدەخەی هاتووچۆی نیمچەیی لە کاژێر 8ی شەو بۆ 6ی بەیانی رابگەیێندرێت، بەڵام پەسند نەکرا”. شەوی رابردوو تەندروستیی گەرمیان لە راگەیێندراوێکدا کە لە فەیسبووکی بڵاوکرایەوە ئاماژەی بەوەدا، “لە ماوەی کەمتر لە دوو رۆژدا لە سنوروی ئیدارەی گەرمیان، شەش ھاووڵاتی بە نەخۆشیی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە و 180 ھاوڵاتیش تووشی کۆرۆنا بوون، ھەروەها سەرووی 60 نەخۆشیش لە بەشی تایبەت بە نەخۆشانی کۆرۆنا خەوێنراون، ئەوەش پەرەسەندنێکی مەترسیدارە بۆ ناوچەکەمان”. سەبارەت بە وەرگرتنی ڤاکسین لەو ئیدارەیە، بەڕێوەبەری تەندروستیی گەرمیان دەڵێت: “بەداخەوە، خەڵکێکی زۆر سەردانی بنکەکانی وەرگرتنی ڤاکسین ناکەن. 10 بنکەمان بۆ خەڵکی ناوچەکە کردوەتەوە، بەڵام کەمترین خەڵک سەردانیان کردووە. چەندین هەڵمەتی هۆشیارکردنەوەشمان راگەیاندووە بۆئەوەی هانی خەڵک بدرێت ڤاکسین وەربگرن”. بە گوێرەی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی گەرمیان، لە مانگی 8ی ئەمساڵدا 11649 پشکنین لە سنووری گەرمیان کراون،2109 توشبوو تۆمارکراون و 35 تووشبووش گیانیان لەدەستداوە. لە ماوەی 8ی رۆژی رابردوودا 2202 پشكنین لە ئیدارەی گەرمیان کراون،445 کەس توشبوون،13 کەس گیانیان لەدەستداوە.
Sign in
Sign in
Recover your password.
A password will be e-mailed to you.
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.