ئێران بەردەوامە لە تۆپبارانکردنی دەڤەری برادۆست

Rudaw

وێنەکە تۆپبارانی گوندی بێولەی شارۆچکەی سمیلانە لە قەزای چۆمانی پارێزگای هەولێر



بۆ رۆژی سێیەم لە سەریەک، سوپای پاسدارانی ئێران بەردەوامە لە تۆپبارانکردنی دەڤەری برادۆست و بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 11-9-2021 گوندی بەربزینی سیدەکانی تۆپبارانکردەوە.
 محەممەد مەجید، موختاری گوندی بەربزینی سەر بە شارۆچکەی سیدەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: “لە کاژێر 04:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە ئێران ناوە ناوە تۆپبارانی بەرزاییەکانی گوندی بەربزین دەکات و بەهۆشیەوە ترس و دڵەڕاوکێی لای گوندنشینانی سنوورەکە دروستکردووەو مەڕدار و جووتیاران لە گیانی خۆیان دەترسن”. موختاری گوندی بەربزین راشیگەیاند، لە رۆژی پێنجشەممەی رابردووەوە گوندەکەیان بە تۆپە دوورهاوێژەکانی ئێران تۆپباران دەکرێت. رووداو زانیویەتی، سوپای پاسداران لە هەردوو قەزاکانی شنۆ و پیرانشار هێزێکی زۆری هێناوەتە سەر سنوورەکان و لە دۆڵمەیدانی شنۆش تۆپخانەیەکی جێگیر کردووە و لەوێوە تۆپەکانی ئاراستەی خاکی باشووری کوردستان دەکات.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.