چیڕۆکی سەرکەوتنی من

چیڕۆکی سەرکەوتنی من

گەر ئێستا ئەم پارچە نووسینە بخوێننەوە، مانای ئەوەیە من سەرکەوتووم و گەیشتم بەو ئەنجامەی هەوڵم بۆ دەدا. ئێستاش کورتەیەك لە چیڕۆکی چەند ساڵەی خوێندنی خۆم پێشکەشی ئێوەی خوێنەری ئازیز دەکەم، هیوادارم بە دڵتان بێت و سوودی لێ ببینن.
لە ساڵە سەرەتاکانی تەمەن و خوێندنم، بە تایبەتی لەو کاتەوەی چاوم کرایەوە و تێگەیشتنم بۆ ژیان زیاتر بوو بۆم دەرکەوت کە سەرکەوتن لە هەر بوارێکی ژیان دا نرخەکەی ماندوبون و تێکۆشانە. زانیم کە ئەو کەسەی بە ئارەقی نێوچەوانی خۆی گەیشتووە بە پلەی بەرز ڕێزێکی تایبەتی لێ دەگیرێ و لەناو هەموو کەس دا ئەو دیارە. هەر ئەمە بەس بوو بۆ ئەوەی پاڵم بدا بۆ خوێندنێکی چڕ و پڕ لە ماندویی. بەڵام سوپاس بۆ خوا دوای تامی سەرکەوتنم کرد و گەیشتم بەو ئەنجامەی کە چاوەڕێی بووم هەموو ماندووبونێکم بیر چویەوە.
من لە سەرەتای چوونم بۆ قوتابخانە تا ئێستا ئەزمونێکی زۆرم سەبارەت بە شێوازی خوێندن وەرگرتووە، بەڵام ئەمەوێ زیاتر باسی خوێندنی خۆم بە درێژایی قۆناغی پۆلی دوازدە بکەم. بە پێی ئەوەی کە پۆلی دوازدە قۆناغێکی چارەنووس سازە بۆ هەموو خوێندکارێك هەوڵم دا پاش تەواوبوونی پۆلی یازدە یەکسەر دەست بە خوێندنی پۆلی دوازدە بکەم. چونکە بەڕاستی هەرچەندە زوو دەست بە خوێندن بکەی هەر درەنگە. دەستم بە خولی هاوینەی بابەتە گرنگەکان کرد و توانیم پێش دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن هەموو بابەتەکان تەواو بکەم یان نیوە بکەم. چونکە ئەگەرێکی گرنگی بەدەستهێنانی نمرە دوبارەکردنەوەی بابەتەکانە. ئامانجم ئەوە بوو کە هەتا ئەزموونی نیشتمانی ٥ بۆ ٦ جار هەموو بابەتەکان مراجعە بکەمەوە. لە ماوەی خوێندنی قوتابخانە دا ڕۆژانە تەنها وانە و کویزەکانی قوتابخانەم دەخوێند. بەڕاستی نەمویست زۆر خۆم ماندوو بکەم چونکە ڕادەی تەحەمولی هەموو کەسێك سنووردارە و ئەگەر هاتوو قوتابی فشارێکی زۆری خستە سەر خۆی ئەوا لە ئەزموونی ویزاری دا زۆر ماندوو دەبێت و هێزی خوێندنی نامێنێ. دەمەوێ ئاماژە بەوە بدەم کە پۆلی دوازدە هەمووی خوێندن نییە، من خۆم چەندین سەفرە و چالاکی خۆشم لەگەڵ هاوڕێکانی قوتابخانە ئەنجام دا و کۆتا ساڵی خوێندنم کرد بە خۆشترین ساڵی خوێندنم. بەڵام لە ماوەی ڕۆژانی پێداچونەوەی پێش ئەزموون هەموو کاتەکانم تەرخانی خوێندن کرد. بە خۆمم ئەوت ئەم ڕۆژە سەختانە تەنها فیداکارین بۆ ڕۆژە خۆشەکانی داهاتووم. ئەزانم پۆلی ١٢ ترس و سترێسێکی زۆری بۆ هەندێك قوتابی هەیە بەڵام سوپاس بۆ خودا من هیچم نەبوو چونکە لەو ڕاستییە ئاگادار بووم کە هیچ شتێك لەوەی کە خوێندوومە زیاتر نایەتەوە و گەر قوتابی لە خوێندنی خۆی پشتڕاست بێت بەبێ هیچ ترسێك ئەچێتە ئەزموون و ان شاء اللە سەردەکەوێت.
لە کۆتاییدا دەمەوێ بڵێم کە ڕەنج و ماندووبوونی هیچ کەسێك بە زایە ناچێت بۆیە هەمیشە دڵخۆش بە بەو ئەنجامەی دەستت کەوتوە، ئەوەی ماندوو بووە بەرهەمەکەی دەدورێتەوە چ زوو چ درەنگ.
سوپاس کە تا ئێرە خوێنەرم بوون هیوادارم ئەزموونی من ببێتە هۆی سوود و جێگای ئومێد بۆ ئێوەی خۆشەویست.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.