سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان زەنگی ساڵی نوێی خوێندنی لێدا

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان زەنگی ساڵی نوێی خوێندنی لێدا

ئەمڕۆ سێشەممە 14ی ئەیلوولی 2021، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن لە قوتابخانەی شەهید مامۆستا ئیبراهیم سەباح لە شارۆچکەی شەقڵاوە گوتارێکی پێشکەش کرد و دواتر بە یاوەریی کوڕ و کچی شەهید مامۆستا ئیبراهیم سەباح “شەهیدی ئاڵا” زەنگی ساڵی نوێی خوێندنی لێدا.

ئەمەش پوختەیەک لە گوتەکانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان:

  • پیرۆزبایی ساڵێكی نوێی خوێندن له‌ ئێوه‌ی خۆشه‌ویست ده‌كه‌م، زۆر خۆشحاڵم جارێكی دیكه‌ هۆڵه‌كانی خوێندن به‌ رووی قوتابیاندا كراونه‌ته‌وه‌.
  • هاتنی ئێمه‌ بۆ ئه‌م قوتابخانه‌یه‌ وه‌فایه‌ك و رێز و پێزانین بووه‌ بۆ ئه‌و شه‌هیده‌ سه‌ربه‌رزه‌، كه‌ له‌لایەن جه‌نابی سه‌رۆك بارزانییه‌وه‌ وه‌كوو شه‌هیدی ئاڵا پێناسه‌ كرا.
  • سوپاسێكی بێ پایانی مامۆستایانی خۆشه‌ویست دەکه‌م، كه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌و دۆخه‌ ناله‌بارەی ته‌ندروستی و ئابووری، به‌ڵام هه‌موو هه‌وڵێكیان دا بۆ ئه‌وه‌ی پرۆسه‌ی خوێندن به‌رده‌وام بێت.
  • په‌روه‌رده‌ سیمای ئاینده‌ی وڵاته‌كه‌مان ده‌ستنیشان ده‌كات، ئێمه‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌ ده‌ده‌ین بۆ ئه‌وه‌ی قوتابییه‌ خۆشه‌ویسته‌كانی ئێمه‌ به‌ باشترین شێوه‌ په‌روه‌رده‌ بكرێن، بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ له‌ داهاتوودا نه‌وه‌یه‌كی ته‌ندروست و نیشتماندۆست و ژینگه‌دۆستمان هه‌بێت.
  • ئێوه‌ی خۆشه‌ویست ئاینده‌ی‌ گه‌له‌كه‌مانن، ئێوه‌ به‌ په‌روه‌رده‌ و زانستی چاك، به‌ خۆشه‌ویستی بۆ وڵات، به‌ خۆشه‌ویستی بۆ یه‌كتر ده‌توانن وڵاتێكی به‌هێزتر و ئاوه‌دانترمان بۆ بنیاد بنێن، ده‌توانن رووبه‌ڕووی گه‌نده‌ڵی ببنه‌وه‌، ده‌توانن رووبه‌ڕووی هه‌موو ئاسته‌نگێك ببنه‌وه‌ كه‌ دێنه‌ به‌رده‌م وڵاته‌كه‌مان.
  • توانیومانه‌ شتێكی وا بكه‌ین هیچ نه‌بێت ئه‌و قوتابیانه‌ی له‌ خوێندن دابڕوان، زیاتر له‌ 13 هه‌زار قوتابی بگه‌ڕێنینه‌وه‌ بۆ خوێندن، هیوامان وایه‌ هیچ قوتابییه‌ك دانه‌بڕێت هه‌موویان بتوانن فرسه‌تی ئه‌وه‌یان هه‌بێت درێژه‌ به‌ خوێندنی خۆیان بده‌ن.
  • پێویسته‌ هه‌مووتان پابه‌ندی رێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌كان بن، خۆتان بپارێزن، داوا له‌ مامۆستایان ده‌كه‌م ڤاكسین وه‌ربگرن، بۆ پاراستنی خۆیان و پاراستنی منداڵە خۆشه‌ویسته‌كانمان.
  • سوپاسی خۆڕاگری ئێوه‌ ده‌كه‌م، سوپاسی خۆڕاگری مامۆستایان ده‌كه‌م، هیوادارم قوتابیان هه‌موو سه‌ركه‌وتووبن، ساڵێكی خۆشتان له‌ پێش بێت.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.