سلێمانی نەخۆشخانەی دڵی منداڵان دەکرێتەوە
سلێمانی نەخۆشخانەی دڵی منداڵان دەکرێتەوە، پارێزگاری سلێمانی نەخۆشخانەکە لە عێراق بە کەموێنە ناودەبات، وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستانیش لە مەڕاسیمی کردنەوەی نەخۆشخانەکە دەڵێت خزمەتگوزارییەکانی دڵ لە کوردستان زۆر بەرەوپێشچوون و رایدەگەیێنێت، ساڵانە زیاتر لە 25 هەزار قەستەرەی دڵ ئەنجامدەدرێن.
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی رایدەگەیێنێت نەخۆشخانەی دڵی منداڵان لە کوردستان و لە سەرانسەری عێراق کەموێنەیە و خزمەتگوزارییەکی تایبەت پێشکەش بە منداڵان دەکات.
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی دەڵێت لەم ماوەیەدا توانیویانە کۆمەڵێك خزمەتگوزاری نوێی تەندروستی دەستپێبکەن و ئەم خزمەتگوزارییانە وایانکردووە سلێمانی لە کۆنگرەی نێودەوڵەتی تەندروستی گەشتیاری لەنێو 48 وڵات خەڵاتی یەکەم وەربگرێت.
پارێزگاری سلێمانی دەڵێت بە زیادکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان هەوڵدەدەن کەرتی تەندروستی لە سلێمانی لە پێشەنگدابێت و یەکەمی کەرتەکانی تەندروستی لە عێراق و لە هەرێمی کوردستان بهێڵنەوە.
وەزیری تەندروستی: ساڵانە زیاتر لە 25 هەزار قەستەرەی دڵ دەکرێن
وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان لە مەڕاسیمی کردنەوەی سەنتەری دڵی منداڵان گووتی ساڵانە زیاتر لە 25 هەزار قەستەرەی دڵ ئەنجامدەدرێن، خزمەتگوزارییەکانی چارەسەرییەکانی دڵ لە کوردستان بەرەوپێشچوون.
د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی دەڵێت ئێستا لە کوردستان لە هەموو سەنتەرەکانی دڵ چارەسەری نەخۆشییەکانی دڵ بە رێگەی قەستەرە و شەبەکە و باڵۆن ئەنجامدەدرێن، لە زۆربەی سەنتەرەکان، پرۆسەکان لەماوەی کەمتر لە ٦ کاژێر دەکرێن.
د. سامان بەرزنجی روونیدەکاتەوە پێشخستنی سەنتەرەکانی دڵ رۆڵی دەبێت لە کەمکردنەوەی پەککەوتن و مردن بە نەخۆشییەکان و جەڵتەی دڵ.
ملیۆنێك قورچکە ڤاکسین بەسەر هاونیشتمانییان دابەشکراون
لەمیانی گوتارەکەیدا وەزیری تەندروستی داوای لە هاونیشتمانییان کرد پابەندبن بە رێکارە خۆپارێزییەکان و گووتی ئەوانەی تاوەکو ئێستا خۆیان نەکوتاوە ناوی خۆیان بۆ وەرگرتنی ڤاکسین تۆماربکەن.
وەزیری تەندروستی هاوکات گووتیشی تاوەکو ئێستا زیاتر لە ملیۆنێك و 300 هەزار ڤاکسین گەیشتوونەتە کوردستان، نزیکەی ملیۆنێك قورچکە ڤاکسین لە 171 بنکەی کوتان بەسەر هاونیشتمانییان دابەشکراون.
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.