مەرزییە دەنگێكی نەمری گۆرانی كوردی

زێ بادینان،هونەری .

مەرزیە شەهاب عەبدوڵا ناسراو بە مەرزیە رەزازیی، لە ٢٢ی ئایاری ١٩٥٨ لە شاری مەریوانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەدایكبووە، لە ١٨ی ئەیلولی ٢٠٠٥ بەهۆی نەخۆشییەوە لە سوێد كۆچی دوایی كردو لەسەر داوای خۆی تەرمەكەی هێنرایەوە كوردستان و لە سلێمانی بەخاك سپێردرا.

مەرزیە خوێندنی سەرەتایی لە مەریوان دەستپێكردووە و هەر لەتەمەنی ٩ ساڵیەوە حەزی لە گۆرانی و شانۆ بووە، لە بۆنەكانی خوێندنگەكەیدا بەشداری كردووەو لە تیپی شانۆشدا چالاكی نواندووە.

مەرزیە لە سەرەتادا بە گۆرانی فارسی و گۆرانیەیكانی فەتانە وەلیدی دەستی بە تێكۆشان كردووە، بەڵام لەبەر ئەو زوڵم و زۆرییەی كە دەسەڵاتداریی ئێران لەسەر كورد و زمان و ئەدەب و هونەری كوردی هەیبووە، مەرزیە وازی لە گۆرانی فارسی هێناوەو گۆرانی كوردی دەستپێكردووە.

مەرزیە دوای تەواو كردنی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی لە مەریوان، لەبەر ئەوەی ئەو شارە بچووك و دەرەتان بۆ خوێندن كەم بووە، بۆ درێژە دان بەخوێندن چووەتە شاری سنەی ناوەندی پاریزگا، لەوێ چووەتە زانستە ئامادەییەكان و خوێندنی مامۆستایەتی مامۆستایەتی تەواو كردووە، ھەر لەو شارە ساڵی ١٩٧٧ لەگەڵ كۆڕی شانۆیی سنە چەندین جار چووەتە سەر شانۆ و گۆرانی گوتووە. پاش تەواوكردنی ئەو دەورەیە لە سنە، گەڕاوەتەوە بۆ مەریوان و لە گوندێكی نزیك ئەو شارە بووە بە مامۆستا.

مەرزیە پاش دوو ساڵ وانەگوتنەوە گوازراوەتەوە بۆ سنە و لەوێ، لەو شارە لە خوێندنگەی سەرەتایی دامەزراوە و دەستی بە وانە گوتنەوە كردووەتەوە.

ساڵی ١٩٧٨ لەگەڵ ناسری ڕەزازی ژیانی ھاوسەری پێكدەهێنێت و لەبەر بەسەرداھاتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لەگەڵ ناسڕ شانبەشان لە خۆنیشاندان و ڕێپێوان و خەبات دژی شا خەباتی كردووە و كەوتووەتە ژێر چاوەدێری. لەگەڵ ناسر خەباتی خۆی بۆ ڕزگاریی كوردستان ھەر درێژە پێ داوە، بەڵام ئەمجارەیان گیراوە و بۆ ماوەیێكی كورت كەوتووەتە بەندیخانە و كاری مامۆستایەتییەكەی لێ سێندراوەتەوە.

ساڵی ١٩٨٠ كە كۆماری ئیسلامی شارەكانی كوردستانی خستەوە ژێر كۆنترۆڵی خۆی، مەرزیەش لەبەر ڕاوەدوونان و گرتن نەیتوانی لە شاردا بمێنێتەوە و چووە بۆ لای ناسر لە شاخ و ئەویش بوو بە پێشمەرگە، مەرزیە لەگەڵ ناسر و دوو منداڵیان دڵنیا و ماردین شانبەشان لە چیا، لە شۆڕشی كوردستاندا لەناو كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران خەباتیان كردووە.

ناسر و مەرزیە بە خەباتی ھونەریی خۆیان لە چیا، لە ناو كۆڕی بانگەوازدا كۆمەڵێك گۆرانی و سرودی نیشتیمانی شۆڕشگێڕییان بڵاو كردووەتەوە كە بوونەتە وێردی سەر زاری پێشمەرگە و خەڵك و ڕادیۆكانی شۆڕشی كوردستان.

سەرچاوە/ئاژانسی ژنها

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.