مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی راگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پەیامێکی تووند دەداتە پەکەکە بەهۆی ئەوەی وەک خۆی دەڵێت سەرئێشەی بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان دروستکردووە و رێگە نادات خەڵک بگەڕێنەوە گوندەکانیان و رایدەگەیێنێت: “لێتان قبووڵ ناکەین”. مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی راگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، گوتارێکی پێشکێش کرد و لە بەشێکی گوتارەکەیدا رایگەیاند: ” زاخۆ ناوچەیەکی گەشتیارییە، بەڵام بەداخەوە لە ماوەی رابردوو بوونی پەکەکە بووەتە سەرئێشە و زۆربەی گوندەکان چۆڵبوون و رێگە نادرێت هاونیشتمانیانمان بگەڕێنەوە گوندەکانیان”. سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان داوایکرد: “سەروەریی خاکی ئێمە بپارێزن، قەدری زەحمەت و ماندووبوونی خەڵکی ئێمە بگرن و رێز لە قوربانیدان و خوێنی شەهیدانمان بگرن”. مەسرور بارزانی هۆشداریی دایە پەکەکە و گوتی: “ئەم وڵاتە بە خوێن رزگارکراوە و سەختییەکی زۆری بینیوە. نابێت هیچ کەسێک ئەو مافە بداتەخۆی دەستدرێژی بکاتەسەر ئەو خاکە و بارقورسی بۆ خەڵکی ئێمە دروستبکات. بەهیچ شێوەیەک ئێمە لێی قبووڵ ناکەین. داوایان لێدەکەین بگەڕێنەوە و ئەو سەر ئێشەیە بەس بکەن، خەڵکی ئێمە بگەڕێنەوە سەر خاک و ئاوی خۆیان تاوەکو ئێمەیش وەکو حکومەت بتوانین خزمەتگوزاریی بگەیێنینە ئەو گوندانەی تاوەکو ئێستا ئاوەدان نەکراونەتەوە”. سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد کە “ئەو ناوچانە زۆر خۆشن و دەتوانن ببنە شوێنی سەرنجڕاکێش نەک تەنیا بۆ خەڵکی دەڤەری زاخۆ و دهۆک بەڵکو بۆ هەموو کوردستان. هیوادارین ئەو دۆخە بگەڕێتەوە دۆخێکی ئارام و سەقامگیریی جارێکی دیکە لەو دەڤەرە ببینینەوە و ئەوەی لەدەستی ئێمە بێتە دەیکەین بۆ ئەوەی ئەو خەڵکە بە ئارامی بژین و بگەڕێنەوە سەر ماڵ و زەوی و گوندی خۆیان”.
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.