پەكەكە رێگە نادات بەرپرس و كادیرانی پارتی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بچنە شنگال

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ، شەممە 2/10/2021، لقی 17ی پارتی دیموکراتی کوردستان ویستی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بچێتە نێو قەزای شنگال، بەڵام لەلایەن پەکەکە و چەند لایەنی دیکەوە ڕیگریی لێ کرا و تا ئێستا نەچوونەتە نێو شنگال.

ئاشتى كۆچه‌ر، به‌رپرسی لقی 17ی پارتى دیموكراتى كوردستان لە شنگال، بۆ (باسنیوز)ی ئاشکرا کرد: ” ئەمڕۆ، شەممە 2/10/2021، ویستمان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بچین بۆ دەڤەری شەرەفەدین لە قەزای شنگال، بەڵام لەلایەن پەکەکە و چەند لایەنی دیکەوە ڕێگریمان لێ کرا و تا ئێستا نەچووینەتە شوێنی مەبەستەکەمان”.

به‌رپرسی لقی 17ی پارتى لە شنگال جەختیشی كردەوە: ”لە مەفرەقی (گۆهبه‌ل)، پەکەکە ڕێگریی لە ئێمە کرد و نەمانتوانی بچینە دەڤەری شەرەفەدین، بۆیە سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقمان لە بابەتەکە ئاگادار كردۆتەوە و ئێستا چاوەڕێی وەڵامی بەغدا دەکەین، تاکوو ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێت”.

جەختیشی کردەوە: ”ئێمە وەکوو پارتی نامانەوێت ئاڵۆزی پەیدا بێت، هەر بۆیە بە شێوەیەکی هێمنانە چووینەتە سنووری قەزای شنگال و کاندیدەکانی ئێمە مافی خۆیانە لەو دەڤەرە بانگەشە بکەن، بەڵام تا ئەم دەقەیە ڕێ بە ئێمە نەدراوە بچینە شوێنی مەبەستی خۆمان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن لە شنگال”.

لە دوای هێرشی داعش بۆ سەر شنگال لە ساڵی ٢٠١٤ەوە، پەكەكە بارودۆخی خراپی ناوچەكەی قۆستەوە و دەستی بەسەر هەندێك ناوچەی دەڤەری شنگالدا گرت. هەرچەندە ناوەندی شنگال لە لایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە لە داعش پاككرایەوە، بەڵام دوای خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەر، پەكەكە دەستی لەگەڵ میلیشیاكانی حەشدی شەعبی تێكەڵ كرد و تا ئێستا بە ناڕەوا دەستی بەسەر شنگالدا گرتووە.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.