تیشکێک لەسەر ووتارەکەی ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی لە شاری سلێمانی

زێ بادینان،سەرمەد لەتیف:

ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی لەڕۆژی ٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١، لە بانگەشەی حیزبەکەیدا لە شاری سلێمانی ووتارێکی خوێندەوە و ئاماژەی بە چەند خاڵێکی مێژوویی نێوان بنەماڵەی مەلیک مەحمودی حەفید و بنەماڵەی بارزان کرد. بە کورتی باسەکەی لەم چوار خاڵەدا کۆدەبێتەوە:
١. تێكەڵاويی بنەماڵەی بارزان لەگەڵ سلێمانی و ئەم ناوچەیە، دەگەڕێتەوە بۆ مێژوویەكی كۆنتر لە دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان. مێژووی خەبات و ئەرشیفی وێنەكانی بنەماڵەی بارزان و بنەماڵەی شێخ مەحموودی حەفید و بنەماڵەكانی پێنجوێن و هەڵەبجە و پشدەر و بيتوێن و گەرمیان، شایەتی ئەو پەیوەندییەن.
٢. هەموومان دەزانین پەیوەنديی بنەماڵەی بارزان لەگەڵ شۆڕشی شێخ مەحموودی نەمر چۆن بووە. هەموومان دەزانین لە چلەكاندا خەڵكی سلێمانی چەند ئازایانە هاوكاريی بارزانيی نەمر و بارزانییەكانییان كرد ئەوانەی كە دوور خرابوونەوە و لە سلێمانی دەژیان، لەم شارە دەژیان. هەر لە سلێمانى، شێخی نەمر و كەسایەتییەكانی شار، هاوكاريی بارزانیيان كرد بۆ گەڕانەوە بۆ بارزان و هەڵگیرساندنەوەی شۆڕش لە ناوچەی بارزان، ئەوە لە سلێمانی دەستی پێكردووە.
٣. لە سەرەتای دروستكردنی دەوڵەتی عێراقدا، شەڕ هەمیشە لەگەڵ دوو ناوچە بووە، لەگەڵ سلێمانی و بارزان بووه‌، چونكە هەردوو ناوچە پێكەوە پێشەنگ بوون لە شۆڕشدا، پێشەنگ بوون لە شۆڕشی ڕزگاریخوازی كوردستاندا.
٤. بارزانيی نەمر، زۆر بایەخی بەم ناوچەیە داوە، لەبەرئەوەش لە سەرەتای دامەزراندنی پارتیيه‌وه‌، ڕاسپاردەیەكی سەرەكيی بارزانيی نەمر ئەوە بوو كه‌ شێخ لەتیفی نەمر، هاوكار و جێگری بێت لە سەرۆكایەتيی پارتیدا.

لێرەدا بە پێویستی ئەزانم تیشکێک بخەمە سەر ووتارەکەی ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی. بنەماڵەی شێخ مەحمودی نەمر و بنەماڵەی بارزان ڕۆڵی سەرەکییان گێڕاوە لە شۆڕشە یەک لەدوای یەکەکانی نەتەوەی کورد بۆ بەرگریکردن لە شوناسی میللەتەکەمان. دروستبوونی پەیوەندی لەنێوان شێخ مەحمودی نەمر و شێخ ئەحمەدی بارزان و مەلا مستەفای بارزان لوتکە پڕۆژەی نیشتیمانی و نەتەوەیی بوو. زەروورەتێک بوو بۆ یەکخستنی هێزی کورد لەو سەردەمەدا.

ئەگەر چاوێک بە مێژوودا بخشێنینەوە، دەیان نموونەی بەرزی کوردانە دەبینین لە پەیوەندی نێوان بنەماڵەی شێخی نەمر و بنەماڵەی بارزان. کاتێک شێخی نەمر لەساڵی ١٩١٩ دژی دەسەڵاتدارێتیی ئینگلیز ڕاپەڕی و دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانی ڕاگەیاند لەپێناو دەستەبەرکردنی مافی لەدەستچووی گەلی کوردستان لە دەوڵەتە تازە دامەزراوەکاندا. لەو کاتەدا شێخ ئەحمەدی بارزان بە نامەیەک سەرۆک هۆزەکانی ئاگادار کردەوە کە یارمەتی شێخ مەحمودی نەمر بدەن و بۆ خۆیشی هێزێکی چەکداری بە سەرۆکایەتی مستەفا بارزانی بۆ هاوکاری شێخی نەمر ڕەوانەی دەڤەری سلێمانی کرد. مستەفا بارزانی بە دوو هێڵی باڵەک و دۆڵی بیاو دا بەڕێ کەوت بۆ یارمەتی شێخی نەمر و لەشکرەکەی. ئەوەبوو هەردوو هێز دوای دەربازبوونیان لە چەندان کەمین، خۆیان گەیاندە دەوروبەری سلێمانی. بەڵام هەوڵەکانیان بێ ئاکام بوون چونکە ئینگلیزەکان بە هێرشی هەوایی و زەمینی دەوڵەتی ڕاگەیەندراوی شێخ مەحمودیان تێکشکاند و خودی شێخی نەمریش بە برینداری دەستگیرکرا و دوورخرایەوە بۆ دوورگەی ئەندامان لە هندستان. بەڵام دواتر لەژێر گوشاری خەڵکی بەشەرەفی کوردستاندا ئینگلیز ناچارکرا شێخی نەمر بگەڕێننەوە کوردستان لە ساڵی ١٩٢٢.

هەروەها کاتێک مستەفا بارزانی و بارزانییەکان لە سلێمانی دەستبەسەربوون لەکۆتایی ساڵانی سییەکان و سەرەتای ساڵانی چلەکانی سەدەی ڕابردوو، شێخ لەتیفی حەفید و حەپسەخانی نەقیب هاوکاری و پاڵپشتییان بە نهێنی و ئاشکرا دەکردن. تا ئەوساتەی بە پلانێکی تۆکمەی شێخ مەحمودی نەمر و شێخ لەتیف، بارزانی نەمر بە سەلامەتی لەسلێمانییەوە ڕەوانەی بارزان کرایەوە و شۆڕش جارێکی تر هەڵگیرسایەوە.

دوای گەڕاندنەوەی بارزانیش لەیەکێتی سۆڤیەت، سەرلەنوێ شێخ لەتیفی حەفید پشتیوانی خۆی بۆ بارزانی دوپات کردەوە. ئەگەر چی بەهۆی کەرتبوونی سەرانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی لەباشوری کوردستان، زۆر هەوڵی ئەوە درا کە شێخ لەتیف بکرێت بە شمشێری لەتکردنی بزووتنەوەکە، بەڵام شێخ نەچووە ژێر ئەو هەوڵانەوە و ئەوەی پێی کرا کردی بۆ ئەوەی شۆڕشەکە لەژێر فەرمانی بارزانیدا بەردەوام بێت و یەکڕیزی کورد پارێزراو بێت. بەڵام لەدوای کۆچی دوایی شێخ لەتیفی حەفید، نەتوانرا ئەو پەیوەندییە بەهەمان شێواز بەردەوام بێت.

بەپێی ئەو دۆکیومێنتانەی لەسەر باشوری کوردستان کە دکتۆر کەمال مەزهەر و دکتۆر عوسمان عەلی و دکتۆر نەجات عەبدوڵا لە ئینگلیزی و فەڕەنسییەوە وەریان گێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، ئاماژە بەوە دەکەن کە بەریتانیا نیازی نەبووە قەوارەیەکی سیاسی بۆ کورد دابمەزرێنێت و مافی سەربەخۆیی بدات بە کورد. بگرە هەر لە سەرەتاوە پلانیان داناوە کە ویلایەتی مووسڵ بلکێنن بە عێراقی عەرەبییەوە. هەربۆیە دژی هەموو یەکڕیزییەکی کورد دەوەستانەوە و سیخوڕی خۆیان دەخستە ناو هێزە کوردییەکانەوە. ڕوون و ئاشکراشە کە داینەمۆی شۆڕش لە باشوری کوردستان لەلایەن بنەماڵەی شێخی نەمر و بنەماڵەی بارزان داگیرسابوو. هەربۆیە ئینگلیزەکان لەو سەردەمەدا لەم پەیوەندییە دەترسان و بەردەوام لەپیلان گێڕیدا بوون بۆ تێکدان و هەڵوەشاندنەوەی!

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.