بەرژەوەندییەکانی ئێران لە دوای هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق
نەوزاد محمد
لە داوی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و دیار بوونی ئەنجامەکانی بەو شێوەیەی کە لە لایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان راگەیێندران، کە ڕەوتی سەدر وەکو براوەی یەکەم لەسەر ئاستی عیراق و پارتی دیموکراتی کوردستان وەکو براوەی یەکەم لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، معادلاتی ئێران سەراوژێر کران و بەرژەوەندییەکانی لە عیراق و ناوچەکە کەوتنە مەترسیەوە.
بۆیە هەر زوو فەرماندەی سوپاس پاسداران ئاغای قائانی، خۆی گەیاندە بەغدا بۆ ئەوەی هەوڵ بدات هەر چۆنێک بێت کۆنتڕۆلی دۆخەکە بکات و باڵانسی هێز ڕابکرێت لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئێران.
بەڵام بەو شێوەیەش ئاسان نابێت، لەبەر ئەوەی ئەم هەردوو لایەنە، کە ڕەوتی سەدر و پارتی دیموکراتی کوردستانن، هیچ کات نەچونەتە ژێر رەکیفی هیچ هێز و لایەنێک، بە تایبەتی ئێران، ئەگەر جار جار ڕەوتی سەدریش مجاملە و سازشی کردبێت، بەڵام پارتی هیچ کات ئەوەی نەکردووە و لە ئایندەش نایکات و پارتی پابەندە بە ڕێڕەوەی کوردایەتی و نەتەوایەتی خۆی کە پێی ناسراوە و مێژووی خەباتی پارتی شاهیدی بۆ دەدات.
بۆیە ئەم ئەنجامە بۆ ئێران زۆر قورسە و پێی هەزم ناکرێت، بە تایبەت کە چ لەسەر ئاستی عیراق یان هەرێمی کوردستان کلکەکانی ئێران شکستی گەورەیان هێنا و ناتوانن چیتر کاریگەری و قورسایی دروست بکەن و ببنە بەشێکی کاریگەر لە هێزی سیاسی ئێران.
ئەوەی زیاتر ئێران ناراحەت دەکات، بەو ئەنجامە دەرفەت دەروخسێت بۆ زیاتر گەشە کردنی بنەماکانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ و ئازادییەکان، تا دەگاتە ئاستی کە ئەمریکا و رۆژئاوا زیاتر بتوانن ڕۆڵ بگێرن لە عیراقی نوێ، لە لایەکی تریش لەوانەیە ئێران پشتیوانی دوو هێزی سەرەکی لە دەست بدات کە لە روسیا و چین پێکهاتوون، ئەمەش خۆی لە خۆیدا بزمارێکی ترە لە تابوتی ئێران دەدرێت.
لە لایەکی تریش سەقامگیری سیاسی و ناوخۆیی لە عیراق کاریگەری دەخاتە سەر نرخی پترۆل و دراوی عیراقی لە بۆرسەکانی جیهان، کە ئەمەش قورساییەکی تر دەخاتە سەر ئابوری ئێران و زیانێکی گەورەی بەر دەکەوێت.
رۆژانی داهاتوو و شێوازی رێکەوتنی لایەنە سیاسیەکان بۆ پێک هێنانی کابینەی نوێی حکومەتی داهاتووی عیراق، زیاتر ئاراستەکان دیاری دەکەن و نەخشە رێگای قۆناغێکی تر لە عیراق دیاری دەکەن.
ئەوەی ئێمە پێشبینی بۆ دەکەین، بەهێز بوونی دەستهەڵات و سەربەخۆبونی زیاتری عیراقە، لە رووی سیاسی و یاسایی و پەیوەندییەکانیەنی نێودەوڵەتی و زیاتر کرانەوەی عیراقە بە رووی جیهاندا، بێ گومان لایەنە کوردستانیەکان و بە تایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕۆڵی سەرەکی یان تێدا دەبێت کە لە بەرژەوەندی تەواوی گەلی عیراق و ئایندەی عیراق دا دەبێت و، پێش لەوەش کار بۆ پاراستنی سەروەری و پێگەی سیاسی و نێودەوڵەتی هەرێمی کوردستان دەکرێت.
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.