ئەمڕۆ پرسی دابینكردنی نەوتی سپی بۆ ماڵان لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان تاوتوێ دەكرێ

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی ئەنجام دەدات.

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠٢١/١٠/١٣ زایینی، کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەت و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکوومەت ئەنجام دەدات.

لە کۆبوونەوەکەدا ئەم بابەتانە دەخرێنە بەر باس و گفتوگۆ:

یەکەم: پەیامی ئەنجوومەنی وەزیران بە بۆنەی کۆتاییهاتنی پڕۆسەی دەنگدان بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و سوپاسی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم بۆ بەشداریکردنیان لە پڕۆسەکە و سوپاسی پێشمەرگە و هێزەکانی ناوخۆ لە دابینکردنی کەشێکی ئارام بۆ دەنگدان و پەیامی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی لە پێناوی بەهێزکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان لە بەغدا دوور لە ململانێی ناوخۆیی بە ئاڕاستەی داکۆکی لە مافە دەستوورییەکان.

دووەم: خستنەڕووی ڕاپۆرتی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان تایبەت بە جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران بۆ دابینکردنی نەوتی سپی و بەنزین بە هەماهەنگی وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدڕال.

سێیەم: خستنەڕووی ڕاپۆرتی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون سەبارەت بە بەرەوپێشچوون و ئاستەنگەکانی بەردەم جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە چاکسازی و ڕێکخستنەوەی بواری باج لە هەرێمی کوردستان کە تیایدا چەند ڕاسپاردەیەک بۆ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان خراونەتەڕوو.

چوارەم: خستنەڕووی پێشنیازی ڕاسپاردنی هەریەک لە بەڕێزان (وەزیری داد، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران) بۆ بەدواداچوونی ئەو داوا یاساییانەی کە لە دادگای باڵای فیدراڵی پەیوەندیدارن بە هەرێمی کوردستان و ئاگادارکردنەوەی ئەنجومەنی وەزیران لە بەرەوپێشچوون و ئاستەنگەکانی بەردەم ئەم داوایانە.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.