ئەنجومەنی باڵای فەتوا بڕیاری لەسەر فرۆشتنی کاڵاکانی ئەمازۆن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دا

یەکێتی زانایانی کوردستان لەبارەی شەرعی بوون یان نەبوونی فرۆشتنی کەلوپەلی ئەمازۆن لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان فەتوای دا و دەڵێت، ئەگەر کەلوپەلەکان زانراو بن و ئاشکرا بن لەبەرچاوی فرۆشیار ئەوە دروستە، بەپێچەوانەشەوە دروست نییە و حەرامە.

عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، وتەبێژی یەکێتی زانایانی کوردستان رایگەیاند، ئەنجومەنی باڵای فەتوا بڕیاری داوە ئەگەر کەلوپەلەکان زانراوبن و ئاشکرا بن لەبەرچاوی فرۆشیار ئەوە دروستە، بەڵام ئەگەر بازرگانان یان کەسانێک ئەم کارتۆنە کەلوپەلە بە ناڕوونی بفرۆشن بێ ئەوەی بزانرێت چی تێدایە و نرخی کەرەستەکان چەندە، بەبێ کردنەوەی کارتۆنەکە بفرۆشرێت، ئەوە دروست نییە و حەرامە.

عەبدوڵڵا شێرکاوەیی دەشڵێت، ئەگەر کڕیار و فرۆشیار لەسەر ئەوە رەزامەندیش بن کارتۆنەکە نەکرێتەوە و مامەڵەی پێوە بکەن، دروست نییە لەبەر ئەوەی دەبێت مامەڵەکردن لەڕووی شەرعەوە دیار و روون بێت و کەلوپەلەکە لەبەرچاو بێت، پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) قەدەغەی کردووە مامەڵەی نادیار بکرێت.

ئەم فەتوایەش دوای پرسیاری زۆری بازرگانان و هاووڵاتیان لە ئەنجومەنەکە دێت کە سەبارەت بە دروستی و ناردروستی مامەڵەکە لە چوارچێوەی شەریعەتی ئیسلام بەگومان بوون.

Leave A Reply