دوای دانانی بەردی بناغەی دروستکردنی باڵەخانەی یەکەم ناوەندی شیاندنەوەی ئالوودەبووانی ماددە هۆشبەرەکان لە هەولێر لەلایەن سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و هەر لەژێر چاودێریی بەڕێزیان و بە ئامادەبوونی نوێنەری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، وەزیرەكانی پەروەردە و تەندروستی و ژمارەیەك لە كەسایەتییە ئایینی و حكوومی و ناحكوومییەكان و كونسووڵی وڵاتان لە هەولێر، دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەڵمەتی نیشتمانیی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان ڕاگەیاند و بۆ ماوەی یەك ساڵ بەردەوام دەبێت.
لە 26ی تشرینی دووەمی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردی بناغەی دروستکردنی باڵەخانەی یەکەم ناوەندی شیاندنەوەی ئالوودەبووانی ماددە هۆشبەرەکانی لە هەولێر دانا. هەر لەژێر چاودێریی بەڕێزیان، دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە كۆڕبەندێكدا كە ڕۆژی پێنج شەممە ڕێكەوتی 29\5\2025 لە هۆتێل دیڤان لە هەولێر بە دروشمی “بە یەکەوە بەرەو کۆمەڵگەیەکی بەهێز و ساخڵەم”، بەڕێوەچوو، هەڵمەتی نیشتمانیی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانی ڕاگەیاند.
سەرەتا ڤیدیۆیەك سەبارەت بە كاریگەری و مەترسییەكانی مادە هۆشبەرەكان و شێوازەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی نمایش كرا، كە بە وتارێكی سەرۆك مەسعود بارزانی دەستی پێكرد، كە تیشك دەخاتە سەر ئەوەی: “شەڕی ئێستا زۆر مەترسیدارترە. شەڕی بڵاوکردنەوەی ماددەی هۆشبەرە لە ناو کۆمەڵگەی ئێمە. ئەو شەڕەمان لەگەڵ دەکەن، شەڕی نەهێشتنی بیروباوەڕە. شەڕی نەهێشتنی ئەوەیە کە تاکی کورد، ئیتر بڕوای بە خۆی نەبێت، ئومێدی نەبێت، بۆیە ئەم شەڕە زۆر سەختتر و مەترسیدارترە”. جەختیش لەوە دەكەنەوە: “ئەوەی بازرگانی پێ دەکات، ئەمە تاوانبارە، ئەوانەی دیکە قوربانین. دەبێت ئەم بابەتە زۆر بە جددی وەربگیرێت و زۆر بە توندییش موکافەحەی ئەم دیاردەیە مەترسیدارە بکرێت”.
دوای وتەكانی جەنابی سەرۆك بارزانی، كۆمەڵێك داتا و ئاماژەی مەترسیدار لەو ڤیدیۆیە خرانەڕوو. ئەوەش ئاشكرا كرا، كە بەپێی ئامارەكانی ساڵی 2022 ژمارەی ئالوودەبووان بە ماددە هۆشبەرەكان لە سەرتاسەری جیهان لە 275 ملیۆن كەس نزیك بووەتەوە. هەر لەو ڤیدیۆیە، لێدوانێكی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كاتی ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی سەنتەری هۆشیاری و شیاندنەوەی ئالوودەبووانی ماددە هۆشبەرەکان لە شاری هەولێر؛ خرايە ڕوو كە باسی ئەوە دەكات، بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان پرسێکی زۆر گرنگە بە لای حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، بۆیە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی زۆر بەرفراوان و هەمەلایەنانە کار لەسەر قەڵاچۆکردن و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم کێشەیە دەکات کە هەڕەشەیەکی مەترسیدارە بۆ سەر کۆمەڵگەکەمان و زیانی هەمەلایەنەی تەندروستی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و ئەمنی و لە هەموو بوارەکانی ژیانمان دەدات.”
موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە وتارەكەیدا وێڕای بەخێرهاتنی ئامادەبووان،(هەڵمەتی ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان) كە بە چاودێریی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێت، بە “ڕۆژێکی مێژوویی لە تێکۆشانی مرۆیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی” ناو برد. ئەوەشی خستەڕوو كە “بە پشتیوانیی وەزارەت و دەستە و ناوەندە پەیوەندیدارەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و ڕێکخراوە پیشەییەکان، هاووڵاتییان و سەرمایەدارانی کوردستان و دەرەوە، نموونەیەکی جوان و بناغەیەکی پتەو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر دادەڕێژن”.
ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە نوێنەرایەتیی سەرۆکی حكومەتی هەرێمی كوردستان، وتارێكی پێشكەش كرد و لە بەشێكیدا گوتی: “دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەستپێشخەر بووە، لە زۆر بواردا و ئەمەش یەكێ لە بوارە هەرە گرنگ و هەستیارەكانە كە دەستیان بۆ بردووە، كە پشتڕاستین لەوەی سەركەوتوو دەبن، لە گەیاندنی پەیامی مرۆڤایەتی و هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگە لە مەترسییەكانی ئەم دیاردە كوشەندەیە”. گوتیشی: “ماددەی هۆشبەر یەکێکە لە کێشە هەرە ترسناکەکان کە بەرۆکی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی گرتووە. کێشەیەکە لە هەموو جیهاندا، ڕیشەیەکی مێژوویی هەیە و هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی هەموو وڵاتان. ماددە هۆشبەرەکان لە هەرێمی کوردستان، تەحەددایەکی جددین و کاریگەرییەکەیان کەمتر نییە لە تیرۆر، شەڕی ئەمڕۆمان هەر لەگەڵ هەر تیرۆر و تیرۆریستان نییە؛ بەڵکوو هاوکات جەنگێکی تریش هەیە کە بەرەنگاربوونەوەی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکانە.”
ڕێبەر ئەحمەد، ئەوەشی خستەڕوو كە لەم ساڵانەی دواییدا لە سەرتاسەری جیهاندا، ڕێژەی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان بە شێوەیەکی ترسناک زیادی کردووە، بەتایبەتی لەنێو گەنجان و نەوجەوانان. هەروەها بازاڕی ئەم ماددانە بووەتە هۆی گەشەسەندنی دارایی بۆ دەستە تاوانکارییەکان، ئەمەش گرفتەکەی چەند بەرانبەر کردووە.”
وەزیری ناوخۆ ئاماژەی بەوەش دا “بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی (UNODC) نزیکەی 275 ملیۆن کەس لە ساڵی 2022، لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی جیهاندا ماددە هۆشبەرەکانیان بەکار هێناوە. ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیش ئاشكرای كردووە، ساڵانە نزیکەی 500 هەزار کەس بەهۆی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەرەوە گیان لە دەست دەدەن و بە دەیان هەزار کەسی تریش تووشێ نەخۆشی و گیروگرفتی دەروونی و جەستەیی دەبن.” گوتیشی: “بەداخەوە بە هۆی ڕەوشی ناوچەکە و ناسەقامگیریی سیاسی، ئابووری و سەربازی، عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستانیش لەم دەردە کوشندەیە بەدەر نەبوونە. بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافیی هەرێمی کوردستان کــە کەوتووەتە ناوەڕاستی وڵاتانی بەرهەمهێنان و دروستکردنی ماددە هۆشبەرەکان، ڕێگەکانی گواستنەوە بۆ وڵاتە جۆراوجۆرەکان؛ بۆیە، هەرێمی کوردستانیش بەرکەوتەی ڕاستەوخۆی ماددە هۆشبەرەکانە.”
وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە درێژەی ئاخافتنەكەیدا، دووپاتی كردەوە كە “حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پلانێکی ستراتیژی و بەرنامەی تۆکمە، کاری جددی لەسەر نەهێشتن و وشكکردنی سەرچاوەکانی ماددە هۆشبەرەکانی کردووە. وەزارەتە تایبەتەکان و ئەنجومەنی ئاسایش، هەماهەنگی و کاری باشیان ئەنجام داوە، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم مەترسییە، بەڵام هێشتاش پێویستی بە کاری زیاترە. لەم ڕووەشەوە، هەماهەنگیی باش و ئۆپەراسیۆنی هاوبەش، لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵدا هەیە. ئەمە سەرەڕای ئەوەی لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش پەیوەندی، هەماهەنگی و ئۆپەراسیۆنی هاوبەشمان هەیە.”
د.ڕەوشت ڕەشید، سەرپەرشتی هەڵمەتی نیشتمانیی ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، لە وۆركشۆپێكدا بە شێوەیەكی زانستی و ئەكادیمی باسی داتا و ئامارەكانی مەترسیداری ئالوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکانی كرد و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو دیارەدە مەترسیدارەشی بە ئەركی سەرشانی هەموو ڕێكخراوەكانی حكوومی و ناحكوومی و كەسایەتی ئایینی و میدیاكاران هەژمار كرد. هەروەها جەختی لەوە كردەوە لە كۆتایی ساڵی یەكەمی ئەو هەڵمەتە كە بۆی هەیە درێژ بكرێتەوە، لە زانكۆیەكی متمانەپێكراو كۆنفڕاسێكی تایبەتی بۆ ساز دەكرێت.
دواتر لە پانێلەكاندا كە كارزان نووری ئەندامی دەستەی كارگێڕیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بەڕێوەی برد، د. ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردە، ئاماژەی بەوە كرد، قوتابخانە وەکوو دامەزراوەیەکی فەرمیی کۆمەڵایەتیی ڕۆڵی گرنگی هەیە، لە پەروەردەکردن، ئەوەی لە قوتابخانەشدا گرنگی هەیە، ڕۆڵی مامۆستا و ستافی کارگیڕی و پڕۆگرامەکانی خوێندنە، کە چۆن ئەمانە ئاوێتە بکرێن و پێکەوە کاریگەریی دروست بکەن. جەختی لەوەش كردەوە كە “پەروەردەی ئیسلامیی و ئایینەکانی دیکەش بە گوێرەی تایبەتمەندیی قوتابخانەکانی خۆیان، ڕۆڵیان هەیە لە هۆشیارکردنەوە”. هەر لەو بارەیەوە گوتی: “ئێمە لە پەروەردەی ئیسلامی لە پۆلی 9 و 10 باسی زیانەکانی ماددەی هۆشبەرمان کردووە. هەروەها لە کتێبی عەرەبی پۆلی هەشت ئاماژەمان بەو بابەتە کردووە، کەواتە پرۆسەی هۆشیارکردنەوە لەو کتێبانەی باسمان کرد” خراوەتە بەردەستی قوتابیان، کە دەمانەوێت هەم لە ڕەهەندی ئایینییەوە، هەم لە ڕووی زانستییەوە ئەم پەیامە بگەیەنین.
وەزیری پەروەردە گوتیشی: “ئێمە ڕێبەرێکمان بۆ مامۆستایان ئامادە کردووە، کە لە ساڵی 2022ـەوە، بە بەردەوامی لە سێ ڕۆژی دەستپێکی خوێندن لە قوتابخانەکان باسی پێنج تەوەر دەکەن، کە هەمووی لەسەر ماددەی هۆشبەرە، کە لە ماوەی ئەو سێ ڕۆژە باسی زیانەکانی ماددەی هۆشبەر دەکرێت. هەروەها باسی کاریگەرییەکانی لەڕووی ئایینی و کۆمەڵایەتیی و دەروونی و جەستەیی دەکرێت.
د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پانێلەكەیدا باسی ئەوەی كرد، لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ یەکەمین جار یاسای ژمارە یەکی ساڵی 2020 بە 10 بڕگەی جیاواز چۆنییەتی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان دەرچوو، ڕەنگە لە بارودۆخی ئێستادا هەندێک لە بڕگەکان پێویستیان بە هەموارکردنەوە بێت.” گوتیشی: “ڕێنمایی ئاسایی جێبەجێکردنی ئەم یاساییە دەرچوو بە ژمارە 10 لە ساڵی 2023، هەروەها پەیڕەوی ستراتیژیەتی نیشتمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان لە هەرێمی کوردستان دانراوە.
وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، خۆشحاڵی خۆی لەوە دەربڕی كە دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئەو هەڵمەتەی ڕاگەیاندووە و هەر لەو بارەیەوە گوتی: “دەزگای خێرخوازیی بارزانی هاوبەشێكی سەرەكییە و لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان لە دوو تەوەری گرنگی ئەم ستراتیژییەدا بەشدارە و خاوەنی هەڵمەتێكی گرینگ و ستراتیژییە كە ئەمڕۆ ئەم هەڵمەتە ڕادەگەیەندرێت. كە بەشێكی گەورەی یاساكە جێبەجێ دەكات، كە بەرنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانە. هەروەها لە تەوەری شیاندنەوەش بەڕێز سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 26ی تشرینی دووەمی 2024، بەردی بناغەی گرینگترین پڕۆژەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دانا، كە دروستکردنی باڵەخانەی یەکەم ناوەندی شیاندنەوەی ئاڵوودەبووانی ماددە هۆشبەرەکانە لە هەولێر”.
د. بەشیر خەلیل حەداد سەرۆكی بۆردی وتاربێژان، لە پانێلەكەیدا، ئاماژەی بەوە كرد، كە لە ئایینی ئیسلام و ئایینەكانی دیكەش، هاتووە خوای گەورە ڕێزی زۆری لە مرۆڤ گرتووە. هاوكات هەڵمەتی نیشتمانیی ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانی بە “هەڵمەت، شەڕ، شۆڕشێكی پیرۆز” ناوبرد. گوتیشی: “خوا و پێغەمبەر و ئایینەكان زۆریان پێخۆشە ئەم شەڕە بكرێت”.
وەك نوێنەری وەزراەتی ئەوقافیش ئاماژەی بەوە كرد كە “زیاتر لە 3500 مزگەوت لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان وتاری هەینی تێدا دەخوێندرێت. كە زیاتر لە یەك ملیۆن و 500 هەزار كەس گوێ لە وتاری مامۆستایان دەگرن”، هەر بۆیە گرنگیی وتاری ئایینی بەرز نرخاند و جەختی لەوەش كردەوە كە وتاربێژی مامۆستایانی ئایینی پێویستی بە هەمواركردنەوە هەیە. نەك هەمواری ئایین، بەڵكو هەمواری شێوازی وتاربێژی پێویستی بە هەمواركردنەوە هەیە. ئەوەشی خستەڕوو كە بە هەماهەنگی لەگەڵ یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی، وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی زیاتر لە 50 خولی بۆ مامۆستایان كردووەتەوە. پێشنیاریشی كرد، وانەی ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە هەموو قۆناغەكانی خوێندن بخوێندرێت.
د. جووتیار عادل سەرۆكی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، لە پانێلەكەیدا سەرەتا دەستپێشخەریی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و هەڵمەتی نیشتمانیی ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانی بەرز نرخاند و هاوكات ئاماژەی بەوە كرد، “حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2023 لێژنەیەكی باڵای بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانی پێكهێنا بە سەرپەرشتیی وەزیری تەندروستی، كە لێژەیەكی فەرعی لێ دروست بوو، بە ناوی لێژنەی هوشیاركردنەوە. پێشنیاریشی كرد، داتاكان بە خاوی بڵاو نەكرێنەوە و بە وردی و بابەتییانە كاریان لەسەر بكرێت، بۆ ئەوەی ئاریشە و ئالنگارییەكان چارەسەر بكرێت.
سەرۆكی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، لە درێژەی ئاخافتنەكەیدا، جەختی لەوە كردەوە كە دەزگاكانی ڕاگەیاندن و سۆشیاڵ میدیا، دەتوانن لە هوشیاركردنەوەی كۆمەڵگە ڕۆڵی بەرچاو ببینن. باسی ئەوەشی كرد كە هەندێ لە كاناڵەكانی ڕاگەیاندن، لە گەیاندنی پەیامەكانی هوشیاركردنەوەی هاوكار و هەماهەنگ نین.
د. دیندار زێباری ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان، لە پانێلەكەیدا ئەوەی ئاشكرا كرد، كە “لە 1\1\2024 تا 31\12\2024 ژمارەی ئەوانەی كە بە هۆی ماددەی هۆشبەر سزادراون 1568 كەسن، كە ژمارەی بازرگانانی سزادراو بەراورد بە پێنج ساڵی ڕابردوو چوار بەرانبەر بووە. لە سەر ئاستی ئاسایشی سلێمانی 1019 كەس لە ساڵی 2024 سزا دراون.
وەك ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان باسی كرد، “كۆی گشتیی ماددەی هۆشبەر كە لە ساڵی 2024 دەستی بەسەردا گیراوە، نزیكەی 466 هەزار كیلۆگرام بووە، كە یەك تۆنی ماددەی كریستاڵ بووە. ئەوەشی خستەڕوو كە لە شەش ناوەندی چاكسازی شەش سەنتەری تەندروستی و شیاندنەوە كراونەتەوە، نزیكەی 500 كەسیش شیاندنەوەیان بۆ كراوە. گوتیشی: “لە ئاسایشی گشتی تاقیگەیەكی كیمیایی هەیە كە ئێستا چالاكە و بە پشتگیریی جەنابی وەزیری ناوخۆ ئەم پرۆسەیە سەركەوتوو بووە”.
ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان، ئەوەشی خستەڕوو كە ژمارەی لێكۆلەران لە كەیسەكانی ماددەی هۆشبەر زیاد بووە، لە وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی هەوڵێكی جددی دراوە، كە بازرگانان و قوربانیانی ماددەی هۆشبەر لە یەكتر جیا بكرێنەوە. گوتیشی: “پێویستە پەروەردەی خۆپارێزی بخرێتە ناو مەنهەجەكانی پەروەردە، بۆ ئەوەش لەگەڵ وەزیری پەروەردە باسمان كردووە و تا ئاستێك جێبەجێ كراوە”.
هەڵمەتی نیشتمانیی ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، بە دروشمی “بە یەکەوە بەرەو کۆمەڵگەیەکی بەهێز و ساخڵەم”، هەڵمەتێكی بەرفراوان دەبێت، هەوڵەكانیش بەو ئاراستەیەن، بە هەموو شێوەیەك ڕووبەڕووی ئەو دیاردە كوشەندەیە ببینەوە، كە بە هەڕەشەیەكی گەورەی كۆمەڵایەتی دادەنرێت.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 26ی تشرینی دووەمی 2024، بەردی بناغەی دروستکردنی باڵەخانەی یەکەم ناوەندی شیاندنەوەی ئاڵوودەبووانی ماددە هۆشبەرەکانی لە هەولێر دانا. ئەم سەنتەرە؛ بۆ جاری یەکەم لە هەرێمی کوردستان لەسەر ڕووبەری 13000 مەتر دووجا، لە شەقامی 120 مەتریی شاری هەولێر بنیاد دەنرێت و زەوییەکەی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دابین کراوە.
بڕیار وایە کارەکانی باڵەخانەی پڕۆژەکە لە ماوەی 18 مانگدا تەواو بکرێن، ستافی سەنتەرەکە دەستنیشان كراون و لە لایەن پسپۆڕانی نێودەوڵەتییەوە ڕاهێنانی پێویستییان پێ دەکرێت. لە هەمان کاتدا، پرۆسەی هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە پەیوەست بە مەترسییەکانی ئالوودەبوون بە ماددەی هۆشبەر کە بەشێکە لە ئەرکەکانی سەنتەرەکە، بە هەماهەنگیی لەگەڵ پسپۆڕانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لە ڕێکخراوی LDS دەستی بە کارەکانی كردووە.
سیستەمی چارەسەریی سەنتەرەکە، بە پشتبەستن بە پرەنسیپە پزیشکی و چارەسەرییە زانستییە جیهانییەکان دەبێت کە بریتییە لە هۆشیارکردنەوە، پاککردنەوە، بەدواداچوون و گەڕاندنەوەی کەسانی ئالوودەبوو بۆ نێو ژیانی ئاسایی کۆمەڵگە.
ئالوودەبووانی ماددەكانی هۆشبەر(چ ئارەزوومەندانە و چ بەناچاری)، كە دێنە سەنتەری هۆشیاری و شیاندنەوەی ئالوودەبووانی ماددە هۆشبەرەکان لە هەولێر، لەو سەنتەرە داڵدە دەدرێن و شیاندنەوەی تەواویان بۆ دەكرێت. لە ماوەی مانەوەشیان لەو سەنتەرە، خولی پیشەیی جۆراوجۆریان بۆ دەكرێتەوە، بۆ ئەوەی هەم ئەزموونێك وەربگرن، هەم لە ڕووی تەندروستی و دەرووندروستی لە دۆخێكی باش و هێدی و ئارامدا بن و بە ئاسانی بتوانن لە داهاتوو تێكەڵی كۆمەڵگە ببنەوە.
سەنتەری هۆشیاری و شیاندنەوەی ئالوودەبووانی ماددە هۆشبەرەکان لە هەولێر، پلان و ئامانجی زانستی و هەمەلایەنی هەیە.
پلانی پڕۆژەكە:
پلانی ڕۆژانە، هەفتانە، مانگانە و ساڵانە لەخۆ دەگرێت، بە جۆرێك كە کۆمەڵگە بەگشتی و گەنجان و لاوان بەتایبەتی لێی سوودمەند دەبن.
ئامانجی پڕۆژەكە:
بەرزکردنەوەی هۆشیاریی کۆمەڵگەیە لەبارەی زیان و مەترسییەكانی ماددەی هۆشبەر و هاندانى بەکارهێنەر و ئالوودەبووانە بۆ داواکردنی یارمەتی و وازهێنان لە ماددە هۆشبەرەکان، لەو بوارەشدا بە پێی پلانی ڕۆژانە بەشێك لەم چالاكییانە ئەنجام دەدات:
دروستكردنی پەیوەندی و هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ: مامۆستایانی قوتابخانەکان، مامۆستایانی زانکۆ و پەیمانگەکان، مامۆستایانی ئایینی(سەرجەم ئایینەکان بەگشتی)، ڕۆژنامەنووسان و کەسایەتییە کاریگەرەکانی ناو سۆشیاڵ میدیا، هونەرمەندان، وەرزشوانان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی.
- ئەنجامدانی خولی ڕاهێنان بۆ مامۆستایانی قوتابخانەکان، پەیمانگە و زانكۆكان لە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردە، دواتر هەمان ئەو مامۆستایانەی کە ڕاهێنانیان پێکراوە، مانگانە وانەی 15 خولەکی بۆ قوتابییانی بنەڕەتی و ئامادەیی و زانكۆ پێشکەش دەکەن و دواتر ژمارەی وانەکان و ژمارەی قوتابیانی سوودمەند لە ڕاپۆرتی مانگانە دەکرێن.
- ئەو بڕۆشور و پۆستەرانەی کە دروست دەکرێن، لە قوتابخانە و زانکۆ و پەیمانگاکان بڵاو دەکرێنەوە.
- ئەنجامدانی وۆرکشۆپ و ڕاهێنان بۆ مامۆستایانی ئايينى و هەماهەنگی و ڕێککەوتن لەگەڵ وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، بۆ ئەوەی لە وتارە ئایینییەکان، خەڵک هۆشیار بکەنەوە لەبارەی زیانەکانی ماددەكانی هۆشبەر و ڕێگەپێنەدانی لەڕووی شەرعییەوە.
- میدیا و سۆشیاڵ میدیاکان، ڕۆڵێکی بەرچاویان هەیە بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە سەبارەت بە ماددە هۆشبەرەکان و لە ڕێگای دروستکردنی پۆستەر و برۆشور، دروستكردن و بڵاوكردنەوەى ڤیدیۆی کاریگەری هۆشیاركردنەوە هەماهەنگییان لەگەڵ دەكرێت، ئەوەش ڕۆڵی بەرچاوی لە هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگە سەبارەت بە مەترسی و زیانەكانی ماددەی هۆشبەر دەبێت.
- بڵاوکردنەوەی گشت بابەتەکان لە میدیا و پلاتفۆڕمەکانی سۆشیاڵ ميديا، قوتابخانە و پەیمانگە و زانکۆكان، هەروەها لە پارک و مارکێت و شوێنە گشتییەکان، هەروەها بەكارهێنانی ڕێکلامەکانی سەرشەقام و شاشەکانی ڕێكلام.
– دروستکردنی کورتە ڤیدیۆ بۆ چین و توێژ و کەسایەتییە جۆراوجۆرەکان(سياسى، نووسەر، هونەرمەند، ئەکتەر، وەرزشوان و کەسایەتییە کاریگەرەکان) كە پەیامی خۆیان لەبارەی ئالوودەبوون بگەیەنن.
– ئەنجامدانی کۆڕ و سیمینار لە ڕێگەی کەسانی پسپۆڕ و ڕێکخراوە ناحكوومى و حكوومی و حزبییەکان لە بارەگاکانی حزب و ڕێکخراوەکانی قوتابيان و لاوان و ئافرەتان و چین و توێژە جۆراوجۆرەکان و هەروەها ئەنجامدانی وۆرکشۆپ و سیمینار بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان، وەک کارمەندانی ئاسایش، هێزەکانی وەزارەتی ناوخۆ، پارێزەر و لێکۆڵەرەوەکان و… هتد.
– چالاکیی سەرشەقام(ميوزيك و كردنەوەی پێشانگە و هەڵمەتی ڕاگەیاندن و… هتد).
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.