پەرلەمانی ئەڵمانیای فیدڕاڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی خەڵات دەكات

 

شاندێكی باڵای نێودەوڵەتی كە پێكهاتبوون لە بەڕێزان ((سەردار يوكسل، ئەندامى پەرلەمانى ئەڵمانیای فیدڕاڵ لە لایەن حزبى حکومەتدار (SPD)و ئەندامى لێژنەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە پەرلەمان و کلاوس ئینگل، سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کۆمپانیای وزەی (Evonik) و ئەندامى ئەنجومەنی وەبەرهێنان و بەخشەران لە ئەڵمانیا و هێندریک گروس، بەرپرسی دامەزراوەی ڕاگەیاندنی Schwäbische Medien  و بەرپرسی ڕێکخراوی (Helfen bringt Freude) و شێرزاد توماس، بەڕێوەبەری گشتیی دامەزراوەی (Caritas – Essen)لە عێراق و دینز کارتال، وێنەگر و ڕۆژنامەنووس))، ڕۆژی پێنج شەممە ڕێكەوتی٢/١٠/٢٠٢٥ سەردانی سەرۆكایەتیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە هەولێریان كرد و لە ڕێوڕەسمێكی تایبەتدا بەڕێز سەردار يوكسل بە فەرمی خەڵاتی ڕێزلێنانی پەرلەمان و سوپاسنامەی ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی پەرلەمانی ئەڵمانیای فیدڕاڵی بە بەڕێز موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی پێشكەش كرد.

سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە دەستپێكی ڕێوڕەسمەكەدا وێڕای بەخێرهاتنی شاندی میوان و كارمەندانی دەزگا، ئاماژەی بەوە كرد، ئەو شاندەی ئەڵمانیا ماوەی دە ساڵە وەك چیایەك پاڵپشتی پڕۆژەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بوون و خزمەتێكی زۆریشیان بە هاوبەشیی دەزگا بە ئاوارە و پەنابەران و منداڵانی بێسەرپەرشت و خاوەن پێداویستییانی تایبەت و منداڵانی ئۆتیزم كردووە. ئەوەشی خستەڕوو كە لە نەورۆزی داهاتوو ١٢ پەرلەمانتاری ئەڵمانیا سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەن.

سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئەو خەڵاتەی وەك شانازییەك بۆ دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەژمار كرد.

دواتر بەڕێز سەردار يوكسل، وتارێكی پێشكەش كرد و خوشحاڵی خۆی بۆ دیداری كارمەندانی دەزگا دەربڕی و ئاماژەی بەوە كرد كە سەردانی یەكەمی بۆ هەرێمی كوردستان بە پلان بووە و دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە “برا و هاوبەشی باوەڕپێكراو” ناو برد و گوتی : “نموونەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی  لە هەموو جیهان كەمە”. هاوكات سوپاسێكی تایبەتی سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی كرد و شاندی یاوەری كرد و گوتی: “ئێوەش هەزاران كلیۆمەترتان بڕی و هاتن بۆ لای ئێمە و میللەتی كوردیش حەقی خۆیەتی شانازی بەوە بكات، كە دەزگایەكی وەك دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەیە. ئێمەش هەوڵ دەدەین ناوی ئەم دەزگایە لە ئەڵمانیا بە فەرمی تۆمار بكەین”.

بەڕێز سەردار يوكسل لە كۆتایی ئاخافتنەكەیدا، ئاماژەی بەوە كرد كە  سەرۆكی پەرلەمانی ئەڵمانیای فیدڕاڵ ڕایسپاردووە سڵاوی تایبەتیان بە سەرۆك و كارمەندانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی  بگەیەنێت.

 

 

ئا: سالار بابەشێخ

Leave A Reply