(هەڵەبجە پێناسەی ناوێیت)
لانە محەد، سلێمانیی:
کیمیابارانی هەڵەبجە یان کیمیایی بارانی هەڵەبجە (بە ئینگلیزی: Halabja massacre، بە عەرەبی: الهجوم الكيمائي على حلبجة، بە کرمانجی: Kîmyabarana Helebce).
هێرشێکی کیمیایی دژی خەڵکی سڤیلی شاری هەڵەبجە بوو لە کۆتا ڕۆژەکانی جەنگی ئێران و عێراق لە ڕێکەوتی ١٩٨٨/٣/١٦.
هێرشەکەی عێراق وەک وەڵامێک بۆ هێرشی (وەلفەجری ١٠)ی سوپای ئێران بوو کە توانییان شاری هەڵەبجە بە هاوکاری پێشمەرگە کوردەکان داگیر بکەن.
هێرشەکە لە گازی خەردەل و کۆمەڵێک گازی تری تێکدەری مێشک و دەمار پێکهاتبوو کە بوونە هۆی برینداربوونی دەیان هەزار کەس و کاریگەری پاشماوەی چەکەکانیش بۆ دەیان ساڵ لەسەر شارەکە بەردەوام بوو.
هێرشەکە بووە هۆی شەهیدبوونی زیاتر لە ٥,٠٠٠ کەس و برینداربوونی ١٠,٠٠٠ کەسی تر و ئاوارەبوونی تەواوی خەڵکی شارەکە بۆ دەرەوەی ناوچەی نیشتەجێبوونیان.
بەرپرسی هێرشەکە عەلی حەسەن مەجید، سەرداری یەکەمی سوپای عێراق و حیزبی بەعس بوو کە لەو ساتەدا بەرپرسی هێرشەکانی شاڵاوی ئەنفال بوو. دواتر بەهۆی کارەکانییەوە لە ساڵی ٢٠١٠ لەسێدارە درا.
پاشخان
بە هۆی ستراتیجیەتی شوێنی جوگرافی شارەکە، کە هاوسنووری ئێرانە و ڕێگایەکی بازرگانییە و مێژووی دوور و درێژی بەرهەڵستی کردنی دانیشتوانەکەی لە دژی زۆرداری ڕژێمی بەعس، گەواهی خۆڕاگری و لە خۆبوردەیی دانیشتوانەکەی بووە.
ئەم هۆکارانە وای لە ڕژێـمی بەعس کرد، چاوی زیاتر بخاتە سەر دانیشتوانی ئەم ناوچەیە، هەڵەبجە بە لایەنگری نەیارانی ڕژێم ئەژماردەکرا، لە سەرەتای ساڵی ١٩٨٨، کە هێزی پێشمەرگە توانیان شارەکە و دەوروبەری لەدەست ڕژێم دەربێنن، بۆ ڕژێم بووە بەهانە بۆ درێژەپێدانی سیاسەتی پاکتاوی ڕەگەزی کورد، هێرشێکی بەربڵاوی کردە سەر ناوچەکە، وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر هێرشی پێشمەرگەی کوردستان، لەم شاڵاوەدا زۆر لە شار و شارۆچکەکانی کوردستانی وێران کرد، یەکێک لەم شارانە هەڵەبجە بوو، شایانی باسە شاڵاوی کیمیاباران بۆ سەر هەڵەبجە، بەشێک نەبوو لە زنجیرە شاڵاوەکانی (ئەنفال) بۆ لە ناوبردنی کورد و ڕووداوێکی تایبەت بوو.
ڕۆژی ١٤ـی ئازار سوپای ئێران دەستی کرد بە ئۆپەراسیۆنێک بۆ داگیرکردنی ناوچەکانی هەڵەبجە، خورماڵ، بیارە، تەوێڵە بە پانتایی ١,٢٠٠ کیلۆمەتر دووجا. دوای داگیرکارییەکە سوپای عێراق هێرشێکی زۆری هێنا بۆ دەوروبەری شاری هەڵەبجە و بە ناپاڵم بۆردمانی کرد، بەڵام سوودی نەبوو و هێزێکی زۆری لەدەستدا.
دواتر دەستی کرد بە بۆمبارانی شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی و هێرشەکان بوونە هۆی زیانێکی زۆری ماددی و زۆرێک لە شووشە و پەنجەرەکانی شکاند، کە شارەزایانی سەربازی ئەم هێرشە بۆ کرانەوەی دەرچەی زیاتری بڵاوبوونەوەی گازەکە دەزانن.
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.