ویستی شێخی نەمر بۆ سەربەخۆیی کوردستان لەزاری دکتۆر جۆن فیشەرەوە

ئامادەکردنی: سەرمەد لەتیف

دکتۆر جۆن فیشەر (مامۆستای زانکۆ لە زانکۆی ڕۆژئاوای بەریتانیا لە شاری بریستڵ) توێژینەوەیەکی لە ئینسایکلۆپیدیای دیپلۆماسی لەساڵی ٢٠١٨ بەناونیشانی (کێشەی ویلایەتی موسڵ) بڵاو کردۆتەوە. لە توێژینەوەکەدا باسی مێژووی دروستبوونی پەیمانی سایکس پیکۆ و ڕێکنەکەوتنی فەرەنسا و بەریتانیا دەکات لەسەر ویلایەتی موسڵ (کە کوردستانی باشوری ئەمڕۆ دەکات). لە سەرەتادا ویلایەتی موسڵ درا بە فەرەنسا، بەڵام دواتر بەریتانییەکان پەشیمان بونەوە لەو بڕیارە و بەمافی خۆیان دەزانی کە کوردستان و فەڵەستین بەشی خۆیان بێت و لەبەرامبەریشدا سوریا بدەن بە فەڕەنسا. دوو هۆکاری سەرەکی وای لە بەریتانییەکان کرد پاشگەز ببنەوە لەو ڕێککەوتنە. هۆکاری یەکەم ئەوەبوو کە بەریتانییەکان لە زۆربەی جەنگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خۆیان جەنگابوون، بۆیە بەمافی خۆیان دەزانی زۆربەی پشکەکان بەرخۆیان بکەوێت. دووەم هۆکاریش گرنگی خاکی کوردستان بوو لە ڕووی سەرچاوەی نەوتییەوە. ئەم دوو هۆکارە وای لە بڕیاردەرە سیاسیەکانی بەریتانیا کرد پاشگەز ببنەوە لە پەیمانی سایکس پیکۆ.

لە دیسەمبەری ساڵی ١٩١٨، مانگێک پاش داگیرکردنی موسڵ لەلایەن بەریتانییەکانەوە، دەیڤد لۆید جۆرج (سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتەی بەریتانیا) لەگەڵ جۆرج کلامینسۆ (سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتەی فەڕەنسا) کۆبونەوە و بڕیاریان دا ویلایەتی موسڵ و فەڵەستین بدرێتەوە بە بەریتانیا. پاشان دواتر لە ئابی ساڵی ١٩٢٠ پەیمانی سیڤەر بەسترا بەجۆرێک خاکی میزۆپۆتامیا (عێراق) و فەڵەستین بۆ بەریتانیا بێت و خاکی سوریاش بۆ فەڕەنسا.

ئەم دابەشکردنە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە لەپلان و ستراتیژی بەریتانیا و هاوپەیمانەکانی نەبووە مافی سەربەخۆیی بدرێت بە میللەتی کورد، بەڵکو هەمیشە خاکی کوردستانیان دابەشکردووە لەپێناو بەدیهێنانی بەرژەوەندییە ئابووری و سیاسییەکانی خۆیاندا.

لەم توێژینەوەیەدا، دکتۆر جۆن فیشەر باس لە ڕۆڵی مەلیک مەحود دەکات و دەڵێت: شێخ مەحمود ئەو سەرکردەیەی کورد بوو کە بەردەوام ویست و خواستی بۆ سەربەخۆی کوردستان هەبوو، هەربۆیە دواجار بەڕێکەوتن لەگەڵ بەریتانیا ئیدارەیەکی سەربەخۆی لە سلێمانی دامەزراند، بەڵام زۆری نەبرد کێشە کەوتە نێوان شێخ مەحمود و بەریتانیا و ئەمەش بووە هۆکاری کۆتایی هاتنی ئیدارەی سەربەخۆی کوردستان بە سەرۆکایەتی شێخ مەحمود. بۆیە شێخ مەحمود دەستگیرکرا و دوورخرایەوە بۆ هندستان، بەڵام جارێکی تر لە پایزی ساڵی ١٩٢٢ بەریتانیا گەڕاندییەوە بۆ کوردستان و دیسانەوە کابینەیەکی نوێی سەربەخۆی حکومڕانی پێکهێنایەوە.

ئەمەش ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێت کە دروستبونی حکومەتی کوردی لە ناوچەی سلێمانی و دەوروبەریدا ویستێکی خۆڕسکی شێخی نەمر بووە و دواتر بەهۆی بەهێزی کەسایەتی و کاریگەرییەوە، ویستەکەی بۆتە دی فاکتۆ و بەریتانیای ناچار کردووە مامەڵەی لەگەڵدا بکات، هەرچەندە ئەم ناچارکردنە نەبووە هۆی درێژەپێدانی حکومەتەکەی شێخی نەمر بەهۆی خیانەتی نێوخۆیی هەندێک لە هۆزە کوردییەکانی ناوچەکە.

سەرچاوەکان:

  1. JOHN FISHER (2018), Mosul Dispute. The encyclopedia of Diplomacy, 1-4.
  2. Beck, P. J. (1981) “‘A Tedious and Perilous Controversy’: Britain and the Settlement of the Mosul Dispute, 1918–1926.” Middle Eastern Studies 17 (2): 256–76.
  3. Cosar, N., and S. Demirci (2006) “The Mosul Question and the Turkish Republic: Before and After the Frontier Treaty, 1926.” Middle Eastern Studies 42 (1): 123–32.
  4. Makko, A. (2010) “Arbitrator in a World of Wars: The League of Nations and the Mosul Dispute, 1924–1925.” Diplomacy & Statecraft 21 (4): 631–49.
  5. Rogers, J. (2007) “The Foreign Policy of Small States: Sweden and the Mosul Crisis, 1924–1925.” Contemporary European History 16 (3): 349–69.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.