▪ خواردنی خۆراکی تەندروست و راهێنانی رۆژانە هۆکاری سەرەکیی باشترکردنی خەون

پسپۆڕێکی خۆراک لە ئەمریکا چوار خۆراک بۆ خەوێکی تەندروست پێشنیازدەکات و دەڵێت: سەرجەمیان رێژەیەکی زۆر لە هۆرمۆنی میلاتۆنین دەردەدەن کە بە هۆرمۆنی خەو ناسراوە.

د.کێڵسی کونیک، پسپۆڕی خۆراک لە ئەمریکا دەڵێت، خۆراکەکانی وەکو ‘گوێز، شۆفان، فستق و ماسی سەلەموون’ یارمەتیدەرن بۆ خەوێکی تەندروست و خۆش.

1- گوێز
د. کێلسی کونیک دەڵێت: ”گوێز دەوڵەمەندە بە مادەی میلاتۆنین، مەگنسیۆم و ئۆمێگا-3 کە هاندەرن بۆ باشترکردنی خەو”، هەروەها ئاشکراشی دەکات، گوێز 11% مەگنسیۆمی تێدایە و دەتوانێت کاریگەریی لەسەر خەو دروستبکات.

توێژینەوەیەکی ناوەندی پزشکیی کۆڵۆمبیا لە ئەمریکا پشتڕاستی دەکاتەوە، وەرگرتنی مەگنسیۆمی نێو خۆراک کاریگەریی راستەوخۆ لەسەر شێوازی خەو دەبێت، بەجۆرێک خەوێکی قووڵ دەبەخشێت و رێژەی دەردانی هۆرمۆنی میلاتۆنین زیاددەکات.

2- شۆفان
پسپۆڕەکەی خۆراک لەبارەی شۆفانەوە گوتی، شۆفان دەوڵەمەندە بە مادەی تریپتۆفان، بەهۆیەوە کاریگەریی لەسەر خەوتن دەبێت و خەو باشتردەکات، هەروەها دەڵێت، کەمکردنەوەی کۆلیستڕۆڵ و شەکری خوێن، هەروەها پاراستنی تەندروستیی دڵ لە سوودەکانی شۆفانن.

د. کێلسی روونی دەکاتەوە، مادەی تریپتۆفانی نێو شۆفان هانی جەستە دەدات بۆ بەرهەمهێنانی میلاتۆنینی زیاتر.

3- فستق
لەبارەی فستقەوە، پسپۆڕەکەی خۆراک رایدەگەیێنێت، سەرەڕای دەوڵەمەندی خۆراکەکە بە ڤیتامین و چەورییە سوودبەخشەکان، دەتوانێت کاریگەریی ئەرێنیی لەسەر خەویش دروستبکات، بەجۆرێک ئەو چەوری و پڕۆتینەی لە فستقدا هەیە کاریگەریی لەسەر بەرزبوونەوەی ئاستی شەکری نێو خوێن ناکات، تەنانەت ئەگەر بە شەوانیش بخورێت.

ناوەندی خۆراک و دەرمان لە ئەمریکا دەریدەخات، بڕی 5 تاوەکو 10 فستق نزیکەی 20% کاریگەریی لەسەر خەوتن هەیە و خەوێکی ئاسوودە دەبەخشێت، هەروەها پسپۆڕەکەی خۆراک ئاماژە بە هاندانی هەردوو هۆرمۆنی سیرۆتۆنین و میلاتۆنین دەکات کە لەکاتی خواردنی فستقدا دەردەدرێن.

4- ماسی سەلەموون
بە گوتەی پسپۆڕەکەی خۆراک، ماسی سەلەموون رێژەیەکی زۆر لە چەوریی ئۆمێگا-3 ی تێدایە کە یارمەتیدەرە لە کەمکردنەوەی پەستانی خوێن، هەوکردن و تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ.

هەروەها راشیدەگەیێنێت، سەلەموون یەکێکە لەو خۆراکە بەهێزانەی کە دەکرێت کوالێتی خەو باشبکات، بەجۆرێک ئەگەر هەفتانە دوو بۆ سێ جار بخورێت.

د.کێڵسی کونیک پێشنیازدەکات، لە ژەمی ئێواراندا بایەخ بە خواردنی ماسی بدرێت بەتایبەت بۆ منداڵان، چونکە توانای هەڵمژینی مادە خۆراکییەکانی ماسی لە ئێواراندا باشترە.

پسپۆڕەکە رێنوێنیی هاووڵاتییان دەکات، دووربن لە خۆراکە خێرا و چەورەکان، هەروەها رۆژانە چالاکیی جەستەییان هەبێت.

بە گوێرەی دامەزراوەی خەو لە ئەمریکا، 28%ـی هاووڵاتییانی ئەمریکا کێشەی خەوتنیان هەیە، هەروەها دامەزراوەکە رایدەگەیێنێت، خواردنی خۆراکی تەندروست و راهێنانی رۆژانە هۆکاری سەرەکیی باشترکردنی خەون.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.