▪ پیرۆز بێ ڕۆژی جیهانی مامۆستایان.

مەعروف مەجید

هەمیشە مامۆستایان ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە لە هۆشیارکردنەوە و پێگەیاندنی نەوەیەکی تەندرووستی ژینگەدۆست.

بۆیە پێویستە لەم ڕۆژەدا ئەوە بڵێین، پەروەردەی ژینگەیی بوارێکی فراوان و فرەڕەهەندی هەیە، بۆیە دەبێت مامۆستا ئامادەبێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بارودۆخە جیاواز و گۆڕاوەکاندا، هەروەها دەبێت پلانی کارەکانی دابنێت و پلاندانانەکەی نەرم و نیان بکات بۆ ئەوەی لەگەڵ قوتابییەکاندا بگونجێت.
ئەگەر پرسی پیسبوونی ژینگە وەک مەترسییەکی سەردەم وەربگرین، ئەرکی مامۆستا سەبارەت بەم بابەتە دەتوانرێت بەم شێوەیە کورت بکرێتەوە:

  • باسکردنی گرفتە ژینگەییەکان بۆ خوێندکاران و هاندانیان بۆ چارەسەرکردنی گرفتە ژینگەییەکان.
  • ئامادەکردنی خوێندکاران بۆ گروپی کاری خۆبەخشی ژینگەیی بە پێی حەز و ویستی خۆیان.
  • ئاشنا کردنیان بە بابەتە پەروەردەییە ژینگەیەکان بە تایبەتی گۆڤار و ڕۆژنامە و پەرتووکی ژینگەیی هەروەها، گرنگی دان بە کورتە ڤیدیۆی ژینگەیی.
  • ئامادەکردنی بڵاوکراوە و پۆستەر و بەشداری پێکردنیان تایبەت بێ بە پرسی ژینگەیی.

_ پێدان نمرە بەو قوتابیانەی کە ڕۆڵی بەرچاویان هەیە لە پاراستنی ژینگە

_ لەبەر ئەوەی هەمیشە مامۆستا پێشەنگ بووە لای قوتابیان، هەڵمەتی نەمامچاندن و هەڵمەتی پاککردنەوەو چەندین کاری تر پێویستە مامۆستا یەکەم جار خۆی ئەنجامی بدات.

  • ئامادەکردنی قوتابیان بۆ بانگهێشتکردنیان لە ڕۆژی هەڵکردنی ئاڵا و بۆنەتایبەتەکان لە گۆڕەپان و باسکردنی بابەتی ژینگەیی پێیان.
  • گرنگیدانی تایبەت بە ڕاهێنانی خوێندکاران لەسەر بیرکردنەوەی زانستی دروست لە چارەسەرکردنی ئەو کێشە ژینگەییانەی کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.
  • گرنگیدان بە قوتابیان لە وانەی هونەر، کە هانیان بدەن جارێکی تر پاشماوەکان بەکاربهێننەوە لە کاری هونەریدا، دواتر لە بۆنە تایبەتەکان وەکو پێشانگای ژینگەیی نمایش بکرێن.

زۆر بابەتی تر هەیە کە ئاماژەیان پێبکەین، تەنها ئەوەی پێویستە بیڵێین، مامۆستا دەتوانێ ڕۆڵی پەروەردەکارێکی باش و گرنگ ببینێ هەمیشە مامۆستا دەتوانێ کۆمەڵگە بەرە و ئەو ئاڕاستەیە ببات کە خۆی دەیەوێ، بۆیە بابەتی ژینگەش مامۆستا دەتوانێ ڕۆڵی بەرچاو ببینێ تێیدا، هەر ئەوەشیان لێ چاوەڕوان دەکرێ.

سەرۆکی ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.