▪ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گڕیگرتوە !

عادل باخەوان

  1. دەستپێکەردنەوەی جەنگێکی خوێناوی لەنێوان حەماس و ئیسرائیلدا. بەدرێژیی مێژووی نێوان ئەم دوانە، ئەمە یەکەمجارە کە حەماس بتوانێت بەمشێوەیە جەنگێکی بەرفراوان بباتە نێو خاکی ئیسرائل. ئەمە شۆکێکی یەکجار گەورەی لە ئیسرائیل دروستکردوە. ژمارەی کوژراو و بریندار و دیلەکان یەکجار زۆرن و تا ئێستاش لەبەرزبوونەوەدان. ئەتوانم بڵێم ئەمە 11 ی سپێپتمبەری ئیسرائیلیەکانە و دڵنیام کاراییدادەنێت بەسەر سەرلەنوێ داڕشتنەوە و ئاڕاستەکردنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە.
  2. پەڕینەوەی جەنگی نێوان تورکیا و پەکەکە بۆ قۆناغێکی فراوانتر. پاش ئەوەی کە پەکەکە لە نێو دڵی پایتەختی تورکیادا، ئەنقەرە، پەلاماری خودی تورکیای دا و کیبریائی تورکیا و سامبۆلیزمی هێزەکانی بریندارکردن، ئەنقەرە بڕیاریداوە ڕوبەرەکانی جەنگ فراوانبکات و لەیککاتدا پەلاماری ئامادەبوونی پەکەکە لە سوریا و عێراقدا بدات، بەبێ ئەوەی تەنانەت گوێ بۆ هاوپەیمانەکانیشی بگرێت.
  3. لەسەر داوای ئێران، عێراق پەیوەندیەکانی خۆی لەگەڵ کوەیتدا تێکداوە و قەیرانێکی گەورە لەنێوان هەردوو وڵاتدا لەسەر پرسی سنوری نێوانیان دروستبووە. لەڕێگای ئەم فشارەوە، ئێران ئەیەوێت کوەیت و لەپشتی ئەویشەوە عەرەبی سعودیە ناچاربکات بە دەستهەڵگرتن لە کێڵگەی دوڕە کە ئێرانیەکان بە کێڵگەی ئارش ناویدەبەن و سەرچاوەیەکی غازی گەورەو دەوڵەمەندە.
  4. لە باکوری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، پەیوەندیەکانی نێوان تورکیا و ئێران لەسەر پرسی سنور لەنێوان ئازربایجان و ئەرمینیادا تێکدەچێت. ئێرانیەکان پێیانوایە، ئەو بۆریە غازیانەی کە تورکیا دەیەوێت لەگەڵ ئازربایجاندا دروستیبکات و بڕیارە بە سەر سنورەکانی ئەواندا تێپەڕێت، بەهیچ شێوەیەک قبوڵناکرێت، مەگەر بەسەر جەستەی ئێرانیەکاندا تێپەڕێت. تورکیاش پێیوایە : تورکەکان و ئازەریەکان (کە تورکن و بە تورکی قسەدەکەن) یەک نەتەوەن بەڵام لە دوو دەوڵەتدا، بۆیە ئێران بۆی نیە لێکیان جیابکاتەوە. ئەمە وادەکات کە گریمانەی تەقینەوە گەورەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دورنیە لێرەوە بێت.
  5. ئەوەی گرنگە لێرەدا بەوردی چاودێری بکرێت، کاردانەوەی ئیسرائیلە لە ڕۆژانی داهاتوودا. ئایا لە ڕێگای هێرشی سەرزەمینیەوە پەلاماری غەززە دەدات و داگیری دەکات ؟ ئایا پەلاماری کۆماری ئیسلامی ئێران دەدات وەک بەرپرسی یەکەم لە چەکدارکردنی حەماس ؟
  6. ئەگەر ئەمەی کرد، هەڵوێستی ئەوەی کە ناونراوە بەرەی موقاوەمە چی دەبێت ؟ حەشدی شەعبی لە عێراق، حیزبوڵا لە لوبنان، حوسیەکان لە یەمەن و کۆی میلیشیا شیعیەکان لە سوریا ؟ ئەگەر ئەم میلیشیایانە بڕۆنە نێو جەنگەکەوە، بەدڵنیایەوە عێراق دەبێت بە بەشێک لە جەنگەکە و ئەو ئارامی و سەقامگیریە فێڵاوی و کاتیەی کە ئێستا هەیە تێکدەچێت و ئەمەش وادەکات کە پەیوەندیەکانی هێز سەرلەنوێ لە ڤێرژنی نوێدا دروستبکرێنەوە.
  7. هەروەها ئەوەی کە دەبێت چاودێری بکرێت هەڵوێستی ئەمەریکایە. بەپێی گریمانەی من، گەر ئیسرائیل دۆخەکە بە ئاڕاستەی جەنگێی فراواندا ببات و غەززە داگیربکات و پەلاماری چەکی ئەتۆمی ئێران بدات و گەر بەرەی موقاوەمەش بێتە نێو جەنگەکەوە، ئەمەریکا بەناچاری تێکەڵ بە جەنگەکە دەبێت، با ئیدارەی دیمۆکراتەکانیش لە واشنتۆن پێی خۆشنەبێت، ڕێک وەک 2014 کاتێک کە ئیدارەی دێمۆکراتەکان پێیانخۆشنەبوو بگەڕێنەوە بۆ عێراق، بەڵام جەنگی داعش ناچاریکردن بگەڕێنەوە.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.