▪ چەند ڕێنمایێن گرنگ بۆ قوتابیان و دەیباب و مامۆستایان دەربارێ ئەزموونێت وەرزێ ئێکێ

چەند ڕێنماییەکی گرنگ بۆ قوتابیان و دایكان و باوكان و دەستەی کارگێڕی و دەستەی مامۆستایان سەبارەت بە تاقیكردنەوەكانی وەرزی یەكەم:

✅ ئەركی دایكان و باوكان لە ڕۆژانی تاقیکردنەوە:

  1. پێویستە دایكان و باوكان پێش هەموو شتێك كەشوهەوایەكی ئارام و هێمن بۆ ڕۆڵەكانیان لە ماڵەوە بڕەخسێنن، هەروەها لە هەموو ئەو گوفتار و ڕەفتار و كردارە ناپەسەندانە دووربكەونەوە كە ئاڵۆزی و پەشێوی دروست دەكەن، وەك دەمەقاڵی و ناكۆكی و بۆڵەبۆڵ و شەڕ و توندوتیژی و…هتد. چونكە ئەمانە ڕاستەوخۆ كاریگەرییەكی نەرێنی لەسەر مێشك و دەروونی منداڵ بەجێدێڵن.
  2. ئەگەر لە توانادابوو، پێویستە دایكان و باوكان ژووری تایبەت بۆ منداڵەكانتان لە ماڵەوە دابین بكەن، چونكە هەبوونی ژووری تایبەت، زیاتر یارمەتی قوتابیان دەدات بۆ ئەوەی سەعی و كۆششێکی باشتر بكەن و چاکتر خۆیان ئامادە بكەن بۆ تاقیكردنەوە.
  3. پێویستە دایكان و باوكان سەرجەم پێداویستییەكانی تاقیكردنەوە بۆ منداڵەكانیان دابین بكەن، وەك: قەڵەم و قەڵەمبڕ و مەساحە و مەستەرە و…هیتر.
  4. پێویستە دایكان و باوكان بەیانی لەكاتی خۆیدا منداڵەكانیان لە خەو هەڵبستێنن، بۆ ئەوەی لەكاتی خۆی لە قوتابخانە ئامادەبن و لە تاقیكردنەوە دوانەكەون، چونكە زۆرجاری وا هەبووە قوتابی لە خەودا ماوەتەوە و تاقیكردنەوەكەی لە كیس چووە و ئەو ڕۆژە مافی بەشداریكردنی نەبووە.
  5. پێویستە دایكان و باوكان نانی بەیانیان بۆ قوتابییەكانیان ئامادە بكەن، چونكە لە ڕووی زانستییەوە ئەو ڕاستییە حاشاهەڵنەگرە سەلمێنراوە كە نانی بەیانی كاریگەریی هەیە لەسەر یادگە و مێشك و دڵ و دەروونی منداڵ و هۆكارێكیشە بۆ حزوری زەین و مێشك و بیرخستنەوە، هەروەها باشتر وایە ژەمی بەیانی خۆراكە وزەبەخشەكان بە منداڵ بدرێن، چونکە دەبنە هۆی بەهێزكردنی لەش و جەستە، وەك: هەنگوین و هێلكە و شیر و پەنیر و خامە و ماست و گوێز و…هتد.
  6. پێویستە دایكان و باوكان یارمەتی منداڵەكانیان بدەن بۆ ئەوەی پلانێكی تۆكمە و باش بۆ ڕۆژانی تاقیكردنەوە دابنێن، بەتایبەتی ئەگەر منداڵەكانیان لە قۆناغی بنەڕەتی بوون، چونكە ئەوان بە تەنیا ناتوانن ئەو كارە گرنگە لە ئەستۆ بگرن.
  7. پێویستە دایكان و باوكان لە ڕۆژانی تاقیكردنەوە هەوڵبدەن كەمتر بچنە دەرەوە بۆ سەردانیکردنی کەسوکارەکان، یان گەشت و سەیران و بازاڕ، بۆ ئەوەی كاریگەریی لەسەر ئاستی زانستی مناڵەكانیان بەجێنەهێڵێت.
  8. پێویستە دایكان و باوكان لە ڕۆژانی تاقیكردنەوە گشت ئامێرە زیرەكەكان لەبەردەستی مناڵەكانیان دوور بخەنەوە، تەنانەت تا بكرێت خۆشیان كەمتر بەكاری بهێنن، بۆ ئەوەی نەبێتە هۆی سەرقاڵبوون و دووركەوتنەوەی قوتابیان لە كەشوهەوای خوێندنەوە و سەعیكردن. ✅ ئەركی قوتابیان لە ڕۆژانی تاقیکردنەوە:
  9. پێویستە قوتابی پێش هەموو شتێك پشت بە خوای گەورە ببەستێت، چونكە خوای گەورە لەبارەی ئەو كەسانەوە كە پشتی پێ دەبەستن دەفەرمێ: وَمَنْ يَتَوَكَّلْ عَلَى اللَّهِ فَهُوَ حَسْبُهُ.
  10. پێویستە قوتابی پلانێكی تۆكمەی هەبێ بۆ ڕۆژانی تاقیكردنەوە، بۆ ئەوەی بە پێی ئەو پلانە نەخشەڕێگای خۆی دابڕێژێت بۆ ڕۆژانی تاقیكردنەوە و چۆنیەتی سەعیكردن و خوێندنەوە و خواردن و خواردنەوە و نووستن و پشوودان و ئامادەبوون لە تاقیكردنەوە و چۆنیەتی وەڵامدانەوەی پرسیارەكان و….هتد.
  11. پێویستە قوتابی ڕۆژانە ژەمی بەیانی بخوات، چونکە نەخواردنی ژەمی بەیانی زیانی پێ دەگەیەنێت.
  12. پێویستە قوتابی متمانەی بە خۆی هەبێت و كەسێكی ورەڕووخاو نەبێ، یاخود خۆی وا تەڵقێن نەكات كە دەرناچێت یان نمرەی باش بەدەستناهێنێت، چونكە بیركردنەوەی نەرێنی ڕەنگدانەوەیەكی نەرێنی دەبێت لەسەر دەرەنجامی تاقیكردنەوەكان.
  13. پێویستە قوتابی لە ترس و دڵەڕاوکێ و نیگەرانی دووربکەوێتەوە، چونكە ترس و دڵەڕاوكێ كاریگەرییەكی نەرێنی لەسەر مێشك و دەروونی قوتابی بەجێدێڵێت.
  14. پێویستە قوتابی لە کاتی سەعی و كۆششكردن، خۆی بە بابەتە لاوەکییەکانەوە سەرقاڵ نەکات، بەڵکوو زیاتر تەركیز بخاتە سەر بابەتە گرنگترینەكان، ئینجا گرنگەكان، ئینجا بابەتەكانی دیكە.
  15. پێویستە قوتابی لە كاتی سەعیكردن، شوێنێکی ئارام و دوور لە جەنجاڵی، بۆ خوێندنەوە هەڵبژێرێت، كە دوور بێت لە دەنگەدەنگ و ژاوەژاو و شتی بریقەدار.
  16. پێویستە قوتابی لە تەلەڤزیۆن و مۆبایل و ئەنتەرنێت و هەموو جۆرە ئامێرە زیرەكەكان و پەیوەندیكردن دوور بکەوێتەوە، تاكوو سەرقاڵ نەبێ پێیانەوە.
  17. پێویستە قوتابی شەو زوو بخەوێت، تاکوو بەیانی زوو لە خەو هەڵبستێت، چونکە خوێندنی بەیانیان لە خوێندنی شەوان بەرهەمدارتر و سوودبەخشترە.
  18. پێویستە قوتابی لە نێوان هەر نیو کاتژمێرێك سەعیکردن، (5) خولەك پشوو بدات، یان هەر (40) خولەک سەعیكردن، (10) خولەك پشوو بدات، بەڵام نابێ لەكاتی پشوو، خۆی بە ئامێرە زیرەكەكانەوە سەرقاڵ بكات، چونكە مێشك و زەینی ماندوو دەكات و تەرکیزی نامێنێت.
  19. پێویستە قوتابی بە تەركیزەوە بخوێنێتەوە و لە داڵغەڵێدان و هزرپەرتی دوور بكەوێتەوە.
  20. پێویستە قوتابی هەموو پێداویستییەکانی تاقیکردنەوە بۆ ڕۆژی تاقیكردنەوە ئامادە بکات و لەگەڵ خۆی بیبات بۆ تاقیكردنەوە.
  21. پێویستە قوتابی لە کاتی دیاریکراو لە قوتابخانە ئامادە بێت بۆ تاقیکردنەوە.
  22. پێویستە قوتابی لە هۆڵی تاقیكردنەوە ڕێنمایییەکانی کارگێڕیی قوتابخانە و مامۆستایان جێبەجێ بکات.
  23. پێویستە قوتابی لەكاتی وەرگرتنی پرسیارەکان، نەشڵەژێت و ترسی لێ نەنیشتێت، بەڵكوو هەناسەیەكی قووڵ هەڵبكێشێت، ئینجا ناوی خوای لێ بهێنێت و دوای نووسینی ناوی خۆی و پۆل و هۆبەكەی، دوو سێ جار بە وردی سەرجەم پرسیارەکان بخوێنێتەوە، تا بەرچاوی ڕۆشن بێت ئاخۆ چی دەكات، ئینجا دەست بە وەڵامدانەوە بکات.
  24. پێویستە قوتابی سەرەتا ئەو پرسیارانە وەڵام بداتەوە، کە لە وەڵامەکەیان دڵنیا و پشتڕاستە، ئینجا بپڕژێتە سەر ئەوانی دیکە.
  25. پێویستە قوتابی هیچ پرسیارێک بەبێ وەڵام جێنەهێڵێت، بەڵکوو دەبێ وەڵامی هەموو پرسیارێك بداتەوە، چونكە كاغەزی سپی نیشانەی تەسلیمبوونە.
  26. پێویستە قوتابی پەنا بۆ گزی و قۆپیەکردن نەبات و فێڵ لە خۆی نەکات.
  27. ئەگەر قوتابی پرسیارێكی نەزانی، یان لێی تێنەگەیشت، ئەوا پێویستە داوای ڕوونكردنەوە لە مامۆستای بابەتەكە بكات.
  28. پێویستە قوتابی پێش ئەوەی بچێتە دەرەوە، دووبارە هەموو وەڵام و پرسیارەکان بە وردی بخوێنێتەوە، نەوەک هەڵەیەکی کردبێت، یان شتێکی لەبیر کردبێت، بۆ ئەوەی هەڵەکەی ڕاستکاتەوە.
  29. پێویستە قوتابی پەلە نەكات لە وەڵامدانەوەی پرسیارەكان، هەروەها نەكەوێت ژێر كاریگەری ئەوانەی زوو وەڵام دەدەنەوە و دەچنە دەرەوە، بەڵكوو بە باشی سوود لە كاتەكەی وەربگرێت. ‌✅ ئەركی دەستەی کارگێڕیی لە ڕۆژانی تاقیکردنەوە:
    1- کۆبوونەوە لەگەڵ مامۆستایان و کارمەندانی قوتابخانە بۆ چۆنیەتی بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکان و جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی وەزارەت بە شێوەیەکی ڕێکوپێک.
    2- ئامادەکردنی هۆڵی تاقیکردنەوەکان و نووسینی ناو لەسەر ڕحلەکان، بۆ ئەوەی هەر قوتابییەک شوێنی خۆی بزانێت.
    3- دابەشکردنی خشتەی تاقیکردنەوە بەسەر قوتابیاندا و بڵاوکردنەوە لە پەیجی قوتابخانە.
    دابینکردنی 4-کەشوهەوایەکی ئارام و دوور لە ترس و تۆقاندن بۆ قوتابیان، بۆ ئەوەی بە ئاسوودەیی تاقیکردنەوە ئەنجام بدەن.
    5- ئاسانکاریکردن بۆ ئەو قوتابییانەی کە پێویستییان بە چوونە سەر ئاو هەیە، بەپێی ڕێنمایییەکان.
    6- دابینکردنی ئامێری گەرمکەرەوە و ئاوی خواردنەوە بۆ قوتابیان، ئەگەر لە توانا و دەسەڵاتی کارگێڕیی قوتابخانەدابێت.
    7- بە یەکسان سەیرکردنی گشت قوتابیان و مامۆستایان و دوورکەوتنەوە لە هەر جۆرە جیاکارییەک. ✅ ئەركی دەستەی مامۆستایان لە ڕۆژانی تاقیکردنەوە:
  30. پێویستە مامۆستایان کەشوهەوایەکی ئارام بۆ قوتابیان لە ناو هۆڵەکانی تاقیکردنەوە فەراهەم بکەن، بۆ ئەوەی قوتابیان هەست بە ئارامی و ئاسوودەیی بکەن.
  31. پێویستە مامۆستایان لە هەر جۆرە گوفتار و ڕەفتار و کردارێکی توندوتیژ و شەڕەنگێزانە دوور بکەونەوە و، بە نەرمونیانی هەڵسوکەوت و سەرەدەر لەگەڵ قوتابیان بکەن.
  32. ئەگەر قوتابی پێویستی بە هەر جۆرە هاوکارییەک بوو، پێویستە مامۆستایان بەپێی ڕێنمایییەکان یارمەتیی بدەن.
  33. تا کاتی تاقیکردنەوە تەواو نەبێ، نابێ مامۆستایان فشار بخەنە سەر قوتابیان و ناچاریان بکەن کە هۆڵی تاقیکردنەوە بەجێبێڵن…
    5- دوای تەواوبوونی تاقیكردنەوە، پێویستە مامۆستایانی چاودێر ناوی قوتابیان بنووشتێننەوە، لەپێناو بەرقەراركردنی دادپەروەری و دووركەوتنەوە لە جیاكاری.

لە کۆتایی دا، هیوای سەركەوتن بۆ سەرجەم قوتابیان و مامۆستایان دەخوازم.

نووسین: م. محەمەدساڵح پێندرۆیی(جگەرسۆز).
2023/12/22

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.