▪  مەسروور بارزانى ، کەسایەتی بەهێز و لووتکەى دیپلۆماسى کوردستان


رێبوار حەمەلاو شوانى

تادێت هەرێمى کوردستان بەهۆى ئەو پیادەکردنى ئەو سیاسەت و دیپلۆماسییەتە وردبینانە وژیرانەیەوە ساڵ بە ساڵ زیاتر دەبێتە هۆى جێگەى سەرنج وبایەخى وڵاتانى ناوچەکە وجیهان ، هەر ئەوەشە کە وایکردووە کە کۆڕبەند و کۆنفرانس و ناوەندە ئاکادێمیەکان بە تاسەوە خولیایی دیدارى بن و بەشێوەیەکى فەرمى بانگهێشت و سەردانى بکەن ، لە سەر بنەماى بەرژوەندى هاوبەش و ئەو سەقایەى کە بە جیاوازى لەگەڵ ناوچەکەکانى ترى عێراق و زۆرێک لە وڵاتانى دیکەى ناوچەکە لە کوردستان فەراهەم بووە ، ئەویش ئاشتى ، سەقامگیرى وپێکەوەژیانە ، بەشداریکردنى دوێنى کۆڕبەندى ئابوورى جیهانى لە داڤۆس وئێستاى لووتکەى جیهانى حکوومەتەکان وسبەى کۆنفرانسى ئاسایشى لە میونشن لە ئەڵمانیا بەڵگەیەکى حاشاهەڵنەگرە ، هەروەها گەیاندنى پەیامى ئاشتیخوازى و پێشکەوتن و گەشەسەندن و سەقامگیرى لەلایەن ڕێزدار مەسروور بارزانى لەلایەک پەیامێکى گرنگ وبەهێزى هەرێمى کوردستانە بەهەموو وڵاتانى ناوچەکە و جیهان ولایەکى تریش بەهێزترکردنى بناغەى دیپلۆماسى و پەیوەندییەکانى گەلى کوردە.
بانگهێشت وبەشداریکردنى فەرمى مەسروور بارزانى، سەرۆکوەزیرانى کوردستان ، لە کۆنفرانسى لووتکەى جیهانیی بۆ حکوومەتەکان لە شارى دوبەى لە ئیمارات ، گرنگى و تایبەتمەندى خۆى هەبوو لەکاتێکدا ئەم بانگهێشت وسەردانە هاوتەریبە لەگەڵ ئەو رووداو و پێشهات وگۆرانکارییەکانى ناوچەکە و جیهان و هێرشى مووشەکى و درۆنى ، بۆ سەر هەولێرى پایتەخت ، ئینجا زێهنیەتى خۆسەپێنەرى دەسەڵاتدارانى بەغدا لە خۆدزینەوە لە جێبەجێکردنى دەستوورى و پابەندبوون بە بنەماکانى هاوبەشى و فیدراڵى فشارخستنە سەر هەرێمى کوردستان و هەرەشەى و یاغى بوونى گروپ و میلیشیا لە یاسا دەرچووەکان بەناوى شیعەگەرایی وبەکارهێنانیان لە دەرەوەى سنوورنەکان ، دەرفەتێکى گونجاوە ، کە سەرۆکى حکوومەتەکان بە گرنگییەوە هەڵوەستە لە سەر ئەو بابەتە بکەن.
ئەو بابەتەى کە جێگەى هەڵوەستەکردن و بایەخە و لە نێو لووتکەى حکوومەتەکانى جیهان هەڵوەستەوگفتوگۆى لە سەر دەکرێت گرنگن ، بەتایبەت بابەتى ئاسایشى ئاو، وزە، ژینگە و سیاسى و پرسى ڕووبەڕووبوونەوەى گۆڕانکارییەکانى کەشوهەوایە، کە هەرێمى کوردستان بەم هەنگاوەى کە سەرۆکى حکوومەتى کوردستان هەنگاویی گرنگى بەرەو پێشچوونى سیاسى ودیپلۆماسى بڕێوە و پێى ناوەتە قۆناغێکى گرنگەوە ، چونکە ئەگەر جاران بە ڕێگەى نوێنەرایەتیەیکانەوە بوو ، ئەوەتا ئێستا ڕاستەوخۆ ڕێزدار مەسرووربارزانى ، سەرۆکوەزیرانى کوردستان پەیام و ووتارەکەى دەگەێنێت ، هەروەها جگە لە ئیماراتیش لە سویسرا و لە کۆڕبەندى داڤۆسیش سەرۆکى حکوومەتى کوردستان ، بەڕێگەى چەندین دیدارو گفتوگۆى ڕاستەوخۆ لەگەڵ سەرۆک و سەرکردە و وەزیرانى وڵاتانى زڵهێز و ئەوروپایی و ناوچەکە پەیامێکى هەرێمى کوردستانى گەیاند و دەنگدانەوەى زۆرى لێکەوتەوە .
کۆنفرانسى لووتکەى حکوومەتەکانى جیهان لە هەلومەرجى ئێستاى ناوچەکەدا ، دەرفەتێکى زیاترى دیپلۆماسى وسیاسى دەبێت بەدڵنییاییەوە کاریگەرى و ڕەنگدانەوە و ئەنجامى ئەڕێنى بۆ هەرێمى کوردستان دەبێ ، شێوازى بانگهێشت وئەتەکێتى دیپلۆماسى و دانانى ئاڵاى پیرۆزى کوردستان و پێشکەشکردنى گووتارێکى لە سەر ئاستێکى بەرزى دیپلۆماسى کە تێیدا شیکردنەوەیەکى وردبینانە لە سەر رەوشى ناوچەکە و عێراق و هەرێمى کوردستان و گەیاندنى پەیامى ئاشیتخوازى و سەقامگیرى گەلى کورد ئاماژەى ئاسۆیەکى روونە بۆ هەرێمى کوردستان بە ئاراستەى تێپەڕاندن وشکاندنى ئاستەنگ و ئاڵنگارییەکانەهەروەها پتەوکردنى زیاترى پەیوەندییە دیپلۆماسى و ئابووریی و کشتوکاڵییەکانە بەتایبەتى کە دوبەى ناوەندێکى گرنگى جیهانى نێودەوڵەتییە و ئەم بەشداریکردن و گفتوگۆى چڕ وپڕ سوودمەند لەگەڵ کاربەدەستان وسەرکردە و وەزیرانى وڵاتانى بەشداربوون ، ئەنجامێکى گرنگ و باشى بۆ هەرێمى کوردستان لێدەکەوێتەوە .
بۆیە، دەتوانین بڵێن ، کە ئاستى پێشوازیکردن و بەشداریکردن و دیدارەکانى ڕێزدار مەسروور بارزانى ، سەرۆکى حکوومەتى کوردستان ، رەنگدانەوەى ئەو سیاسەت ودیپلۆماسییە ژیرانەیە و وەڵامێکى گونجاو وبەهێزە بۆ هەموو ئەو نەیارانەى کە خەونى لاوازبوونى قەوارەى هەرێمى کوردستان دەبینن ، بەڵکو بە پێچەوانەوە و ئەو چاڵاکیی وجموڵە دیپلۆماسییەى سەرۆک وەزیرانى کوردستان وەڵامێکى گونجاو و گورزێکى کوشندەو بەهێز بوو بۆ سەر ئەوانەى کە دژایەتى حکوومەتى کوردستان و قەوارەى هەرێمى کوردستانیان دەکرد ، هەروەها ئاماژەیەکى بەهێزیشە بۆ کەسایەتیی سەرکەوتوو لە ئیدارەدانى حکومەت بەتایبەت لە کاتە سەخت و پڕ تەنگژەکاندا بیرۆكه‌ی تایبه‌ت و به‌هێزیان هه‌یه،‌ وێرای ئه‌و هه‌موو ئاسته‌نگ و هێرشه‌ میدیاییه‌ بۆ سه‌ر مه‌سرور بارزانی، كه‌چی به‌ ژیریی‌ خۆی سه‌رنجی هه‌مووانی بۆ خۆی راكێشاوه.
ناکڕێت ئاماژە بەو راستییە نەکەین کە ڕێزدار مەسروور بارزانى، خاوەن سەنگ و کەسایەتییەکى بەهێزە ، لە رووى دیپلۆماسى و ئەمنى و سیاسییەوە شارەزاییەکى باشى هەیە ، هەروەها لە رووى ئیدارەدان وحکوومڕانیشى بەهەمان شێوە خاوە ئەزموونى زۆرە بە ووتارى لە سەرخۆ و کاریگەر و بەهێز ئامانجەکانى دەپێکێت ، کە ئەمەش وەڵامێکى کاریگەروبەهێزە بۆ وڵاتانى ناوچەکە، کە چۆن و بە چ شێوازێک بڕوانە کوردستان و قەواەرکەى.
مێژوویش سەلماندوێنى کەهه‌رێمی كوردستان ڕاستە تا ئێستا قەوارەیەکى سەربەخۆ نییە ، بەڵام وه‌ك كاراكته‌ری دیارو کارایی ناده‌وڵه‌تی رۆڵی زۆر گرنگی بینیووه،‌ بەتایبەت لە کۆڕبەندى ئابوورى جیهانى لە داڤۆس ئه‌و كاریگه‌رییه‌ی ڕێزدار مەسروور بارزانى بە ته‌واو ده‌ركه‌وت و ده‌ره‌نجامی باشی بووه،‌ بەتایبەت دیداروکۆبوونەوەکانى لەگەڵ چەندین سەرۆکى وڵاتانى ناوچەکە و دونیا وکەسایەتیی سیاسى ، ئەنجامى ئەڕێنى زۆرى لێکەوتەوە بۆ پشتیوانیکردنى گەلى کورد و پارێزگاریکردن لە هەرێمى کوردستان لە هەر جۆرە هێرش وپەڵاماردانى دەرەکى ناڕەوا و نامرۆڤانە .

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.