▪  کوشتنی ئافرەت بە مەهانەی شەرەف کڕینەوە

خەبات تارق مەولود ساڵەیی

ئافرەتی کورد ووریاترین و بە هێزترین و سەربەرترین بووە لە مێژووی پڕ سەروەری کوردایەتیدا . ئافرەتی کورد بە درێژایی مێژوو دەوری ئەرێنی و سەرکردایەتی و ڕێبەرایەتی نوواندووە و دەبێت . ئافرەتی کورد لە گوند و دێهاتەکاندا شان بە شانی پیاوان لە دەشت و چۆڵی کوردستان پارێزگاری لە بنە ماڵەی کردووە و لە سەر زەوی کشت و کاڵ یارمەتی باوک و برا و هاوسەری داوە . بە تەنیا هەندێ جار لە دەرەوەی گوندەکان خوواردن و گیاو گۆڵی دەشت و دەمەنی کردووە و مەڕ و ماڵاتی بۆ لەوەڕاندن بردۆتە کێو و دەشت بە تەنیایی .

ئافرەتی کوردی زۆر ئازا و ڕەشیدمان هەیە بەدرێژایی مێژوو کە بگرە لە زۆر لە پیاو سالاران ڕەشیدتر و ئازاتر بوونە . تەناتەت گەیشتوونەتە ئاستی ڕێبەرایەتی گەلی کورد . وەک قەدەم خێر و خانزادی پیران و حەپسە خان و لیلا قاسم و مارگرێت و زۆرانیتر .

ئافرەتی کورد کاتێک پیاوەکەی لە ماڵ نەبووە و ئەرکی کورد و کوردستان پارێزی و پێشمەرگایەتی بە ئەرکی سەر شانی زانیوە، سەرپەرەستی خێزانەکەی گرتۆتە ئەستۆ و ماڵ و منداڵی بەخێو کردووە . کاتێکیش قافڵەی پێشمەرگە هاتووە بۆ گوندەکەیان بەڕێز و حورمەت و لەوپەڕی ئازایەتی و بڕوا بەخۆ بوون خزمەتیانی کردووە و تووانیویەتی لە سەربەرزی پیاوەکەی دەوری خۆی ببینێت .

لە فەرهەنگی کوردەواریدا ئافرەت کوشتن زۆر کەم بووە ئەو داب و نەریتە شیاوی کوردەواری نی یە و لە فەرهەنگی ووڵاتانی دروسێ وەرگیراوە . ئەوانەی بەو کارە هەستاون ، لە لایەن کۆمەڵگای ڕەسەنی کوردەواریدا نەهی کراون و بە چاوێکی کەم سەیر کراون .

ئێستا لە سەدەی 21 دا دەبینین لە کاتێکدا کە ئافرەتی کورد لە ناو هەموو ئافرەتانی جیهان دەچێتە سەر مانگ و دەوری سەرپەرەستیار دەبینێ . بەداخەوە ڕۆژانە دەبیستین ئافرەتی کوردە بە مەهانەی شەرەف دەکوژرێ لە لایەن پیاو سالاران و خۆ بە پیاو زانانی ناو کۆمەڵگای کوردەواریدا !!

هەندێ جار تێکەڵ بوونی خەڵکی نەزان و نەشارەزا لە ڕووداوەکان دەبنە هاندان یا چەخماخەی ئاگر کەوتنەوەی پیاوە بێ دەسەڵاتەکانی ناو کۆمەڵگا کە هیچ نینە لە ناو کۆمەڵگا ، کە بۆ خۆ دەرخستن و پیشاندان کە ئەوانیش غیرەتیان هەیە و خاوەن و پارێزەری شەرەفی دەورو بەریانن هەڵدەستن بە ئافرەت کوشتن !

ئەو کەسانە بێ ئاگان لەوەی کە بە بڕیار یا پلانی کوشتنی کەسێک پێش کەسە کوژراوەکە خۆی دەکوژێ ئەو کەسە !!! کاتێک کەسێک هەڵدەستێ بە پلاندانانی کوشتنی ئافرەت یا کەسێکیتر ، دەبێ بزانێت : یاسا سەروەرە و دەگیرێ و هەتا ماوە دەبێ لە زیندان بێت ، لایەنی دەرونیش لە هەمووی خراپترە کە هەتا ماوە لە پەشیمانی و باری دەرونی زۆر خراپ دەبێ ژیان بەسەر ببات .

هیچکات کەس ناتووانێ بە کوشتنی ئافرەت ئیدعای ئەوە بکات کە شەرەفی بۆ خۆی کڕی وەتەوە . شەرەفی هەر مرۆڤەی پەیوەندی بەس بەو مرۆڤە خۆیەوە هەیە نە کەسیتر . هەر هەڵەیەک وە یا لە ڕێگا دەرچوون ئەگەر هەبێت !!! دوو مرۆڤە کە تێکەڵاوی بووە و ئەنجامیانداوە !!! هیچ ئافرەتێکیش نابێ ئابڕوو و شەخسیەت و ڕێز و حورمەتی خۆی بۆ باوک و برا و کەس و کاری خۆی بوێ !! هەرکات ئاستی زانستی و تێگەیشتنی ئافرەت گەیشە بەرزترین پلەی ڕێز گرتن لە خۆی ، هەرگیز هەڵە ناکات …

بەداخەوە هەمیشە دەبیستین کە ئافرەتێک کوژراوە و پیاو سالارەکەش بۆی دەر دەچێ و بە ڕووێکی زۆرەوە دووای ماوەیەکی کورت ئەگەر بگیرێ ! ئازاد دەکرێ بە سولحی عەشایەری یا واستە و پارە ، ژیانی ئاسایی دەست پێ دەکاتەوە لە کۆمەڵگادا !!! هەندێ جار تا چووار ژنیشی دەدەنێ لە لایەن پیاو سالارانی تری کۆمەڵگادا !!!!

ئافرەت کوشتن لە هەر کۆمەڵگایەک ڕوو بدات ئاستی تێگەیشتن و زانیاری و ووریایی و هوشیاری ئەو کۆمەڵگایە دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە . بۆ ئەوەی کوشتنی ئافرەت نەمینێ وە یا کەم بێتەوە . پێویستە ئاستی هوشیاری دایک و باوکان لەو کۆمەڵگایە بەرز بکرێتەوە . دایک و باوکان و قوتابخانەکان دەوری سەرەکی دەبینن . پێویستە. منداڵەکان ئاگادار بکرێنەوە :

هیچ کەس نابێ خۆی بە پارێزگاری شەرەفی کەسیتر بزانێت . هەر لە مناڵی یەوە پێویستە ڕەگەزی نێرینە ڕابێنین لەسەر ئەوەی خوشکەکەت دروست ئەو مافانەی هەیە وەک تۆ نە کەمتر ، نابێ خۆت بە سەرپەرەست و بڕیاردەری خوشکت بزانی !! هەروەها پێویستە مناڵەکان ڕابهێندرێن لەسەر ئەوەی کە یاسا هەیە کە سەروی هەموو کەسە لە کۆمەڵگا . هەروەها منداڵەکان فێر بکرێن گاڵتە بە یەکتر نەکەن کە ئەوە خراپترین شتە کە منداڵێک بیکات لە ووڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهان .

کاتێک لە مناڵی یەوە فێر بکرێت گاڵتە بە هاوڕێیەکەت مەکە کە دەبینی کەم کوڕی جەستەیی فکری و ڕەفتاری هەر جۆرێکیتری هەبێت . وەیا فێر بکرێت لە ماڵەوە و قوتابخانەکان کە خۆی تێکەڵی شتێک نەکات کە پەیوەندی بەوەوە نی یە وە هتد ، منداڵی تەندروست و باوڕ بەخۆ دروست دەبێ . هەر لە مناڵیەوە پێویستە مناڵەکان فێر بکرێن یەکتریان وەک ئەوەی کە هەیە قەبوڵ بێت و تەداخولی ژیانی تایبەتی یەکتر نەکەن . واز بێنن لە هاندانی خەڵک بۆ تۆڵە سەندنەوە و شەرەف کڕینەوە ….

لە ئێستادا هۆکارەکانی کوشتن زیاد بووە بە هۆی بە هەڵە بەکار هێنانی تکنۆلۆژیا !! لە جیاتی تکنۆلۆژیا بۆ پێشکەوتنی زانست و تووانای مرۆڤ و کۆمەڵگا بەکار بهێندرێ ، بە پێچەوانە بۆ نزم کردنەوە و لە ناو بردنی فەرهەنگ و کولتوری ڕەسەن لە کۆمەڵگا بەکار دێت . هەرگیز زانایان تکنۆلۆژیایان بۆ زەرەری مرۆڤایەتی دروست نەکردووە . ئەوە خۆدی مرۆڤە کە ئەو تکنۆلۆژیایە بە لاڕێدا دەبات و دەبێتە هۆی بەرکەوتنی فەرهەنگی و کولتوری لە کۆمەڵگای کوردەواریدا . یەکێکیتر لە هۆکارەکان مادە هۆشبەرەکانە کە لە ئێستادا لە کۆمەڵگاکان بە ئاسانی لە بەر دەستە بەداخەوە .

پێویستە ئەو ئافرەت کوژی یە بە هەند وەربگیرێ لای هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا و حکومەتی هەرێمی کوردستان . چونکە ئەگەر هەر لە ئێستاوە دەست پێ بکرێت . چەندین ساڵ و وەچەی پێ دەچێ تا یاسا یا داب و نەریتێک لە کۆمەڵگا بچەسپێ و گۆڕانکاری تێدا بکرێت .

هەموو باش دەزانین کاری زۆر باش کراوە بەڵام پێویست و زەرورە هەرچی زووتر بەهێز و تووانایەکی نمونەیی ئەو دیاردە قێزەوەنەی بۆتە ناشیرنی کۆمەڵگای کوردی بگۆڕین ، بۆ لایەنی زۆر جووان و ڕێک و پێکی ژیانی پێکەوە ژیان و کوردەواری ڕەسەنی کوردی خۆی . پێویستە ئافرەت کوشتن کە لە فەرهەنگی ووڵاتان دراوسێ ڕەخنەی کردۆتە ناو کۆمەڵگای کوردەواری بە یەکجاری نەهێڵین و بن بڕی بکەین .

با بەس بێت ئەو هەموو زوڵم و زۆرداری یەی پیاو سالارانی ناو کۆمەڵگا لە ئافرەتی کوردی دەکەن . لە جیاتی ئافرەت کوشتن ، پیاو سالاران با ئیتر بەدووای حەز و ئارەزووی پیاوانەی خۆیان نەکەون . کە زۆربەی جار لە سەرەتا ئەەوانن ئاریشە دورست دەکەن و بۆ گەیشتن بە حەز و ئارەزووەکانیان ئەرز و ئاسمان دەڕوخێنن !!!

لە کۆتاییدا کوشتنی ئەو ئافرەتە بە دەستی خۆی پیاوسالارانی ناو کۆمەڵگا ئەنجام دەدرێت کە خۆیان دەوری سەرەکی یان لە شێواندنی داب و نەریتی ناو کۆمەڵگادا هەبووە . پەروەردەی دروستی مرۆڤەکان ، تاکە ڕێگایە کە دەتووانێ کوشتنی ئافرەت بن بڕ بکات ……

بژی کورد بژی کوردستان شەکاوە بێت ئاڵای پیرۆزی کوردستان لە جیهان


2024/04/18

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.