کابینەى دەیەم ، یەک حکوومەت بۆ خزمەت ویەکپارچەیی کوردستان


رێبوار حەمەلاو شوانى


ئەزموونى حکوومڕانى زیاتر لە سێ دەیەى رابردوو و حکوومەتە یەک لەدواى یەکەکانى کوردستان ، ئاماژەیەکى روونن بەوەى هەر کاتێک گەلى کورد بە تەبایی و بۆ ئامانجى خزمەتکردنى خەڵکى کوردستان تێکۆشا بێ ، ئەوا دەستکەوت و پێشکەوتنى گەورە بەدەستهاتووە ، پارتى دیموکراتى کوردستان ، ئەو هێزە سیاسى وکاریگەرە گۆڕەپانى خەباتى گەلى کورد ، هەمیشە لە پێناو سەنگ وپێگەى گەلى کورد و قەوارەى کوردستان لەسەنگەرى پێشەوەى قوربانیدان و بەرپرسیاریەتى بووە ، هەرگیز بەڕۆحییەتێکى حزبایەتى بەرتەسک مامەڵە نەکردووە ، هەمیشە لەماف و کورسییەکانى جەماوەرەکەى بەلایەنەکانى دیکە بەتایبەتى یەکێتیی بەخشیووە بۆ ئەوەى کوردستان بەهێز بێت و دڵى دوژمنان شاد نەبێت ، هەموو ئامانج سەرکەوتن و بەهێزکردن و یەکپارچەیی و حکوومڕانییەکى بەهێز وکاریگەرە لە پێناو خزمەتکردنى خەڵکى کوردستان و بەدیهێنانى ماف و ئامانجەکانى لەناوخۆ و دەرەوە
بۆیە دواى ساڵێک لە بەڕێوەچوونى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان ، دواکەوتنى پێکهێنانى کابینەى دەیەمى ، کاتى ئەوە هاتووە گشت هێز ولایەنەکان بەو بەرپەرى بەرپرسیاریەتى مێژووییەوە مامەڵە لەگەڵ رووداو و پێشهاتەکانى ناوچەکە و دەوروبەر بکەن , تەبایی و بەهێزى پێگەى کورد و بەرگریی کردن لە دەستکەوتەکانى بکەنە ستراتیژ و ئامانجى نەتەوەیی ونیشتیمانى
کاتى ئەوە هاتووە هەرێمى کوردستان گشت بەربەستەکان تێکبشکێنێت ، دیموکراسى و دەنگى جەماوەرى کوردستان بکرێتە پێوەر ، هەر هێزێکى سیاسى لە هەڵبژاردنەکان توانى دەنگ و کورسى زۆرتر بەدەست بێنێت ، ئەوا حکوومەت پێکێینێت ، هەروەها هەموو لایەنەکانى دیکەش بە پێى ڕێژەى دەنگ و کورسییەکانیان لە نێو ئەو حکوومەتە دا هاوبەش و بەشدار بن ، ئەوەش وادەکات کە هەم سەقامگیرى ئەمنى و هەمیشى سەقامگیرى سیاسى بێتەدى و کوردستانیش بەهێز بێت و ئاستى خزمەتگوزارییەکان بۆ هەموو ناوچەکەکان بە بێ جیاوازى زیاتر بێت ، لەگەڵ ئەوەى لە کوردستان ئۆپۆزسیۆنێکى کارا نییە ، بۆیە دەبێ لەگەڵ ئەو هێز ولایەنەى حکوومەتێکى نوێ پێکدێنێت ، ئەوا پاڵپشت بۆ ئەوەى کوردستان لەو زیاتر بە قەیرانى ساختەوە سەرقاڵ نەکرێت و ئامانج تەنها خزمەتکردن و بەهێزکردنى سەروەرى کوردستان بێت
زۆر گرنگە کوردستان ببێتە خاوەن دەستوورى خۆى ، بە هەبوونى دەستوور هیچ چەقبەستوورییەکى سیاسى نامێنێتەوە ، بەڵکو بە پێى ئەو ماددە دستوورییانە دەکرێت چارەسەرى کێشەى سیاسى بدوزرێتەوە و ئەوەندەش کات بۆ پێکهێنانى حکوومەت بە فیرۆ نەدەچوو
بەستنەوەى پێکهێنانى حکوومەتى کوردستان لەلایەن هەندێک لایەنەوە بە پرۆسەى ئاڵۆزى و پڕکێشەى عێراقەوە ، وایکردووە رەوشە کە زیاتر قورستر بێت ، چونکە لە کۆتایی دا گەلى کورد خاوەن قەوارە و سەربەخۆیی خۆیەتى و هیچ پێوست ناکات خۆى بە بەغدایەکەوە ببەستێتەوە کە لە نێو قەیرانەکاندا قووڵ و نقووم بووە و دیار نییە ،بەرەو چ ئاقارێکدا درەوات ولە هەمانکاتیشدا ئەو دواخستنە زیاتر ڕێگە بۆ نەیارانى کوردستان خۆش دەکات بۆ ئەوەى لێکترازان و دەستوەردان لەکاروبارى کوردستان بکەن
بۆیە گرنگە، لە پێناو بەرژوەندییە باڵاکانى نەتەوە و نیشتیمان ، ڕاشکاوانە کوردستان و پرۆسە دیموکراسییەکەى وەک خۆى قبووڵ بکەین و پەلەش بکەین لە پێکهێنانى کابینەى دەیەمى حکوومەتى کوردستان و ئینجا کار بۆ داڕشتنەوە و نووسینەوەى دەستوور بکەین تا مافى هەموو پێکهاتەکانى کوردستان بەدی بێنێت و ئەوەش دڵنییاییە بۆ کوردستانێکى بەهێز و یەکپارچە و یەک حکوومەت تا خزمەتگوزارى زیاتر بۆ هەموو کوردستان فەراهەم بکات

Leave A Reply