ئایا هێرشەکانی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵا ناوچەکە پەلکێشی جەنگێکی فراوان دەکەن؟

تەقینەوەی (پەیجەر) و (ۆکی تۆکی) یەکانی حزبوڵای لوبنانی ھەرایەکی گەورەی لە جیھاندا نایەوە. ھەرچەندە ئیسرائیل ھیچ لێدوانێکی فەرمی دەربارەی رووداوەکە نەداوە، بەڵام پەنجەی تۆمەت بە ئاراستەی ئیسرائیل درێژ دەکرێت. لێکۆلینەوە و لێکدانەوەکان دەربارەی چۆنیەتی و دیاریکردنی کاتی تەقاندنەوەی ئامێرەکان بەردەوامە و رەنگە وەک ھەموو کار و ئۆپەراسیۆنێکی ھەوالگری وردەکارییەکان تا ماوەیەکی درێژ نەزانرێن.

ھەر دوای تەقاندنەوەی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن، لە ھێرشێکی ئاسمانیدا بۆ سەر خوارووی بێروت، ئێسرائیل کۆمەلێک فەرماندەی سەربازی نوخبەی حیزبوڵای کردە ئامانج کە ئەویش شکستێکی تری ھەوالگری ئەو حیزبە بوو. ھێرشە ئاسمانی و موشەکی و درۆنییەکان لە نێوان ھەردوو لادا بەردەوامە و ترس و نیگەرانی زۆریش ھەن لەوەی جەنگەکە فرواوان بێت وببێتە جەنگێکی ناوچەیی و تەنانەت جیھانیش. ھەولەکان بەردەوامن بۆ رێگری لەم سیناریۆیە.

ئایا ئەگەری جەنگێکی گەورە و فراوان ئەگەرێکی بەھێزە؟

بەر لە وەلامدانەوەی پرسیارەکە دەبێت ئەوە بڵێین کە ھەمیشە ئەو ئەگەرە ھەیە و ململانێکان لە نێوان بەرژەوەندییە جیاوازەکان لە ناوچەی رۆژھەلاتی ناڤین ھەموو کات ئەگەری تەقینەوەو فراوانبوونی ھەیە بۆ جەنگی ناوچەیی، بەڵام لەم دۆخەی ئێستاداو بە لەبەرچاوگرتنی بالانسی هێز و پێگەی سیاسی و سەربازی لایەنەکان، ئەو ئەگەرە زۆر بەھێز نییە و چارەسەرکردن یان سرکردن و ھەلپەساردنی کێشەکان بە شێوەیەکی تر سیناریۆیەکە ئەگەری روودان و رێکەوتن لەسەری بەھێزترە.

چۆن؟

لایەنەکانی ناو ئەم ململانێیانە هەمیشە وتویانە لەگەڵ فراوانبوونی جەنگەکە نین. هەر لە ویلایەتە یەکگرتوەکان تا ئێران و ئیسرائیلیش ڕاشکاوانە ئەمەیان ڕاگەیاندوە و هەتا ئێستاش ئەو هێرش و ئۆپەراسیۆنە سەربازییانەی ئیسرائیل و حیزبوڵا ئەنجامی دەدەن کەموزۆر لە چوارچیوەی (قواعد الاشتباک) دا ماوەتەوە و فروانبوونی جەنگەکە زیانی بۆ هەموو لایەک دەبێت بە تایبەتی حیزبوڵا و لوبنان. ئەوەی ئیسرائیل دەیەوێت و داوای دەکات دوورکەتنەوەی چەکدارەکانی حیزبوڵایە لە سنووری باکووری ئیسرائیل. پێدەچێت لە ژێر گوشارە سەربازییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر حیزبوڵا و خۆبەدوورگرتنی ئێران لە بەشداری ڕاستەوخۆ و گەڵاڵەبوونی ڕای گشتی لوبنانی و ناوچەیی و جیهانی بۆ دوورکەوتنەوە لە جەنگ و کۆتایی هێنان بەو دۆخەی ئیستا، داخوازییەکەی ئیسرائیل ئەگەری زیاتری جێبەجێکردنی هەبێت لە ڕێگەی گەرانەوە بۆ بڕیاری ١٧٠١ ی ئەنجوومەنی ئاسایش.

بڕیاری ١٧٠١ ی ئەنجوومەنی ئاسایش

ئەم بڕیارە کۆتایی بە جەنگی نیوان ئیسرائیل و حیزبولا هێنا لە ساڵی ٢٠٠٦ و داوای لە ئیسرائیل کرد بکشێتەوە و داواشی لە حیزبوڵا کرد هێزەکانی بۆ پشت ڕوباری لیتانی کە ٢٩ کم لە سنووری نێوان لوبنان و ئیسرائیل دوورە، بکێشێتەوە و سوپای لوبنان و چاودێرانی نەتەوە یەکگرتوەکان جێگەیان بگرنەوە. لە کاتێکدا ئیسرائیل کشایەوە، حیزبوڵا لە شوێنەکانی خۆی مایەوە. گوشارە سەربازییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر حیزبولا ناچارکردنیانە بۆ کشانەوەی هێزەکانیان بۆ پشت ڕوباری لیتانی و نەهێشتنیان لەسەر سنوور و گەڕانەوەی هاوڵاتیانی باکووری ئیسرائیل بۆ جێگەکانی خۆیان.
ئەم ڕێگە چارەسەرە حکومەتی لوبنان و ئیسرائیل و ویلایەتە یەکگرتوەکان پشتگیری دەکەن. پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا حیزبوڵا ناچاردەکرێت ناوەرۆکی بریارەکە جێبەجێ بکات. ئاماژەکان ئەوەمان پێدەڵین کە ئیسرائیل سوورە لەسەر ئەوەی حیزبوڵا ناوچەی دیاریکراو بە پیی بڕیاری ١٧٠١ بەجێبهێڵێت و بۆ ناچارکردنیشی دەڵێن هێرشەکانیان بەردەوام دەبێت و تا ڕادەیەکی زۆریش ئۆپەرسیۆنەکانی بەرەی جەنگی غەزەش کەمبوونەتەوە و ئەمەش توانای سەربازی و لۆجیستیکی زیاتر دەخاتە بەردەم ئەو ولاتە لە بەرەی باکوور.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.