ئەو داواکاریەی کە عێراق نزای دەکرد سەرنەگرێت!

غازی عادل بارزانی

ئەوەی عێراق داوای کردووە، پێش شەش مانگ حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیی نیشان دابوو کە لە پێناو بە کۆتایی هاتنی ناکۆکییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر بیکات، تەنانەت سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان چ لە رێگای شاندەکانەوە ، چ بە پەیامی تایبەت ئامادەیی نیشان دابوو، بەڵام لە ئەسەلدا بەغدا، کە دەڵێم بەغدا ئەوانەی دەوری مێزەکە نزایان دەکرد هەرێم رازی نەبێت، چونکە رازی بوونی هەرێم واتە عێراق دوا بزماری لە تابوتی خۆی دا.
بەڵام گەمژەیی ئەوەیە هەندێک لە پەرلەمانتارە کوردەکانی هەرێم، کە بە سوتفە و بە قەزا و قەدەر بوونەتە ئەندام پەرلەمان، بەبێ ئەوەی هیچ لە کاری پەرلەمانتاری بزانن، بەبێ ئەوەی تۆسقالێک ڕەگی کوردایەتی و نیشتیمان دۆستیان لە گیاندابێت وەک زمان حالێکی لێهاتووی حکومەتی بەغدا پەنجەی تۆمەتیان بۆ هەرێم درێژ دەکرد، تەنانەت بەم هاوینە گەرمە بەهاریان دەهێنا چۆک.
لێزانی کاری هەموو کەسێک نی یە، ئەوەی سەرۆکی حکومەت کردی لەو ماوەیەدا سیستەماتیکی حکومرانیی دروست بوو، چونکە ئەو تازە حکومەتی عێراقی ناجاری دۆخێک کرد، بۆ ئێمەی کورد وەک ئەوەی کوێربین رووناکی چاوەکانمان بۆ گەڕابێتەوە. کاتێک حکومەتی عێراق دڵنیابوو ئەوەی داوای کردووە هەرێم رازی دەبێت، لە ڕێگای برادەرانی بەناو ئۆپۆزسیۆنی دروستکراو بۆ بەرژەوەندی نەیارانی کورد هەوڵیدا ناوخۆی کوردستان ئاڵۆز بکات ، بۆ ئەوەی زیاتر کات بەفریرۆ بدات تا حکومەتی هەرێم بکەوێتەوە دۆخی پێشکەش نەکردن، بەڵام لێزانی کاری لێزانەکانە و گەمژەیەش کاری گەمژەکان.
ئەو ڕۆژەی کە ڕێزدار جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی بە روونی فەرمووی ئیتر ئەمە قابیلی قەبوول کردن نی یە، ئەو ڕۆژە دەسەڵاتدارانی بەغدا ریسەکەیان لێ بوویەوە بە خوری، چونکە دەمێکی دڕێژ بوو ئینان و بردنیان بە حکومەتی هەرێم دەکرد، وایان دانابوو ئەو دۆخە درێژە پێبدەن بە لەمپەر خستنە سەر پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان و، کۆسپ بخەنە بەردەم نەخشە ڕێگای ئاوەدانی و بوونیات نانەوەی کوردستان کە ئەندازیارەکەی ڕێزدار مەسرور بارزانی یە.
تازە ئەم ڕێکەوتنە بوو بە دوپشک، سودانی هەم بە خۆی وەدا، هەم کەوتە نێو تەونی جالجالۆکە کە دەرباز بوون لێی ئەستەمە، چونکە ئەمەی نە سودانی بوو، نە بەرنامەی ئەو، بەڵکو بەرنامەی ئەو باڵە بوو کە پێیان وایە لەم هەڵبژاردنەدا براوەدەبن و دووبارە دەگەڕێنەوە سەر دەسەڵات، بەڵام سیاسەتی حەکیمانەی ڕێزدار سەرۆک و مەرجەعی کوردان سەرۆک مەسعود بارزانی، بە یەک تیر دوو ئامانجی پێکا، وە بە یەک جوولەش دوو پەیامی دا بە بەغدا و بە خەڵکی هەرێمیش.

Leave A Reply