تەنها “کــات” کوردستان و عێراق بەیەکتر دەبەستێتەوە…!
▫️بێستون ساڵەیی
هەڵبژاردن نمونەیەکی جوانی دیموکراسییە، بەڵام لە وڵاتێکی وەکو عێراق نمونەیەکە بۆ دروستکردنی کێشەو کارەساتەکان…
لە هەموو ئەو وڵاتانەی هەڵبژاردنی ئازاد و دیموکراسیانەی تێدا ئەنجام دەدرێت، گەل نابەسترێتەوە بە دۆڕان و سەرکەوتنی ئەم حزب و ئەو حزب، دۆڕان و سەرکەوتن کار لە دەستوور و بنەماکانی ناکات..
بەر لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان خەڵکی عێراق بەگشتی دەستیان لەسەر دڵیانە و دەبن بە قوربانیی خواست و ویستی حزبە بەشداربووەکانی ناو پرۆسەی هەڵبژاردن، گرەو و پلان و بەرنامەکان لەسەر حسابی خەڵک دادەنرێت و وەکو بارمتەیەکی بەردەست بۆ مەرام و ئەجێنداکان بەکار دەهێندرێن..
خەڵکی کوردستان هەمیشە وەکو بارمتەیەک هەڵسووکەوتی لەگەڵدا کراوە، دەتوانین بڵێین سووتاوی دەستی هەڵبژاردنەکان بووە، هەر حزب و لایەنێک بۆ مسۆگەرکردنی زۆرترین دەنگ و گەیشتن بە کورسی دەوڵەتداریی سزای قورسیان بەسەر خەڵکی کوردستاندا سەپاندووە، ئەمە عەقڵیەتە و باوە لە ناو هەموو حزبە عەرەبییەکان.
بۆ گەیشتنیان بە دەسەڵات دژایەتیکردنی کورد و قەوارەی هەرێمی کوردستان بابەتی گەرمی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی عێراقە…
لە ڕاستیشتدا هەر ئەوەش نییەت و رووی ڕاستەقینەیانە بەرامبەر خەڵکی کوردستان، واتە بڕوایان بە هاونیشتیمانیبوونی کورد نییە و بە خاوەن ماف و بەشدار و شەریک لە دەوڵەتی عێراقدا ڕەوا نابینن..
لەناو پارتی سیاسییە عەرەبییکانی عێراق سزادان و دژایەتی کردنی خەڵکی کوردستان بەرەو فەرهەنگبوون دەچێت، ئەم عەقڵیەتە لە ناو کەسایەتی سیاسی و سەربازیی و ئاینی و تەنانەت خێڵەکانیان رەنگیداوەتەوە و بوونی هەیە. کاتێک قسە لەسەر مافی خەڵکی کوردستان دەکرێت پێیان وایە لە بەشی خۆیانەو بە زیادەوە بە خەڵکی کورد دراوە.
بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستیەش هەر قەیرانێک بەرۆکی هەرێمی گرتبێت یان لە بڕینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و ئەو دەستدرێژییانەی بۆ سەر هەرێم کرابێت هیچکات بەجدی هاوخەمی دەسەڵاتداران و چین و توێژەکانی ناوەراست و خوارووی عێراقمان نەبینی ، بە فەرمی هیچ پارتێکی عەرەبیمان نەبینی دژی هەر بڕیارێک ڕابوەستن کە لە دژی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەرکرابێت.
هیچکات نەمانبینی و نەمانبیستووە چین و توێژێک یان پارتێکی سیاسی بە فەرمی لە بانگەواز و بڵاوکراوەی فەرمیی خۆیدا دەنگی خستبێتە پاڵ ئازارەکان و دەنگی خەڵکی کوردستان. ئەمە دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە زۆر دوورین لە یەکتر و شتێک نییە بەناوی برایەتی نێوان دوو نەتەوەی وەکو کورد و عەرەب. ئەوان حەز بەو پێکەوە ژیانە ناکەن کە ئێمە هەمیشە کاری بۆ دەکەین، ئەوان ئەو ویستی لێکتێگەیشتنەیان نازێ کە ئێمە کاری بۆ دەکەین.
لە ساڵانی سەرەتای پرۆسەی ئازادی و لە پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان دژایەتییەکانیان تێکەڵ بە خەڵمەتی هەڵبژاردن نەدەکرد بگرە ئومێدیان هەمیشە لەسەر کورد هەڵچنی بوو و هەوڵ و تەقەلاکانیان بۆ ئەوە بوو کورد پشتگیر و هاوپەیمانیان بن بۆ گەیشتن بە دەسەڵات، کاتێک دەگەیشتن بە دەسەڵات بەڵێنەکان لەبیردەکران و خۆیان لەوەی کە دەبوایە بەپێی دەستوور کاری بۆ بکەن دەدزییەوە.
دواتر مۆدێلی بانگەشە و هەڵمەتی هەڵبژاردنیان دژایەتی کردنی خەڵکی کوردستان و قەوارەی هەرێمی کوردستانیان کردە کێبڕکێی نێوان خۆیان و وەکو بابەتێکی سەرەکی کاریان بۆ کرد، هەر ئەم شێوازە لە بانگەشە لە ناو ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بووتە بەرنامە و پیلانی دارێژراو بەردەوام کاری لەسەر دەکەن و بە تا ئێستاش بە هەنگاوێکی گرنگی دەزانن بۆ دژایەتی و بەرەنکاربوونەوەی خەڵکی هەرێمی کوردستان.
پێم وابێت لە ئێستادا ئەوەی ئێمەو ئەوان پێکەوە دەبەستێتەوە تەنها کاتـــــە، هیچ شتێکی تر نەیتوانییوە لێکمان نزیک بکاتەوە.
پێمان وابوو مێژوو ، رووداوەکان، ستەمەکان، رژێمەکانی پێشووتر، ئازادی و دیموکراسی و پێشکەوتنەکانی جیهان لەسەرووی هەمووشیانەوە دەستوور و یاسا دەبێت لێکمان نزیک بکاتەوە، بەڵام نەخێر ڕووی نەدا، هەموو ئەوانە نەبوون بە وانە بەڵکو بەردەوام لە هزری ڕەگزپەرەستی و ستەمکردندان ، بۆیە “کــات” نە شەرمنە و نە ترسنۆکە هەرچۆن ئەوانەی پێش ئێستای یەکلا کردەوە، دەسەڵاتدارانی ئەمڕۆش یەکلایی دەکاتەوە….