موسەننا ئەمین، نوێنەری مووچەبڕاوانە یان گوتەبێژی مووچەبڕان؟
نەجمەدین محەمەد قەراجی
موسەننا ئەمین، مووچەی نوێنەرایەتیی مووچەبڕاوان وەردەگرێ و بووەتە گوتەبێژی حكوومەتی مووچەبڕی عێراق، نازانم موسەننا ئەمین چۆن سەیری عێراق و حکوومەتەكەی دەكات؟
بەڵام ئەگەر ڕاستگۆیانە و بەویژدانەوە قسە بکات، دەزانێ عێراق لەو هەموو بوارێكەوە چەند شكستخواردووە و میلیشیا و کاربەدەستانی سەر بە وڵاتی ئیقلیمی، حوکمڕانی ئەو وڵاتەن و موسەنا خۆی باش دەزانێت کە ئەو دز و جەردە و چەتانە، چۆن ئەو وڵاتە دەبەن بەڕێوە! سەرەڕای هەموو ئەمانە عێراقیان دادۆشی، دەستیان نەپاراست لە دزی و تاڵانكردنی ئەو عێراقەی پڕە لە خێر و بەرەکەت بۆ ئەوان، موسەنا دەزانێت چۆن لە عێراق کەسانێک بوونەتە حاکم و دەستڕۆیشتووی وڵات تا سەر ئێسقان دز و گەندەڵن.
بەڕاستی بۆ كەسێك خۆی بە كورد و ئینجا بە موسڵمانیش بزانێ زۆر جێی شەرم و شوورەییە، كە بە بڕوانامەی دكتۆرای سوودانەوە، پەرلەمانتار بێت و مووچەی پەرلەمانتاری لەسەر حسابی دەنگدەرانی خەڵكی مووچەبڕاوی شاری سلێمانی وەربگرێت، كەچی بێت بەرگری لە حكوومەت و دەسەڵاتی ملیشیاگەر و تایەفەگەری مووچەبڕی عێراق بكات و ببێتە گوتەبێژ و وەرگێڕی ئەوانەی قووتی خەڵكی كوردستان ئەبڕن و لەجیاتی ئەوان پرێس كۆنفرانس ببەستێ و ڕوونکردنەوە بدات و پاساویان بۆ بێنێتەوە، ئەگەر سوودانی و تەیف سامی مەردن و راست دەكەن، با خۆیان بویرن پرێس كۆنفرانی ببەستن، نەك بە تۆی بكەن.
لەوە تێناگەم موسەننا و هاورێكان و زۆر لەوانەیش كە خۆیان بە ئۆپۆزسیۆن دەزانن، بەناو ئۆپۆزسیۆنەوە سوودی چی لە بەرگریكردن لە نەیارانی گەلەكەمان دەبینن کە تا ئێستا کوردستان و خەڵكەكەیان تووشی دەیان کێشە كردووە؟ هەر لە پێشێلكردنی مادە دەستوورییەكان و گەمارۆ خستنە سەر كوردستان و هەوڵی لەناوبردنی قەوارەی هەرێمی كوردستان و فیدڕاڵییەت و شەراكەت و ئینجا بڕینی شایستە داراییەكانی كوردستان و ئەمجارەش دەستبەسەرداگرتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، کەچی ئەو ئۆپۆزسیۆنە زماندرێژە خۆخۆرە، تەنیا خەریکی سکاڵا تۆمارکردنن دژ بە هەرێمی کوردستان.
ئەمانە هیچ كامیان كە نە خۆیان و نە سەركردەكانیشیان نەك سەرپەنجەیەكیشیان لە رێی خەباتی رزگاریخوازی كوردستان بە خوێندا نەهاتووە، تەنانەت ڕەنجێكیشیان بۆی نەداوە و هاتوونەتە سەر حازری، گلەیایی ئەوەیان لێ ناکرێت كە بۆ ئەركی خۆیان جێبەجێ ناكەن كە پارێزگاریكردنە لە دەسكەوتەكانی گەلەكەیان و بەدیهێنانی مافە ڕەواكانیان، بەڵام سەرباری ئەوە ببن بە گوتەبێژ و دەمڕاست و راپۆرتدەری ئەوانەی بڕیاری سیاسیی ناڕەوا و بڕیاری بڕینی قووتی خەڵك دەدەن، بەڕاستی كارەساتە.
شاراوە نییە و هەندی لەوانە، لە تیڤییەكانی خۆیان دەبینین كە بەردەوام رێی دادگای فیدراڵییان کردووەتە ڕێگای کانی، بۆ ئەوەی قەوارەی هەرێم نەمێنێ، ئەوانە ئەوەندەی شانازی بە عێراقچێتیی خۆیانەوە دەکەن، عەرەبەكان نیوهێندە خۆیان شانازی بە عێراقیبوونیانەوە ناکەن.
ئەو بەناو ئۆپۆزسیۆنانە ئەو هەموو نامەردییە بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان دەكەن و تا بۆیان بكرێ پشت لە گەلەکەیان دەکەن، کەچی لە بەرامبەر ئەو شۆڤێنییانەدا دوو هەڵوێست و دوو قسەیان پێ نییە، بەڵام بۆ كورد شیریان تا بڵێی تیژە و لە بەرامبەر نەیارانی كوردستانیش کۆیلەن.
یەكێك لە بەدبەختییەكانی كورد ئەوەیە، لەدوای ئەو هەموو شۆڕش و قوربانییانە، ئێستا ئەو جاش و كۆیلانەی عێراق هەڵتۆقیون و بوونەتە نوێنەری ئەم میللەتە، دەشیانەوێ مل بە میللەت و نەتەوەی خۆیان كەچ بكەن.
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.