ھەشتی مارس چیە و لەچیوە ھاتووە…

لانە محەمەد


ڕۆژی ژنانی جیھان
ڕۆژی ٨ ی مارس وەک ڕۆژی ژنان لە جیھاندا، دەگەڕێتەوە بۆ ناڕەزایی و ڕوبەڕوبونەوەی ژنانی کرێکاری ڕستن و چنین لە ساڵی ١٨٥٧ لە شاری نیۆیۆرکی ئەمریکا.

کاری زۆر و سەخت لەگەڵ کرێی کەمی کرێکارانی ژن لە کۆتاییەکانی سەدەی ھەژدەیەم و سەرەتای سەدەی بیست، وای لە ژنان کرد کە ناڕەزایی دەرببڕن لەبەرامبەر بەدەستھێنانی مافەکانیان.

لەم ڕۆژەدا کرێکارانی ڕستن و چنین لە کارگەیەکی گەورەی پۆشاکدا بەرامبەر سەختی کارەکەیان و کەمی مووچەکەیان و خراپی باری داراییان ناڕەزاییان دەربڕی، ئەم ناڕەزاییە بەشێکی زۆری ژنانی ئەم کارگەیەی گرتەوە و بەردەوامی ھەبوو.

لە ٨ ی مارسی ١٩٠٨ دا دوای تێپەڕینی زیاتر لە ٥٠ ساڵ ژنانی کرێکاری کارگەی رستن و چنینی کەتان لە شاری نیۆیۆرک لەگەڵ یادکردنەوەی ئەم ڕۆژە، بەھۆی پەستانی زۆری کار لەسەریان و مووچەیەکی کەم دەستیان بە دەربڕینی ناڕەزایی کرد، خاوەنی ئەم کارگەیە بە ھاوکاری پاسەوانەکانی کارگەکە و بۆ ڕێگری لە ناڕەزایەتی بەشەکانی تری کارگەکە، ئەم ژنانەی لە شوێنی کارەکانیان زیندانی کرد، بە ھۆکارێکی نادیار ئاگر لە کارگەکەدا کەوتەوە و تەنھا ھەندێک کرێکاری ژنی دیلکراو توانیان خۆیان ڕزگار بکەن، لەم کاتەدا ١٢٩ کرێکاری ژن لەم ئاگردا سووتان.

ڕۆژی ٨ی مارس بەمشێوەیە وەک ڕۆژێک بۆ نارەزایەتی ژنان بەرامبەر نادادییەکان لە یادەوەری خەڵکیدا مایەوە، لە ساڵانی دواتردا و لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا ناڕەزایەتی ژنان وەک خۆپیشاندان و دروستکردنی فشار لەبەرامبەر مافەکانی ژناندا بەردەوام بوو.

یەکێک لە دیارترین داکۆکیکەرانی مافەکانی ژنان لە وڵاتی ئەڵمانیا کلارا زێتکین (١٨٥٧-١٩٣٣) بوو، خواستەکانی ناڕەزایەتی ژنانی لە ئەڵمانیادا لەسەر بنەمای ٨ کاتژمێر کارکردن بۆ ژنان لەڕۆژێکدا، مافی پشوو، مافی مۆڵەتی لەدایکبوونی منداڵ، یەکسانی مافی ژنان لەگەڵ پیاواندا لەیاسادا خستە ڕوو.

لە ئەوروپا دووەمین کۆنفرانسی سۆسیالیستی نێودەوڵەتی ژنان کە ١٠٠ ژن بەشدارییان تێدا کردبوو لە ١٧ وڵاتی جیھاندا، بە پێشنیاری کلارا زێتکین لە ٢٧ ی ئابی ١٩١٠ لە کۆپنھاگن رۆژی ٧ ی مانگی مارس وەک ڕۆژی ژنان دەستنیشان کرا.

یەکەمین ڕۆژی جیھانی ژن لە مانگی مارسی ١٩١١ لە دانیمارک، ئەڵمانیا، ھۆڵەندا، نەمسا، سویسرا و ئەمریکا بەڕێوەچوو، ملیۆنان ژن لەم ڕۆژەدا بەشدارییان کرد، خواستە سەرەکییەکانی ژنان بریتی بوون لە یاسای پاراستنی کار بۆ ژنان، مافی دەنگدان و بەشداری کردن لە ھەڵبژاردنەکاندا، یەکسانی مووچە لەگەڵ پیاواندا، ٨ کاتژمێر کارکردن لە ڕۆژێکدا، پاراستنی دایک و منداڵەکەی، زیادکردنی مووچە کەمەکان.

لە دووای شەڕی جیھانی دووەم، لە وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژئاوا لە ساڵی ١٩٤٦ بۆنەی ھەشتی مارس بەڕێوەچو، لەم وڵاتانە بە ڕەسمی لە لایەن دەوڵەتەوە شکۆدار بەڕێوەچو وەک نیشاندان خەمخۆری بۆ کێشەکانی ژنان.

ئێستا ٨ی مارس لە زۆربەی زۆری وڵاتانی دونیا ھەموو ساڵێک شکۆدار بەڕێوە دەچێت، و وەک ڕۆژی ناڕەزایەتی گشتی بە بندەستی و توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان، وە ھەروەھا ڕێزگرتن لەو کەسانەی کە ئاگری ئەم خەباتەیان ھەڵگیرسان بۆ باشترکردنی دۆخی ژنان.

دەسکەوتەکانی دوو دەیەی ڕابردوو و پێشڕەوی بۆ چەسپاندنی یەکسانی ھەمەلایەنە بۆ سەپاندنی مافە سەرەتای و ئینسانیەکانی ژنان، کەم نین. لە زۆربەی وڵاتانی جیھان مافی دەنگدان و بەشداری لە پرۆسەی ھەڵبژاردن و بەشداری ھەڵسوڕانی سیاسی و کۆمەڵایەتی بە رەسمی ناسرا.

ھێشتا لە زۆربەی وڵاتانی جیھان، لە چوارچێوەی خێزان، کۆمەڵگا وە یان شوێنی کار ژنان ڕوبەڕوی توندوتیژی دەبنەوە، یاسای مەزھەبی و پیاوسالاری دژە ژن لە زۆر وڵاتی دواکەوتوی جیھان ژنان ئازار دەدات و کاری پێدەکرێت، ھێشتا لە پێشکەوتووترین وڵاتانی جیھانیش ھێزی کاری ژنان بەرانبەر بە کاری یەکسان لەگەڵ پیاوان، ھەرزانترە، ڕێژەی داھاتی ژنان زۆر کەمترە بە بەراوەرد بە پیاوان.

سێ لە سەر چواری نەخوێندەوارەکانی جیھان ژنانن، ژنان و منداڵان گەورەترین قوربانی ئاوارەیی شەڕەکانن. دیاریکردن جلوبەرگ بۆ ژنان، حیجابی زۆرەملی، قاچاخ و کڕین و فرۆشتنی ژنان، دەستدرێژی سێکسی و جەستەیی، توندوتیژی و تیرۆر لە ژێر ناوی ناموس و شەرەف و …ھتد، نمونەی بندەستی ئاشکرا یە کە ڕۆژانە وەک دیاردەی ئاسایی دژی ژنان بەڕێوە دەچێت.

زیاتر لە سەد ساڵ بە سەر مێژوی دەست نیشانکردنی ئەم ڕۆژە وەک ڕۆژی جیھانی ژن تێدەپەڕێت، بەڵام ھێشتا ھۆکار زۆرن بۆ ژنان و پارێزەرانی مافەکانی ژنان، لەم ڕۆژەدا لە سەرتاسەری جیھان بێنە مەیدان بۆ بەرگری لە مافە سەرەتایەکانی ژنان.

  • دکاری هەموو بابەتێن خۆ ببینی …..

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.