یادداشتی رۆژ ; مەترسی و چۆنییەتی بەرەنگاربوونەوەی پۆپۆلیزم


حوسێن کوردنەژاد

ستیڤێن کۆتکین پرۆفێسۆری زانکۆی پرینستۆن لە سیاسەت و ژیئۆپۆلیتیکدا بەم جۆرە باس لە پۆپۆلیزم دەکات: پۆپۆلیزم ناوێکی ترە بۆ سیاسەت؛ واتە، پۆپۆلیزم قسەی خەراب و جنێودان و بێ ڕێزیی نییە، بەڵکوو ئەویش جۆرێک سیاسەتە، بەڵام بۆ چ سیاسەتێک؟ مەرجی پێشوەختەی ئازادیی بەیان و ڕادەربرین ئەوەیە کە لە مەیدانی سیاسەتدا چەپ و ڕاست، یان دەستەڵاتدار و ئۆپۆزیسیۆن هەبێت. بە هەبوونی ئەم دوو باڵەوە دەتوانین باسی ئازادی بەیان و – فری ئسپیج – بکەین. وزە و توانای ئەم هێزانەش کە بە وڵاتی دەبەخشن لەوەوە دێت کە پابەندن بە چوارچێوەی پاراستنی بەرژەوندیی میللی وڵات و ئەو کیانەی کە لەژێر سێبەریدا دەژین.
گرفتەکە کاتێک دەست پێدەکات کە بەشە ئیفڕاتی و تووندەڕەوەکانی ئەم چەپ و ڕاستە، بە مەبەستی بەشداریی لە ژیانی گشتیدا، مەیدانیان بۆ خۆش دەبێ. ئەم مەیدانە بە ئیرادەی ئەوان ئامادە نابێ، بەڵکوو هۆکاری زۆر بابەتی دەبنە پاڵنەر کە بە هێزترینیان داکشانی ئابووریی و پاشەکشەی سیاسەتی کاریگەری ئیدارەدانی وڵاتە. لە زانستی ئابوورییدا هێڵی هەژاری بە گۆێرەی وڵاتان دیاری دەکرێ و تێیدا ژمارەیەکیان دەست دەکەوێ کە لە نووسین و ڕاپۆرتەکاندا کەلکی لێ وەردەگێرێ. لە دنیای واقێعدا پێوەرێکی ڕوونتری داکشانی ئابووری و سەرهەڵدانی هەژاری، نەک تاکە کەسی بەڵکوو هەژاری گشتی و بەرەو دواوەچوونی میللەت و وڵات، سەرەڕای زۆر ئامار و زەواهیری فریوخولقێنەری ڕوالەتی نیشان دەدات، ئەویش بریتییە لە بەرهەمهێنانی بەرهەمی کۆنکرێت. ئەگەر ئەوەمان نەدیت پێویستە بزانین کە کۆمەڵگە لە کۆێی خۆیدا بە نەرمی بەرەو هەژاری هەنگاو دەنێت و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئەم هەژارییە نەبینراوە کەڵەکە دەبێت.
بارودۆخێکی لەم جۆرە مەیدانی هاتنە گۆڕێی سیاسەتمەداری پۆپۆلیست لە چەپ و ڕاستدا ئامادە دەکات. مەترسی گەورە ئەوەیە کە ئەم پاشەکشەیە هەتا ئەو ڕادەیە بەرین بێت کە هێزە سیاسییەکانی سوننەتی – مەین ئیستریم-یش وەبەر خۆی بدات. ئەگەر ئەم پڕۆسەیە سەرکەوێت سیاسەتی گشت وڵات بەرەو داڕمان دەڕوات. لە حاڵەتی لەم جۆرەدا ئەوەی لە ناو حزبەکانی -مەین ئیستریم – و جێگیردا ڕوو دەدات ئەوەیە کە سەنگەری مێریتۆکراسی، واتە پشت بەستن بە تواناکان دەڕووخێت.
گشت ڕیفۆرم و هیوا بە داهاتوو لە گرەوی ئەوەدایە کە حزب و هێزە جێگیرەکان خاوەن توانای ڕیفۆرم و ئیدارەی وڵات بن. بۆیە قەڵغانی بەرگری لە بەرانبەر سەردەست بوونی پۆپۆلیزم و داڕمانی سیاسەت هەبوونی مێریتۆکراسییە. لەوبارەوە، (لیکوان یوو) سەرۆکی سەرکەوتووی وڵاتی سەنگاپۆر کاتێک باسی مێریتۆکراسی دەکرد لە پراکتیکی ئیدارەدانی وڵاتی خۆیدا باسی ئەوەی دەکرد کە ئەگەر بۆ کار و پێگەیەکی ئیداری پێویستیان بە کەسێک هەبوو، ئەوا چەند هەزار کەسیان بۆ وتوێژی دامەزران بانگ دەکرد و هەنگاو بە هەنگاو دەگەیشتنە کەسێک کە حۆی نیشانی دەدا کە شایستەترینیانە. بەم جۆرە لە سینگی خۆی دەدا و دەیگۆت ئەگەر کەسێکی ئێمە بۆ دانیشتن لەگەڵ بەرپرسێکی ئەمریکی ساز دەبوو لەوە دڵنیا بووین کە لەو لەسەرتر و بەتواناترە. واتە، ئێمە سەر سەرەوەی خامەمان -قەیماغمان- بۆ کارەکان دەست نیشان دەکرد. دوژمنی سەرەکی مێریتۆکراسی جێگۆڕکە کردنییەتی لەگەڵ وەفاداریی سیاسی.
بەو سەرنجە، بارودۆخی هەرێمی کوردستان ناچارمان دەکات کە ئەم بنەما گرینگانە لەبەرچاو بگرین و ڕیفۆرمی ئیداریی و هەیکەلی هەرێم، نە لە خوارەوەڕا بەڵکوو لە سەرەوەڕا، بەرینە پێش. هەر وەک ئەوەی ماکس ڤێبێر وەک تیئۆریسییەنێکی بەڕێوەبردن و بەڕیوەبەری کاریگەر و دامەزارندنی بروکراسی کاریگەری دەوڵەتی زیاتر لە سەد ساڵ لەمەوپێش پێشنیاری کردووە. بۆ سەرکەوتن پێویستە گشت لایەک پشتیوانی پاراستنی چوارچێوەی نەتەوەیی بن و ڕێز لە پێگەی ئاکتۆرە سیاسییەکان بگرن و دیالۆگی ڕیفۆرم و پێشکەوتن لەگەڵ سەرکردەکانی وڵات بکەنە بەرنامەی کار و سەرکردەکانیش لە کەنار پێگەی مسوگەری خۆیان، ئۆتۆنۆمی ئۆرگانەکان لە هزر و کردەوەدا قەبووڵ بکەن و بیسەلمێنن. ئەم جۆرە ڕێفۆرمە تەنانەت ئێستا هەر لە وڵاتانی سەرکەوتووتری ناوچەی خۆشمان، هەم لە واری ئیدارەی ئابووریی و هەم لە ئیدارەدانی بروکراسی گشتی و حکوومیدا پیادە دەکرێ. ولاتانی پێشکەوتووی دنیاش نموونەی بەرچاوی ئەم ریفۆرمەن وولاتی سینگاپور نموونەێکە بۆ فێر بوونی لێی .


2023-06-13

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.