▪ ئەگەر بێت و ئاوڕێک لە ڕابردوو بدەینەوە
ڕاژان عەبدولڕەحمان ستوونی
ئەگەر بەراوردێکی ڕابردوو لە گەڵ بارودۆخی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان بکەین، ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە هەرێمی کوردستان بە بەراورد لە گەڵ ساڵانی ڕابردوو گەلێک هەنگاوی باشی بڕیوە لە هەموو ڕویەکەوە. سەرەڕای هەموو ئەو کەمو کوڕیانەی کە هەن بەڵام نابێ بەرەوپێشفەچونەکانی هەرێمی کوردستانیش بە نادیدە بگرین.
ھەرێمی کوردستان لە ڕووی سەقامگیری سیاسی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی سیمایەکی جوانی پێشکەش کردووە لە سەر ئاستی نێوخۆیی، هەرێمایەتی، نێودەوڵەتی، ئەزمونێکی فیدراڵی لە هەرێمی کوردستان لە شوێنێکی جوگرافی زۆر مەترسیداردا کە بە دەوڵەتە داگیرکارەکانی کوردستان گەمارو دراوە
گوشاری سیاسی، گوشاری ئەمنی، گوشاری ئابوری و دارایی..هتد لەسەرە لە لایەن عێراق و دەوڵەتانی دەوروبەرەوە، هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ شکستپێهێنانی ئەم ئەزمونە کە چاویان پێ هەڵنایەت و بە مەترسی لە سەر خۆیان دەزانن.
گەر بپرسین ئایا دوژمنانی دوێنێی کوردستان کە هەر لە «سایکس بیکو»یەوە تاکو ئێستا هیچ گۆڕانکاریەکیان بە سەردا هاتووە؟
ئایا هەمان دەوڵەتی شوفینی و ڕەگەزپەرست و داگیرکار نین؟
ئایا دیموکراسی بە مەترسی نازانن لە سەر سیستەمە دیکتاتۆریەکانیان؟
کەواتە چۆن ڕێگە دەدەن ئەزمونی هەرێمی کوردستان گەشە بکات و بەرەو پێشەوە هەنگاو هەڵێنێت!لە کاتێکدا کۆمەڵێک حزبی سیاسیش بونیان هەیە کە نەك هەر بە ئەرکی نیشتیمانی خۆیان هەڵناستن، بەڵکو ئاوازێک دەژەنن لە بەرژەوەندی دەوڵەتە داگیرکارەکانی کوردستان و ئاو دەکەنە ئاشی دوژمنانی ئەم ئەزمونە؛
لە کام وڵاتی ڕۆژھەڵاتی ناڤیندا دیموکراسی و عەداڵەتی کۆمەڵایەتی و ماف و ئازادی سیاسی و مەدەنی هەیە لە کاتێکدا کە دەوڵەتی سەربەخۆن! لە هەرێمی کوردستان بەڵێ ئازادیەکی بێ سنوری بیروڕا دەربڕین هەیە، گەندەڵیش مەسەلەیەکە لە هەموو وڵاتێکدا کەم و زۆر هەیە، لە هەرێمیش گەندەڵی بوونی هەیە بەڵام ئیڕادەی کەمکردنەوەی گەندەڵیش ساڵانێکە لە چوارچێوەی یاسای چاکسازیدا لە ئارادایە و، چەندین هەنگاویش بەرەو پێشەوە چووە، و بەربەست و ڕێگری سەخت و دژواریش لە بەردەم حکومەتی هەرێمی کوردساندا هەن.
هەرێمی فیدراڵی کوردستان بەپێی دەستوری هەمیشەیی عێراق ساڵی 2005 کە دانی پێدانراوە وەک بەشێک لە دەوڵەتی فیدراڵی عێراق؛ بەڵام ئایا عێراق وەکو بەشێک لە خۆی سەیری هەرێمی کوردستانی کردووە؟
بە چەندین شێواز پەلاماری هەرێمی داوە لە ڕووی سیاسی، ئابوری، لەشکەری؟
ئایا ئەو مافانەی کە لە دەستوردا جێگیر کراون وەك خۆی کە هاتووە جێبەجێ کراون؟
بەس بۆ دەبێ لە گەڵ عێراق دا بین، بۆچی دژایەتی ریفراندۆم کرا لە هەموو لایەکەوە؟
ئایا قەدەری هەرێمی کوردستان هەروا دەبێ بە هەڵواسراویی بمێنێتەوە لە گەڵ عێراقێکی گەندەڵ و شوفینی و لەنێو گەماروکانی دەوڵەتە داگیرکارەکانی کوردستاندا؟
ئەمانە و چەندین پرسیاری تر کە بۆ خوێنەری بەڕێز بە جێ دەهێڵمەوە..
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.