▪ بناغەی بنیات نانی كۆمەڵگایەكی تەندروست چی یە…..
زۆر جار ووشەی كۆمەڵگای تەندروست بەگوێمان دادێت وەباس لەوەدەكرێت كە چەند گرنگە بۆ هەر وڵاتێك كە خاوەن كۆمەڵگایەكی تەندروست بێت ، بێگومان ئەم كۆمەڵگایەش وابە ئاسانی دروست نابێت بەڵكو ئەبێت كاری زۆر جدی لەسەر بكرێت ، ئەوەش لەڕێگەی كاركردن دەبێت لەسەر تاك لە کۆمەڵگادا، كاركردن لەسەرتاك پێوێستی بە چەند قۆناغێك هەیە وەهەر قۆناغەو گرنگی تایبەتی خۆی هەیە و ئەمانەش هەمووی هەستیارن هەركامیان پشتگوێ بخرێت ئەوكات تاك تەندروست نابێت ، یەكەم قۆناغ لە خێزانەوە دەست پێ دەكات كە بەڕاستی زێدەڕەویی نابێت گەر بڵێم گرنگترین قۆناغە ، لێرەدا ڕۆڵی خێزان دایك و باوك زۆر گرنگە كە پەروەردەیەكی جوانی منداڵەكانیان بكەن وە گرنگی بە تەندروستی جەستەیشیان بدەن كاتی تەواویان بۆ تەرخان بكەن چونكە لەم قۆناغە منداڵ زۆربەی شتە جوان و پەروەردە دروستەكە وەردەگرێت و بناغەیەكی گرنگە بۆی لەڕووی هزرو جەستەوە ، قۆناغی دوای ئەو قۆناغە پەروەردەییە ٫ چوونە قوتابخانە یە ،لە زۆربەی وڵاتە پێش كەوتووەكان گرنگییەكی یەگجار زۆر بەكەرتی پەروەردە دەدەن تا ئەوڕادەیەی ژینگەكی وا بۆ مناڵەكە دروست دەكەن كەوا حەز بە زۆر لە كاتەكانی ڕۆژانەی لەوێ بەسەربەرێت ،چونكە پەروەدە و فێركردنی ناوەكەی بەخۆیەوەیە تەنها خوێندنی وانەکان و لەبەركردن و بەدەست هێنانی نمرەکان نییە ’ بەڵكو پڕۆسەیەكی گشتگیرە لەوێ منداڵ فێری هەموو پرەنسیپە جوانەكانی ژیان دەكرێت لە ڕێزو ڕەوشت و مرۆڤایەتی و میهرەبانی و خۆشەویستی بۆ خاك و نیشتمان و ژینگە و ئاژەڵ دۆستی و ئاشنا بوون بە مێژووی نەتەوەو ڕووداوە گرنگ و كاریگەرەكانی ناوخۆو جیهانیش ،گرنگی دان بە بەتەندروستی جەستەیی و هزری و دەروونی یەوە لەڕێگەی ئەنجام دانی ئە و چاڵاكی وەرزشی و هزری و هونەرییانەی كە منداڵە ئارەزووی دەکات و بەهرەكانی خۆی تێدا دەبینێتەوە ، وە ئێمەش چونكە میللەتێكین گرنگی بەئاین و كەلتوری خۆمان دەدەین بۆیە هەر لەم كەرتەی پەروەردە ئەتوانرێت بەشێوەیەكی زانستییانەو دروست باسی ئەم بابەتە جوانانەی ئاین بكەین كە خودای گەورە بۆ مرۆڤەكانی ناردووە وەفێریبن. ڕێز لە ئاین و ئاینزا جیاوازەکان بگرین، ڕاستی چەند لەسەر قۆناغەکانی قوتابخانە بووترێت دەربارەی گرنگییەكەی تەواو نابێت چونكە تۆ تاكێك بەتەواوی ئامادە دەكەی بۆ دواڕۆژی وڵات ،پاش ئەوە قۆناغی پەیمانگاو زانكۆ دێتە پێشەوە لەم قۆناغەدا كاتی فێركردن و زانست دێت لەوێ كادیر دروست دەكرێت بۆ بەرەوپێش چوونی وڵات لە هەموو ڕوویەكەوە بۆیە ئەم مامۆستا بەڕێزانەی لەقۆناغی خوێندنی باڵادان ئەبێ بەوپەڕی ئەمانەت و دلسۆزیەوە زانستەكەیان بگەیەنن و بەتەواوی تاكی بەرهەم دار دروست بكەن بیر لە داهاتووی وڵات بكەنەوە كە چەند ئەركێكی پیرۆز و هەستیارە لەسەر شانیان ، جگە لەوانەی باسمان كردن بێگومان ئەركی گەورەش لەئەستۆی دام دەزگا حكومییەكانە لەڕێگەی دابین كردنی ژینگەیەكی ئارام و بۆ خێزان و چاودێری كردنی كەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵاو ، وە هۆشیاركردنەوەی خێزان لەڕێگەی دەستەو ڕێكخراو و ڕاگەیاندن كە وەزارەتی ڕۆشبیریش ئەبێ ڕۆڵێكی كاریگەری تێدا هەبێت چونكە ڕۆشنبیر كردنی تاك گرنگییەكی زۆر زۆری هەیە بۆ بنیات نانی كۆمەڵگای تەندروست ، وەهەمووكات كۆمەڵگایەکی ڕۆشنبیرو تەندروست و دەروون ئارام باشتر كاردەكەن و بیر دەكەنەوە زۆر سەرقاڵی چاولێكەری و گیروگرفت و كێشەکانی كۆمەڵایەتی نابن. ،دابین كردنی هەلی كار بۆ گەنجان و نەهێشتنی جیاوازی چینایەتی لەو شتە سەرەكیانەن كۆمەڵگا تەندروست دەكەن ، لە كۆی هەموو ئەوانە تێ دەگەین كەس نییە ڕۆڵی نەبێت لە دروست كردنی تاك لە كۆمەڵگایەكی تەندروست هەریەك و بەپێی بەرپرسیاریەتی خۆی ، بۆیە گەر هەموو پێكەوە بەدڵسۆزی كارەكانمان بكەین دەتوانین ئەنجام و کاری مەزن بەدەست بهێنین داهاتووی وڵات و مرۆڤایەتی زۆر گرنگە سەرچاوەكەشی دەگەڕێتەوە بۆ كۆمەڵگایەكی پێگەیشتوو تێگەیشتوو تەندروست.
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.