▪ شکۆی کلتوور و نەریتی چەوت
هێشو دارا
كۆمەڵگەی ئێستا میراتگری نەوەكانی پێش خۆیەتی، كە هەزاران ساڵە ژیان دەكەن و لەهەرقۆناغێكدا سیما و شێوازی ژیانی خۆیی هەبووە، بەهای تایبەتی هەبووە و ڕوانگەی بۆ دەوروبەر و شتەكان جیاوازبووە، ئەوەی ئێستا هەیە لەگەڵ ڕابوردوو تەنها مرۆڤەكانن كە لەڕوی فیسیۆلۆژیەوە چون یەكن، دەنا تەنانەت بیر و ئایدیای مرۆڤەكانی كۆمەڵگەی ئێستایش بەتەواوی جیاوازە لەوانەی پێش ئێستا، بەڵام داخۆ دەكرێ گشت ئەوەی ئەوانەی پێشوو بۆیان بەجێهێشتووین ڕەتی بكەینەوە وەلاوەی بنێین؟ یاخود بە چاوی پیرۆز تەماشای هەمووی بكەین و دەرفەتی هەڵسەنگاندن و پێداچوونەوەی نەدەین؟
بێگومان وەڵامدانەوەی هەریەك لەو دوو پرسیارەی سەرەوە بە(بەڵێ) یان (نەخێر) ڕاست نیەو ئەنجامێكی دروست بەدەستەوە نادات، بەڵكو پێویستە قوڵتر و پشودرێژانەتر لەو بابەتە بڕوانین، چونكە ئەوەی نەوەكانی ڕابوردوو دروستیان كردوە ئێستا كلتووری كۆمەڵگەیە، كۆمەڵگەی بێ كەلتورییش جێی ستایش نیە و زیاتر جێی بەزەییە تاكو شانازی، لەگەڵ ئەوەیشدا مەرج نیە ئەوە ناوی نرا كلتوور باش و جێی ستایش و پارێزگاری بێت، بەڵكو كلتوور و ڕۆشنبیری كۆمەڵگەیش وەك هەر كایەیەكی تر دەكرێ هەڵەچن بكرێت و چەوتیەكانی ڕاست بكرێتەوە بەبێ ئەوەی شكۆی كۆمەڵگە ومێژوەكەی و سەروەریەكانی لەكەدار بكات و ئارامی كۆمەڵگەیش بخاتە مەترسیەوە.
هێرش كردنە سەركلتووربەشێوەی ڕەهاو داخوازی وەلاوەنانی ئەو سەرمایە مەعنەوییەی كە هەیە لەهەر كۆمەڵگەیەكدا جۆرێكە لە خواستی مەحاڵ و ناعەقڵانی، چونكە سەرەڕای ئەوەی زۆربەمان هاوڕاین لە نەشیاوی وبێ كەڵكی بەشیكی زۆر لە ڕوانگە و بۆچوونەكانی پێشینانمان بۆ زۆرێك لە كاروبارەكانی ئێستا، بەڵام لای زۆرێك لە خەڵكیش ئەو تێڕوانین و بیروباوەڕانە پلەی پیرۆزیان هەیە و دەست بردن بۆیان وەك بەزاندنی سنووری قەدەغەكان وایە، لەگەڵ ئەوەشدا ناكرێت لەئاست چەوتیەكانی نەریتی كۆمەڵگەدا دەستەوەستان بین، بەڵكو وەك نەشتەركارێكی بەئەزموون پێویستە بنبڕی ئەو ئەو چەوتیانە بكەین، بەڵام چۆن!
سەرەتا پێویستە چەوتی نەریتەكان و دواكەوتوویی بەشێك لە تێڕوانینە باوەكانی كۆمەڵگا، هەرگیز نابێت شكۆی كەلتورو مێژووی كۆمەڵگەمان بەگشتی لەلا بخاتە ژێر پرسیارەوە، ئاخر شكۆی كلتوور و پاراستنی ئەو شكۆیە بەشێكە لە ئەرك و پێویستی بەپابەندبوون هەیە، بۆئەوەی چەو تیەكانی نەریت و بەندوباوەكان بنبڕبكەین دەبێ ئیلهام لە خودی كلتوورەوە وەرگرین، بۆ نموونە بابەتێكی وەك بەكەم سەیركردنی تواناكانی ئافرەت كە نەریتێكی چەوتە وهیشتا لەهەندی جومگەی كۆمەڵگادا بەقورسی بوونی هەیە، لابردن و بنبڕكردنی پێویستی بەوە هەیە بگەڕێینەوە مێژوو و نمونەی ئافرەتە بەتواناكانی ڕابوردوو بكەینە چەكی بەگژداچوونەوەی ئەو نەریتە چەوتەی ئێستا، ئەو مێژووە پرشنگدارەی خاتوونانی نمونەی حەپسەخان و عادیلەخان و لەیلاقاسمی شەهید وەك ڕوناكایی ڕێگە بكەینە ڕۆشنكەرەوە و ڕاماڵینی نەریتی چەوتی بەكەمزانینی ئافرەت و سوكایەتی بەتوانا و لێهاتووییەكانی، بەمەیش هەم شكۆی كەلتوری خۆمان پاراست و هەمیش دادپەروەرانە لەگەڵ مێژوو مامەڵەمان كردوو لەكۆتاییشدا بەگژ نەریتە چەوتەكاندا چوینەوە.
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.