دوهی چوارشەممە وەزارەتی ناوخۆی عێراقی فیدڕاڵ ئاشکرای کرد كە لە مانگی ئاداری ساڵی داهاتووەوە كارتی نیشتمانی دەبێتە تاكە بەڵگەنامەی فەرمی كە کاری پێ دەکرێت.
عەبدولئەمیر شەمەری وەزیری ناوخۆی عێراقی فیدڕاڵ لە کۆنفراسێکی ڕۆژنامەوانیدا رای گەیاند لە یەكی ئاداری داهاتووەوە تەنها پشت بە كارتی نیشتمانی دەبەسترێت وەك تاكە بەڵگەنامەی فەرمی لە مامەڵە فەرمییەكانی دەوڵەتدا.
هەروەها داوای لە فەرمانگە پەیوەندیدارەكان كردووە ئامادەكاری بكەن بۆ ئەو ژمارە زۆرەی هاووڵاتییان كە بۆ بەدەستهێنانی كارتی نیشتمانی روویان لێ دەكەن.
ئەوەشی گوتووە كە پلانیان ئامادە كردووە بۆ سەرلەنوێ ئامادەكردنی بینای فەرمانگەكانی رەگەزنامە لە پارێزگاكان.
جێی باسە پێشتر بەڕێوەبەری گشتیی ڕەگەزنامە لە هەرێمی كوردستان ئەوەی بە (باسنیوز) راگەیاندبوو كە لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بنكەی كارتی نیشتمانی لە قەزا و ناحیەكان كراوەتەوە، بۆ ئەوەی لە نزیكترین شوێن خزمەتی هاووڵاتییان بكەن و كارتەكانیان بۆ دەربكەن.
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.