▪ کیمیابارانی هەڵەبجە، زامێکى هەمیشەیی بە جەستەی کوردستانەوە
رێبوار حەمەلاو شوانى
بەدرێژایی خەبات و بەرخودانى گەلەکەمان و مێژوویش گەواهیدەرەى ئەو راستییە کە ، خەڵکی کوردستان چەندین ساڵە تاوانی گەورەی بەرامبەر ئەنجامدراوە و دەکرێت و تاوانەکان بە شێوەیەک قێزەوەنن و نامرۆڤانە بوونە کە ئامانجى سەرەکیین رێشەکێشکردنى مۆڕکى نەتەواتیمان بووە، بەڵام تاوانی جینۆساید و کۆمەڵکوژیی و کیمیابارانکردنى هەڵەبجە لە بەرەبەیانی 16/3/1988 بووە ترۆپکی تاوانەکان لە دژی خەڵکی کوردستان لە دوای لێدانی هێرۆشیما و ناکازاکیی بە بۆمبی ئەتۆمی.
لە مێژوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، تاوانی کیمیابارانى هەڵەبجە گەورەو جەرگ بڕ بوو، ڕژێمى ڕووخاوى بەعس داهێنانێكی نوێی تۆقێنەرانەی لە جینۆسایدنکردن و قڕکردنى داهێنا، بەوەی كە 5 هەزار ژن و پیاو ومنداڵ هەڵەبجەی لە زەویدا خستو دارو درەختی لە گەشەكردن وەستانو، باڵندەكانی لە خوێندن خست.بۆیە، تاوانى كیمیابارانكردنى هەڵەبجە دوا ئاستی دڕندەییو دڵڕەقی هەر هێزێكە، بەعس بەو دڕندەییەی، مێژویەكی نوێی داهێنا لە قڕکردن بوو بەرامبەر کوردستان، كە تائێستا لە ناوچەكەدا تاقینەكراوەتەوە، بەڵام ڕژێمى دیکتاتۆرى بەعس بەو تاوانە مێژووی سڕینەوەی کۆمەڵکوژى نەتەوەیەك، بە هەڵەبجە گەیشتە لوتكە.كارەساتو مەرگەساتی ویژدان هەژێن بووەتەوە پیشەی رژێمە داگیركەرە یەك لەدوا یەكەكانی عێراق دژ بەخەڵكی بێ تاوانی كوردستان بەمەبەستی وێرانكردنو سوتاندنی گوند ولادێ کانى كوردستانو بەتاڵان بردنی داهاتەكانیو سڕینەوەی مێژوو و خەباتی نەتەوەیی گەلی كوردستان.
لە رۆژی 1988/3/16، ژمارەیەك لەفرۆكە جەنگییەكانی ڕژێمى ڕووخاوى بەعس بە دەیان بۆمبی كیمیاییان بەسەر هەڵەبجەدا باراند و هەزاران كەسیان شەهیدو برینداركرد، ئەگەرچی لەسەدەكانی رابردوودا بۆمبی كیمیایی لەدژی هەندێك میللـەتی تر بەكارهێندرابوو، بەڵام بەكارهێنانی ئەو چەكە لەساڵی 1988 سەردەمێكی نوێ ی لەترسو تۆقاندنو جینۆساید هێنایە كایەوەو ئەوپەڕی دڕەندەیی رژێمی رەفتار فاشیستی عێراقى دەرخست، لەو رۆژەوە بۆ هەموو لایەك دەركەوت كە رژێمی بەعس تەنیا لەپێناو پاراستنو فراوانكردنی دەسەڵاتەكەیدا ئامادەیە بەگەورەترینو قەدەغەترین چەكی سەردەم رووبەرووی گەلێك ببێتەوە، ئەمەش لەكاتێكدا كە هەموو نەتەوەیەك ئەم مافەی هەیەو رێگەی پێدراوە خەباتی جۆربەجۆر لەپێناو مافەكانیدا بكات.
بەتایبەتى کە ، لەپێشو لەپاشی دنیای دوو جەمسەری 36 ساڵ لەمەوبەرهەموو زلهێزو دەوڵەتە گەورەکان لە ئاستی ئەم تاوانانەدا خۆیان کهڕو کوێر کرد ، لەدوای ڕوخانی ڕژێمی سەدامیش تا ئێستا دەسەڵاتدارانى ئێستاى عێراق کە میراتگرى ڕژێمەکانى پێشووترن خۆیان لە قەڕەبووکردنەوەى کەسوکارى شەهیدانى کیمیابارانى هەڵەبجە و ئەنفالکراوەکان دەدزنەوە و پاشگوێ دەخەن و بەردەوامیش لە سیاسەتى ئازاردانى خەڵکى کوردستان ، لە سەر ئاستى ناوچەیی و نێودەوڵەتیش بەهەمان شێوە رێکخراوه مرۆییه گەورەکانی جیهانی هەر بە سەرزارەکی باسی ئەم تاوانانەیان کردو ڕۆڵێکی ئەوتۆییان نەبینی ، تهنانهت حکومەتو حیزبە سیاسییەکانی کوردستانیش به ههمان ئهزمووندا تێپهڕینو هەرچییەکیان کردبێت بۆ خەڵکی هەڵەبجە ، یان بۆ ئەو دەرنجامە مرۆییانەی کە ئاماژەمان پێداو پێوستە لەسەرمان بەرجەستەیبکەین ، زۆر لە ئاستی پێویست کەمتربووە .
ئەو تاوانە قێزەوەن و نامرۆڤانەیە بەرامبەر بە هەڵەبجە بوو بەمێژوو، پەنجەمۆری میلـلەتەكەمان لە بەرامبەر روو رەشكردنو سەرشۆڕكردنی ناحەزان و دوژمنانى كورد وکوردستان ، بۆیە هەڵەبجە بۆ هەتا هەتایە جێگەی شانازی هەموو جیهاننو هەمیشە ویژدانی مرۆڤایەتی دەهەژێنن، دەبێت ئەوەش بزانین كە ه زامەکانى هەڵەبجە تەنها هی خەڵكی خۆڕاگری ئەو شارە نییە، بەڵكو ئەم زامە هەمیشە لە هەستو بیری تەواوی خەڵكی كوردستانو كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی دەمێنێتەوە،
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.