▪  ھۆکارەکانی بەردەوامیی توندوتیژیەکان لە کۆمەڵگا جیاوازاەکاندا

ھێشو دارا


ھۆکارەکانی بەردەوامیی توندوتیژیەکان لە کۆمەڵگا جیاوازاەکاندا ھۆکاری جیاوازیان ھەیە، ھەندێک لەو ھۆکارانە بەپێی تایبەتمەندیی کۆمەڵگاکان دەگۆڕیت، بەڵام ھەندێک ھۆکاریش ھەن کە گشتین وھاوبەشن لەنێوان کۆمەڵگا جیاوازەکاندا، سەبارەت بە ھەرێمی کوردستان ھۆکارەکانی بەردەوامی توندوتیژی بەرانبەر ئافرەتان چەندین فاکتەری ھەیە، یەکێک لەوانە ئاستی گەشە وکرانەوەی کۆمەڵایەتیە، کە کۆمەڵگای کوردستانی کۆمەڵگایەکی داخراوە وپابەندە بە دابونەریتەکانەوە، بێگومان ھەموو دابونەریتەکان خراپ نین، بەڵام چەندین دابونەریتی دواکەوتوو ھەن کە ڕیگرن لەبەردەم مافەکانی ئافرەتان ویەکسانی کۆمەڵایەتیدا وە بەچاوی کەمترەوە لەئافرەت وتوناکانی دەڕوانێت، کەچی ناتوانرێت ئەو نەریتە خراپانە ڕیشەکێش بکرێن، چونکە بەشیک لە کۆمەڵگا وەک پیرۆز تەماشایان دەکات. یەکێکی تر لە ھۆکارەکانی بەردەوامی توندوتیژی دەگەڕێتەوە بۆ ھۆشیاری خودی ئافرەتان، ھەتا ئافرەتان ھۆشیارتربن بەرانبەر مافەکانیان باشتر دەتوانن بەرگری لە پێشێلکاریەکان وکوشتنیان بگرن، بەڵام ئەوەی تێبینی دەکرێت بەشێک لە ئافرەتان بەرانبەر مافەکانی خۆیان خەمساردن و تەنانەت بەچاوێکی کەم تەماشای ئەو بەشەی ئافرەتان دەکەن کە بەرگریان لێ دەکەن، جا ئەمە ئالەنگارییەکی زۆر قورسە لە بەردەم ئافرەتاندا کە تێپەڕاندنی قورسە. یەکێکی تر لە ھۆکارەکان خراپ بەکارھێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردنە، کە وایکردووە ئافرەتان ببنە یەکەم قوربانیی ئەم بابەتە و بەڕادەیەکی زۆر ھەراسانکردن و توندوتیژی بەرانبەریان لە ڕیگای تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان وتەلەفۆنەوە بەرانبەر ئافرەتان دەکریت، کە بێگومان پیویستە یاسا بەرکارەکانی ئەم بوارە توندتر بکرێت بۆ ئەوەی ئافرەتان پارێزراوبن. ھۆکارێکی تر ئەوەیە بەشێک لەو کەسانەی تاوانی کوشتنی ئافرەت ئەنجام دەدەن بەسزای سوک قوتاریان دەبێت و ھەندێکیشیان ھەر ھیچ سزا وەرناگرن، ئەمە وادەکان تاوانەکە ئاسایی ببێتەوە خەڵکی تر بە ئاسانی ئەنجامی بدات.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.