▪  بە هیندۆ-ئێرانییکردنی کوردەکان

هەڵکەوت محمد پشدەری

مشتومڕی بنەچەی کورد تا ئێستە ساغ نەبووەتەوە و بە ئاسانیش ناگاتە ئەنجام. هۆکارێکی زۆر سادەی ئەو بابەتە ئەوەیە ئەوانەی ئیستە بە کوردی دەدوێن و خۆیان وەکو نەتەوەی کورد دەناسێنن، لە سەردەمانی بەر لە مێژووەوە هەبوون و لەسەر ئەو خاکەی ناوی کوردستانە ژیاون. کاتێک دەڵێین بەر لە مێژوو، هەڵبەت مەبەست ئەوەیە جارێ مرۆڤ نووسینی دانەهێنابوو، بۆیە بەشێکی زۆری ئەو مێژووەی باب و باپیرانی کورد لە کوردستان هەیانبووە، تۆمارنەکراوە. کارێکی هەرە قورسی مێژوونووسانی کوردیش هەر ئەوەبووە کە نەیانتوانیوە جگە لە ئاماژەی کورت و کەمی پەرتوبڵاوی سەرچاوەی هەمەجۆری ئەو کاتە، شتێکی تێروتەسەل نەدۆزنەوە. سەرباری ئەوانەیش، چەندی دێ توێژینەوە و زانیاریی تازە دێتە دەست و لایەنێکی کەمی مێژووی دیرینمان، ڕووناک دەکەنەوە.

لە کارە هەرە قورسەکانی میژوونووسان ئەوەبووە ئایا کورد ئاریایین یان نا. تا کۆتایی سەدەی ڕابردوو هەموو بۆچوونەکان کۆک بوون و پێیان وابووکورد ئاریایین. تا ئێستەیش ئەوانەی پشت بە سەرچاوە کۆن و باییەکانی سەدەی ڕابردوو دەبەستن لە ژێر هەمان کاریگەردا ماون. پاڵنەری ئەو بۆچوونەیان لێکچوونی زمانی کوردی بووە لەگەڵ زمانەکانی دیکەی خێزانی هیندۆ-ئێرانی و هیندۆ-ئەوروپیش بە گشتیی. لە سەرودەمی سەرهەڵدانی شۆڕشی کشتوکاڵدا بەر لە ١٠ تا ١١ هەزار ساڵ لەمەوبەر، باب و باپیرانی کورد تاکە نیشتەجێیانی خاکی کوردستان بوون. هەرنەبێ بە درێژایی مێژووی چوار هەزار ساڵی ڕابردوو، پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی لە زاگرۆس و دەورووبەری، دووچاری گۆڕان و تێکەڵبوون لەگەڵ کۆچبەران و داگیرکەران بوون. ئەگەرچی پاشماوەی بەشێکی هەرە زۆری ئەو جۆرە تێکەڵبوون و داگیرکارییە لە مێژوودا نییە و وێنەکە لەو بارەیەوە هەر لێڵە و ئاسۆیەکی ڕوون نییە لەوە ڕوونتر ببێ، بەڵام جینەکان و هەموو ماددەی بۆماوەیی کوردانی ئێستە و ئەوانەی پێش هاتنی ئاریاییەکان لە کوردستان دەژیان، ئەو تۆمارەیان لەخۆدا هەڵگرتووە و سەلمێنەری کۆمەڵێک گۆڕانکاری و تۆماری چاوەڕواننەکراون. زانیارییەکان تەواو پێچەوانەی ئاریاییبوونی کوردن.

لەگەڵ ئەو بیردۆزانەی بۆ دیاریکردنی ڕەچەڵەک پشت بە زمان دەبەستن، هەندێ هەوڵی دیکەی ڕەگ قووڵ لە سەدەی ١٩ دەرکەوتن و تا ئەمڕۆ هەر ماون، ئەوەیە ڕەچەڵەکی کورد بە پەت و تۆڕی گریمانەکانی زمان، مەزهەب و هەبوونی “نەژاد” وەک جیاکەرەوەی مرۆڤ، دەبەستێتەوە. ئەو گریمانانە بە تەواوی چەند جارێک لە لایەن کۆمەڵەی مرۆڤناسیی ئەمەریکاوە ڕەت کراونەتەوە (بۆ نموونە گۆڤاری زانستی مرۆڤناسیی جەستەیی ئەمەریکا، ژمارە ١٠١ ساڵی ١٩٩٦ ، ٥٦٩-٥٧٠)، چونکە هەموو تاقیکردنەوە بڵاوکراوەکان بۆ هەوڵدانی سەلماندنی نەژادێکی هاوبەشی کوردەکان بە تەواوی بێ ئەنجام بوون، ئینجا ئەوەی چەند جێی متمانەیە و لە ڕاستییەوە نزیکە، لە لایەکی دیکە دانێ. کەواتە لێکچوونی زمان هەرگیز نابێتە یەکلاکەرەوەی ڕەچەڵەکی کورد. لە لایەکی دیکەوە، هەبوونی نەژادێکی پاک و بێگەرد لە ناو میللەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەمێکە نەماوە. هەر پێناسەی نەژاد وەک دەستەواژە، بۆ یەکلاکردنەوەی رەچەڵەک، گونجاو نییە. چونکە نەژادی پاک، نە هەبووە و نە هەیە.

هاتنی ئاریاییەکان بۆ ناوچەکانی زاگرۆس و ئەو خاکەی ئێستە ناوی ئێرانە بەیەک کۆمەڵ و یەک کۆچ نەبووە. تۆمارەکانی میسۆپۆتامیای کۆن ئاماژە بۆ ئومان-ماندا دەکەن. زاراوەی میزۆپۆتامیای کۆن ئومان-ماندا سەلمێنەری هەبوونی کۆچبەری کۆمەڵە سەربازی چەند نەژادێکی جیاوازی سەدەی ٢١ی پێش زایینە. ئومان لە زمانی ئەکادی بۆ ئێرین-مێش (جۆرێک سەربازی ئەکاد بوون) وەک ئاماژە بۆ سەربازی چەکدار بەکارهاتووە (جەنگاوەر). هاوڕاییەکی تەواو لەسەر بەشی دووەم “ماندا” نییە، بۆ نمونە لای بابلیەکان “ماندوم” واتای سەرباز بووە؛ یان سۆمەریەکان “ما –(ن) دو (م)” بۆ زەوی و شاخەکانی ڕۆژهەڵاتی دوور بەکارهاتووە. بەلای زۆری دیکەوە ئومان-ماندا، زاراوەیەکی گشتیی بووە بۆ ئاماژە بەهەر کۆمەڵێکی نەژاد و پێکهاتەی سەربازیی و/یان خەڵکی بیانیی لە گەلانی ئوراسیا و ڕۆژهەڵاتی نزیک.

لە ناو ٥١ سەرچاوەی نێوان ٢١٠٠ بۆ ٦٠٠ ساڵ پێش زایین و لەسەردەمی ئیشبی-ئیرا دامەزرێنەری خێزانی دەسەڵاتداری ئیسین (١٩٨٥ تا ٢٩١٧ پێش زایین) تا سواڵەتەکانی (تابلۆ قوڕیینەکان) سپارتۆلی سەردەمی ئەخمیدیەکانی فارس (٤٠٠-٦٠٠ ساڵ پێش زایین) نزیکتیرن سەرچاوەی نوێ ئەوەی توێژەری لاوی تورک سەلیم فێروح عەدالی (ئومان-ماندا و بایەخەکەی لە هەزارەی یەکەمی پێش زایین، ساڵی ٢٠٠٩ لە زانکۆی سیدنی ئوسترالیا). عەدالی لە ناو ٥١ سەرچاوەدا ٢٨یان بۆ ئەفسانەکانی میزۆپۆتامیا دەگەڕێنێتەوە، ٢٣ شیان دەکرێ وەک دەقی مێژوویی نێوان سەدەکانی ١٨ بۆ ٦ی پێش زایین تەماشا بکرێن. پێدەچێ وشەی ئومان-ماندا کۆچی هەڵگرانی جینی ئاریاییەکان (جینی R1a1) دەچەسپێنێ یان یەکلا دەکاتەوە، وەک ئەناتۆلی کلیۆسۆڤ دەڵێ “کاتەکانی کۆچکردنی هەڵگرانی جینی R1a1 لە ناوچەکانی باشووری ڕوسیاوە بەرەو باشوور بە ئەرمەنستاندا بۆ ئەناتۆلیا، باکووری ڕۆژئاوای ئێران و ناوچەی عەرەبی بە تەواوی لەگەڵ کاتی بەکارهێنانی وشەکەدا ٣٦٠٠ بۆ ٤٠٠٠ ساڵ لەوانەیشە ٣٣٠٠ بۆ ٤٢٠٠ ساڵ پێش زایین، یەکدەگرێتەوە و تەبان.

لە ڕابردوودا هەندێ نمونەی کەمی دیکەی زانایانی ناوداری زمانناسیی هەبوون، لە کاتی خۆیاندا بیرۆکەی هەبوونی کورد پێش دەرکەوتنی هیندۆ ئەوروپاییەکانیان خستووەتە ڕوو، واتا پێش گەلە ئێرانییەکان، لایەنگرانی ئەو بیرۆکەیە وەکو مێژوونووس و زمانەوانی گورجستان نیکۆلای یاکۆفلیفیچ مار (١٨٦٤-١٩٣٤)، ڕۆژهەڵاتناس ئیفرایم ئەڤیگدۆر سپییسەر (١٩٠٢-١٩٦٥)  خەڵکی گالیاسیای ئیسپانیا و ماوەیەکی درێژ سەرۆکی بەشی توێژینەوەکانی ڕۆژهەڵات بووە لە نێوان ١٩٤٧-١٩٦٥ لە زانکۆی پێنسیلڤینیای ئەمەریکا. هەردووکیان کورد وەک نەوەی گوتیەکان و لوللوبیەکان دەبینن، ئەوانیش دانیشتووی هەرە ڕەسەنی چیاکانی زاگرۆس و دەورووبەری بوون.

لە ٣٠٠٠ ساڵی ڕابردوودا، لەسەر ئەو خاکەی ئێستە ناوی ئێرانە بە تایبەتیش لە ڕۆژئاوای ئێرانی ئێستە کە دەکاتە دامێنی بەرزاییەکانی زاگرۆس، گۆڕانی ڕیشەیی بەسەر جین، زمان و تەواوی دیمەنی پێکهاتەی مرۆڤدا، هات. تا ئێستە خەسڵەت و کاریگەریی جینەکانی داگیرکارە هیندۆ-ئێرانییەکان بۆسەر ئێران و کوردستان بەباشیی لێكۆڵینەوەی بۆ نەکراوە. لە توێژینەوەیەکی نوێی تویژەری لاو دلاوەرخان، بە بەگەڕخستنی دوو ئامرازی تۆکمەی qpWave و qpAdm لە زانستی ئامار و WGS (واتا دەستنیشانکردنی یەک لەدوای یەکی جینەکانی سەر رکۆمۆسۆمی ئەندامێکی جەستە لە یەک کاتدا) بۆ جینە دوانە ڕەنگەکانی کوردانی هاوچەرخ و جینەکانی خەڵکی دێرین، توانیان بنچینەی جینەکانی تەختاییەکانی ئاسیای ناوەڕاستی چاخی برۆنز و ئاسن، لەگەڵ بنچینەی جینە دێرینەکانی ئەم ناوچەیەدا کە لەگەڵ مادەکان و کوردانی هاوچەرخ تێکەڵ بوون، بدۆزێتەوە. شییکردنەوەکان چەند چینێکی تێکەڵبوونی جینی دەشتایی هینندۆئێرانییەکانی ئاسیای ناوەڕاست لە ماوەی ٣٠٠٠ ساڵدا، نیشاندەدەن.

سەبارەت بە کۆچی ئاریاییەکانی سەردەمانی ماددەکان، لە پەرتووکەکەی بە ناوی کوردناسی، توێژەر زەکەریا قادری بە ووردی باسی یەکەمین پێکدادانی نێوان باب و باپیرانی کوردەکانی ئەوکاتەی ناوچەی دەریاچەی کاسپیان/قەزوین (ناوی کاسپیان لەو خێڵە کوردەوە هاتووە لەو ناوچەیە نیشتەجێ بووبوون). ئەگەر بۆ چەند سەدەیەکە نووسینەکانی هیرۆدۆتس بۆی بەجێهێشتووین وەکو سەرچاوەی یەکلاکەرەوەی ئەوەی کورد کێیە و لە کوێوە هاتوون و کام دەوڵەت و شارستانییەتیان هەبووە، جێ پێی خۆی تەواو توند کردبوو و نزیکەی هەموو توێژەر و مێژوونووسانی کوردیش لە سەدەی رابردوودا پشتیان پێ دەبەست. بەڵام زەکەریا ڕەخنەی زۆر سەنگینی لەو بارەیەوە هەیە و ناکرێ ئێمە کورد پشت بە نووسینەکانی هیرۆدۆتس ببەستین تا مێژووی خۆمانی پی بنووسینەوە.

ئەگەر زانستی نوێ و ئامرازەکانی لە تویژینەوەی جینناسییدا بەکاردێن بخەینە گەڕ، ئەوا دەبینن لە ڕۆژئاوای ئێرانی ئێستە، بە هیندۆئەوروپاییکردن، جینی شوانکارانی زاگرۆسی چاخی بەردینی گۆڕیوە. ئەو گۆڕانە لە بەراوردی نێوان پاشماوەی مرۆڤی زاگرۆس لە شوێنەواری تەپکی حاجی فەیروزی ٧٧٠٠ ساڵ کۆن لە نزیک نەغەدە، لەگەڵ تێکەڵەی ئاسیای ناوەڕاست لە پاشماوەی مادە هیندۆئێرانییەکان (مەبەست دەوڵەتی مادەکانە یان میدەکان) لە شوێنەواری حەسەنلوی ٢٧٠٠ ساڵ کۆن، دەردەکەوێ. مرۆڤەکەی شوێنەواری حاجی فەیروز لە تێکەڵەی یەکەمین جووتیارەکانی دامێنی زاگرۆس و ئەناتۆلیای شۆڕشی کشتوکاڵ بووە. بەڵام مرۆڤەکەی حەسەنلو تێکەڵەی ئەمانەی خوارەوە بووە:

  • شوانەکانی زاگرۆسی ٧٧٠٠ ساڵ کۆن
  • جووتیارەکانی شۆڕشی کشتوکاڵی ناوچەی لێڤانت، ٨٧٠٠ ساڵ کۆن
  • هیندۆئێرانییەکانی چاخی برۆنز و ئاسنی تورکمانستان، ٢٨٠٠ ساڵ کۆن، ئامرازی qpAdm ڕێژەی ٦٠/٤٠٪ تێکەڵەی گەلانی خاوەن کەلتووری ئەندرۆنۆڤۆ- چاخی برۆنز و ئاسن/باکتریای دێرین (Bactria) لە تورکمانستان، نیشان دەدات.

کلتووری ئەندۆنۆڤۆ دراوسێی دوو کەلتووری تورکمانستان بووە، باکتریا و یازی ئێرانی. بەو پێیە لەگەڵ ئەنجامەکانی qpAdm  یەکە و ڕێژەی ٦٠/٤٠ تەواوە. کەواتە هیندۆئێرانییەکانی چاخی برۆنز و ئاسنی تورکمانستان بەشێک لەو جینانەیان بۆ ئێمە هێناوە و لەگەڵ جینی کوردەکاندا تێکەڵ بوون.

ئامرازی qpAdm  دەریدەخات جینەکانی دانیشتووانی لیڤانت لە کوردی هاوچەرخدا، هەرنەبێ ٢٧٠٠ ساڵ کۆنن و لە مادەکانەوە بۆیان ماوەتەوە. گریمانە وایە ئەو تێکەڵبوونە لە سەردەمی ئاشووری کۆن و ناوەند ڕوویدابێ، بەڵگەی ئەوە لە شێوەکانی ٢-٤ی توێژینەوەکەی دلاوەرخان نیشاندراوە. بەڵام لە نموونەکەی حەسەنلووی ٢٧٠٠ ساڵ کۆن، ئەو بەڵگەیە دیارنامێنێ، چونکە مادەکان جینەکانی لێڤانتیان زۆرتر تێدابوو وەک لە شوانەکانی چاخی بەردینی کوردستان. مۆدیلەکانی qpAdm  بۆ کوردەکان سێ ڕەگی تێدایە، مرۆڤی کۆنی چاخی بەردیین + مرۆڤی لێڤانت + سکیثیەکان/سارماشیەکان، ئامرازی qpAdm  پێویستیی بە هەبوونی جینەکانی تورکمانستان نییە، کەچی بۆ نموونەکەی حەسەنلو (ماد) ئەو ئامرازە ناتوانێ بەبێ جینی تورکمانستان شیکاریی بکات. بە بێ ڕەچەڵەکی سکیثیەکان/سارماشیەکانیش، ئامرازەکە بۆ کوردەکان کار ناکات.

لە ڕواڵەتدا، ئەنجامی ئەم توێژینەوەیە لەگەڵ توێژینەوەی دیکەدا کە دەڵێن کوردەکان نەوەی سکیثییەکانن، تەبایە. بەڵام قووڵایی کاریگەریی سکیثییەکان لە ناو جینی نموونەکەی حاجی فەیروزدا، واناڵێ. جینی سکیثییەکان لە نموونەکەی حاجی فەیروزدا تەنیا بە ڕێژەی ٢٦.٧ تا ٣١.٣٪ هەیە، ئینجا بەر لە ٢٨٠٠ ساڵ جینی تورکمانستانیان بۆ هاتووە. بەو شێوەیە پاشماوەی جینەکانی هیندۆئێرانییەکان لە چاخی برۆنز و ئاسن لە کوردەکاندا دەگاتە نێوان ٤٣ تا ٤٩٪. ئەو ڕێژەیە کاریگەریی ئاسیای ناوەڕاست لەسەر زمان، جین و بیرو هزری نیشتەجیێیانی ڕۆژئاوای ئێرانی ئێستە، لێکدەداتەوە، چونکە کوردەکان جینی گەلانی ئەندرۆنۆڤۆیان لە مادەکانەوە وەرگرتووە. زۆربەی توێژەرانیش کەلتووری ٣ تا ٥ هەزار ساڵەی ئەندرۆنۆڤۆ لەگەڵ دەرکەوتنی زمانی هیندۆ-ئێرانییەکان، لێک گرێدەدەن.

بەگەڕخستنی ئامرازی QpAdm  بۆ نموونەکەی حاجی فەیروز (مرۆڤی زاگرۆس) هیچ تێکەڵەی جینی ئاسیای ناوەراستی تێدا دەرناخات. بەڵام بۆ ئەوەی حەسەنلو (ماد)، جینەکانی تورکمانستان نیشان دەدات. کەواتە کوردەکان جینی ئاسیای ناوەڕاستیان لە مادەکانەوە بۆ هاتووە. توێژینەوە هەبووە رەچەڵەکی کوردی بە سکیثییەکانەوە بەستووەتەوە. هەبوونی جینی سکیثییەکان لە ناو کۆمەڵە جینی کورددا هۆکاری دیکەی هەیە و ناکرێ سەلمێنەری ئەوەبن کوردەکان نەوەی سکیثیەکان بن. جینی سکیثییەکان لە کوردی هاوچەرخدا لەبەرئەوەیە پێش دەرکەوتنی هیندۆئێرانییەکان، هەمان باوانیان هەبووە. ئەگەر ئەو رەخنەیە دروست بێ، کەواتە دەبێ جینی گەلانی رۆژهەڵاتی ئاسیا لە ناو کوردەکاندا نەبێ، چونکە کوردەکان نە تێکەڵەی مرۆڤی حاجی فەیروز + تورکمانستان + جینی سەرەکیی ڕۆژهەڵاتی ئاسیای تێکەڵ بە مەنگۆلن و نە لە تێکەڵەی مرۆڤی حەسەنلو + تورکمانستان + جینی سەرەکیی ڕۆژهەڵاتی ئاسیای تێکەڵ بە مەنگۆلن، هیچ لەو دووانە نین. خۆ ئەگەر لە دوای جینی مەنگۆلەکان لەناو مرۆڤەکەی حەسەنلو بگەڕێین، دەبینین تەنیا ٧-٩٪ جینی مەنگۆلەکانی تێدایە، کەواتە مادەکان هەڵگری جینەکانی مەنگۆلەکانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیای چاخی ئاسن نەبوون.

کوردەکانی عێراق لە سکیثییەکان و مەنگۆلی دێرین نزیکن بەڵام هەردوو نموونەکانی حاجی فەیروز و حەسەنلو دوورن، بە واتای ئەوەی دوای ساڵی ٧٠٠ پێش زایین ئەو جینانە هاتوونەتە ناو کوردەکان. ئەو ئەنجامە لەگەڵ ئەنجامی شیکاریی ئامرازی qpWave لە توێژینەوەکەی دلاوەرخاندا، تەریبە. کوردانی عێراق لە نموونەی ئۆیگۆری مەنگۆل نزیکترن وەک ئەوانەی مرۆڤی زاگرۆس و ئەوانەی کەلتووری یازد لە هیندۆ ئێرانییەکانی تورکمانستانی پێش ٢٨٠٠ ساڵ. بە واتای ئەوەی ئەو جینانەی ئۆیگۆری مەنگۆل دوای هاتنی هێرشەکانی گەلانی ئاسیای ناوەڕاست بۆ ناوچەکە، هاتوون. ئەو جۆرە گۆڕانانەی بۆماوەیی لە کوردەکاندا، لە مێژووی نووسراودا تۆمارناکرێ، بۆیە پشت بەستن بە زانستی جینناسیی و ئەنجامەکانی، پەردە لەسەر رووداوی مێژوویی گرنگ لەسەر مێژووی کورد، هەڵدەداتەوە.

نزیکیی جینەکانی کوردانی عێراق لە دانیشتووانی دێرینی ڕۆژئاوای ئاسیا لەگەڵ ئەو ئەنجامانەی لە چەند توێژینەوەیەکدا بەدەست گەیشتوون سەبارەت بەوەی ڕەچەڵەکی کوردەکان بۆ هیندۆئێرانییەکانی لە ئاسیای ناوەڕاست ناگەڕێتەوە، دوو ئەنجامی وەکو یەکن. توێژەینەوەکەی دلاورخان، توێژینەوەی فرەپسپۆریی هەنەر بیشلەر، تویژینەوەی جینناسیی ئەناتۆلی کلیۆسۆڤ و نامەی دکتۆرای زەکەریا قادری، پاڵپشتی ئەو بۆچوونەن. ئەو لێکدانەوەیەی دلاوەرخان کردوویەتی، لە ڕووی جوگرافیاوە خزانی کوردەکانی کەمێک بەرەو ڕۆژهەڵات لێکداوەتەوە؛ دووری کوردەکان لە هەردوو کلتووری سینتاشتا و ئەندرۆنۆڤۆ نیشان دەدات. ئەنجامەکانیش دەیسەلمێنن یەکەمین جینەکانی هیندۆئێرانی لە ڕێگەی خەڵکانی هیندۆئێرانی چاخی ئاسن، وەکو تورکمانستان و سکیثییەکانەوە، کە هەردووکیان ڕەچەڵەکی ناوەڕاستی ئاسیایان هەیە، بۆ کوردەکان گواستراوەتەوە.

بەکارهێنانی زنجیرەی WGS (دەستنیشانکردنی یەک لەدوای یەکی جینەکانی سەر رکۆمۆسۆم بۆ ئەندامێکی جەستە) و زنجیرەی ترشی ناووکی کۆن و نوێ، لەپاڵ شییکاریی فەرمیی هەردوو ئامرازی qpWave و qpAdm بۆ مۆدێلی بۆماوەیی تیکەڵبوونی جینی کوردەکان، نیشانی دەدەن کوردی هاوچەرخ نزیکەی ٥٨٪ تا ٧١٪ی جینەکانی ئەوانەن لە شوانکار و ئاژەڵدارانی ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیای پێش هاتنی هیندۆئێرانییەکان، بۆی ماوەتەوە. دوای ئەوە ٢٩٪ تا ٤٢٪ی تێکەڵەی هیندۆئێرانیی نزیک لە سکیثییەکان/ سارماتییەکان/ پارثەکان لە ئاسیای ناوەڕاستەوە بۆ هاتووە. دەکرێ ڕووداوە تێکەڵەکانی ٢٠٠٠ تا ٢٧٠٠ ساڵ لەمەوبەر لە نێوان شوانکار و ئاژەڵدارانی لە ناوچەکانی زنجیرەچیای زاگرۆس و تەختاییەکانی ئێران پێش هاتنی هیندۆئێرانییەکان، لەگەڵ داگیرکارەکانی سکیثییەکان/ سارماتییەکان/ پارثەکان/ مادەکان لە بڵاوبوونەوەی زمانەکانی هینۆئێرانیی لەوناوچانەدا، بەرپرس بن.

زمەنەکانی هیندۆئێرانی لە نێوان دەریای ڕەش تا هەرێمی زینگژیانگ لە چین قسەی پێدەکرێ (تاجیکەکەنیش بە ساریکۆل دەدوێن). زانای ئێرانناس گێرنۆت ویندفوهەر زمانی کوردی لە بن لقی پارثیان داناوە و بە درێژەی زمانی مادەکانی دەبینێ. لەبەرئەوەی زمانی پارثی لە ناوچەکانی ئەفگانستانی ئێستە دەرکەوتووە، بۆیە پێدەچێ پارثی کاریگەریی لەسەر کوردی و پشتو زۆرتر بێ، تا فارسی، کە بە زمانی باشووری ئێرانییەکان داندراوە. وا دیارە زمانەکانی هیندۆئێرانی لەگەڵ هاتنی ماد و پارثەکان لە سەردەمی چاخی ئاسن بەر لە ٢٥٠٠ ساڵ، باڵادەستیی وەرگرتووە. بەڵام توێژەرانی دیکە پێیان وابوو زمانی کوردی ١٠٠٪ لە زمانی سکیثییەکانی چاخی ئاسن، ماوەتەوە.

ئەوەی لەو سەرچاوانەوە بۆمان ڕوون دەبێتەوە ئەوەیە بە پشت بەستن بە تویژینەوەی نوێ سەبارەت بە میژووی دێرینی ناوچەکە وەکو ئەوەی هەنەر بیشلەر و سەلیم فێروح عەدالی لێیان کۆڵیوەتەوە و ئینجا بەکاربردنی زانستی سەردەم  و ڕێگە فەرمییەکانی ئامار و جینناسیی، وەکو توێژینەوەکانی دلاوەرخان و کلیۆسۆڤ، نیشانمان دا کوردانی هاوچەرخ لە ڕووی بۆماوییەوە، زۆرتر بەلای زاگرۆسییەکانی چاخی بەردیندا دەشکێنەوە. ئەو ئەنجامە لەگەڵ ئەنجامی توێژینەوەکەی ئونترلاندەر، پاڵسترا و لازاریدیس و تیمەکەیان یەکدەگرێتەوە. هەر ئەو هیندۆئێرانییانە سەرچاوەی هەندێ کرۆمۆسۆمی نێری تەختاییەکانی ناوەڕاستی ئاسیان لە کوردەکاندا و لە چاو گەلانی دیکەی ڕۆژئاوای ئاسیا بە ئێرانی و نائێرانییەکانەوە کاریگەرییان لەسەر کوردەکان زۆرتر بەدیدەکرێت.

سەرچاوەکان:

١. هیندۆ-ئەوروپاییکردنی ئێران و کوردستان، پێکهاتەی جینەکانی هئندۆ-ئێرانییە داگیرکەرەکان. دلاوەرخان، ٢٠٢١

٢. کوردناسی، زەکەریا قادری، ٢٠١٩

٣. رەچەڵەکی کورد، توێژینەوەی فرە پسپۆریی، هەنەر بیشلەر، ٢٠١٢

٤. بڵاوکراوەکانی ئەناتۆلی کلیۆسۆڤ، ٢٠١١ و ٢٠١٢.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.