تێگەیشتنی کۆمەلگا بەرامبەر بەرپرسیاریتی و کارکردنی ژن

‎وەک هەر ڕۆژێکی ئاسایی چوومە ڕاوێژکاری ئێواران، ژنێکی گەنج هاتە ژوورەوە و گوتی: “دکتۆرە دەتوانم قسەت لەگەڵ بکەم؟” گوتم: فەرموو، گوتی من پارەی پلێتی نۆرینگەم داوە، بەڵام هی تاقیگەم پێ نەماوە، دەتوانم پارەی تاقیگە نەدەم؟
‎منیش پێش ئەوەی پزیشک بم مرۆڤم، زۆر هەستم بە ئازار کرد و فەرمووی دانیشتنم لێی کرد. هیلاکی و ماندووی و شەکەتی و بێتاقەتی بە ڕوخسارییەوە دیاربوو، پێدەچوو کۆمەڵێک خەمی ژیان بە کۆڵییەوە بێت. پرسیارم لە بارودۆخی ژیانی کرد، ویستم بار و گوزەرانی بزانم. لێم پرسی جەند منداڵت هەیە؟ وەڵامی دامەوە و گوتی پێنج منداڵم هەیە، گەورەکەیان (٩) ساڵە. پاشان ڕاستەوخۆ کەوتە باسکردنی باری تەندروسی خۆی و بە چاوێکی پڕ لە خەمەوە گوتی: زۆر دەمێکە هەست بە ئازار دەکەم، بەڵام پشت گوێم خستووە، چونکە نامەوێت بارودۆخی تەندروستی خۆم کاریگەری بکاتە سەر ژیانی منداڵەکانم، ئەمە جگە لەوەی لەبەر سەرقاڵی کارکردن بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیان، کاتی ئەوەم نەبووە سەردانی دکتۆر بکەم. زۆر دەردەدڵی خۆی کرد، کەوتە قسەکردن و گوتی: پیاوەکەم کەسێکی باش نەبوو، پەیوەندی ناشەرعی لەگەڵ چەند ئافرەتێک هەبوو. پیاوێک بوو لە بەرامبەر مندا زۆر بێوەفا بوو، هەر بۆیە لەکۆتاییدا بریارمدا لێی جیاببمەوە.
‎ئیستا کاری پاککردنەوەی ماڵان دەکەم، بەڵام زۆربەی خزمان و کەسوکارم قسەم لەگەڵ ناکەن، پێم دەڵێن شورەییە ژن کاری پاکردنەوەی ماڵان بکات.
‎ئەو ژنانە نموونەی ژنی بە هەیبەت و بە ویقارن، دەبێت پەیکەریان بۆ دروستبکرێت ببن بە نموونەی باڵا، نەوەک حاشایان لێبکرێت. ئەوانە ئەوەندە بەهێزن بوونەتە دایک و باوک بۆ منداڵەکانیان، هەربۆیەش منداڵەکانیان لەسەر ڕێچکەی دایکیان دەڕۆن، دواتر بەەهێز دەبن وەک ئەو.

‎بەسەرهاتی ئەو ژنە، ویژدانی زۆر ئازاردام، چونکە لەسەرەتای تەمەنی جوانییەوە، سەختی ژیان و بێ باکی پیاوەکەی، خەمی منداڵەکانی و دەستاڕی ژیان، پیری کردبوو، هیلاکی ژیان بە ڕوخساریەوە دیاربوو..
‎پاشان کەوتمە بیر کردنەوە، دەبێت تاکەی ئافرەتان ببنە قوربانی ئەو بیر و باوەڕە هەڵەیەی کۆمەڵگە، بۆ دەبێت هەر ئافرەت باجی قوڕسی ژیان بدات؟ بۆ کارکردنی ئافرەتانی سەربەرز، عەیبە بێت، بۆ نابێت ئافرەت کاری پاککردنەوەی ماڵان بکات و لوقمێکی حەلال بۆ خۆی و منداڵەکانی پەیدابکات؟ بۆ دەبێت حاشای لێبکریت؟ تەنها لەبەرئەوەی بە ڕێگەیەکی ڕاست پارە پەیدا دەکات؟
‎دەبێت کەی بێت ئەو بیرو باوەرە هەڵانە بگۆڕین، کە هەموو شتێک بۆ ژن عەیبە و بڤە بێت. جارێکی دیکەش بابەتێکم لەسەر ژن دانا، بۆ ئەوەی کار بکەن. بەداخەوە زۆربەی پیاوەکان کۆمێنتیان ئەوەبوو، (دەتانەوێت ژن بژێوی تایبەتی خۆی هەبێت، تاکو بێ منەت بێت لە پیاوەکەی)!
‎من دەڵێم نەخێر، دەبێت وردتر بیربکەینەوە لە بژێوی ئافرەت، بەتایبەت ئەو ژنانەی دەستاڕی زەمانە دەیانهاڕن و دەبنە قوربانی حەز و گڵاوە پیسەکانی پیاوەکانیان. ئاخر ژنێک لەناو جەنگەڵستانی ئەو وێرانەدا، بتوانێت بژێوی ژیانی منداڵەکانی پەیدابکات و بەسەربەرزانە بیان ژیێنێت، دەبێ چ هەڵەیەکی کردبێت!؟
‎بەدەم هەڵکێشانی ئاخێکی قوڵەوە، بیرم لەوە دەکردەوە دەبێت ئەو بەندەی خودایە چ تاوانێکی کردبێت تا بەم شێوەیە بچەوسێنرێتەوە. ئەو بەهیوای پێکهێنانی هێلانەی ژیانی هاوسەرگیری کرد، بۆ ئەوەی بۆی ببێت بە چەترێک و لەسایەی دا هەست بەئاسوودەیی بکات، کەچی ڕووبەڕووی خیانەتی هاوسەری بووەوە. ئەو تەنها لە پێناو ژیانێکی سەربەرزانە دەستی بە کارکرد، بۆ ئەوەی هیچ نەبێت منداڵەکانی نەبنە قوربانی سەختییەکانی ژیان، کەچی ئەویشیان پێ ڕەوا نەبینی، نەک هەر ئەمە، لەجیاتی پاڵپشتی و هاوکاری و دەستباریکردن، دەستبەرداری بوون و حاشایان لێی کرد.
‎بەداخەوە هەموومان دەتوانین بیری هەڵە لەناو کۆمەڵگە بگۆرین، هەرکەسەو بەپێی تێگەیشتنی خۆیی و بەرپرسیاریەتی.
‎دەبا منداڵەکانمان فێربکەین، کە ڕۆشنبیرانە بیربکەنەوە و تێگەیشتنیان بۆ ژیان بگۆڕین. ڕەنگە ماوەیک ماندوو بین، بەڵام دڵنیام ئەنجامی باشی دەبێت. دواجار دەبێت ئەوە بزانین، کە ئافرەتی بەهێز کۆمەڵگەی بەهێز بەرهەم دێنێت، جونکە منداڵی بەهێز دروست دەکات.

دکتۆرە دیلمان ئازاد خۆشناو
پسپۆری پزیشکی دادوەری
مامۆستا لە کۆلیژی پزیشکی

  • نڤیسەرا هێژا بابەتین خۆ هەمویان دکاری ببنی ….

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.