پرۆسەی پەرلەمانی و سیاسی لە عیراق بەرەو کوێ؟
نەوزاد محەمەد
رۆژی یەک شەمە رێکەوتی ٢٠٢٢/١/٩ و پاش ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە، یەکەم دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق “پەرلەمان” بەرێوەچوو.
لە کاتێکدا دەبوایە لەم دانیشتنەدا دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵبژێردرابوایە وەکو ئەرکی سەرەکی و دانی شەرعیەتێک بە پەرلەمان.
بەڵام ئەوەی بینیمان، بە پێچەوانەوە هەندێک کوتلە پەرلەمانی و بە تایبەت شیعیەکان لە چوارچێوەی هەماهەنگی « ئیتار تەنسیقی » دەستیان کرد بە نانەوەی ئاژاوە و دروست کردنی گرژی و ئاڵۆزی.
لێرەدا بۆمان روون دەبێتەوە کە ئەم کوتلانە، نەهاتوون بۆ پەرلەمان تا نوێنەرایەتی گەلی عیراق بکەن، یان کار بە بنەماکانی دستوری لە عیراقێکی دیموکراسی فیدڕالی بکەن، وە هیچ بەرنامەیەکی نیشتیمانی یان پێ نیە.
بەڵکو هەر لە سەرەتاوە ئەم کوتلانە سەلماندیان هاتوون بۆ جێ بە جێ کردنی هەندێک ئەجندای تایبەت بە خۆیان و بێ گومان دەستی دەرەکیش یان لە پشتەوەیە لە چوارچێوەی بەرەی مقاومە، ئەمانەش لە دژی کوتلەی سەردن و تا ئێیان بکرێت کۆسپ دەخەنە بەردەم کاری پەرلەمانی.
ئەجندانەی دەستی ئەم لایەنانەش هیچ کات خزمەت بە گەلی عیراق ناکەن، بەڵکو کار بۆ زیاتر دەستێوەردان و نانەوەی ئاژاوە و هەوڵی پەکخستنی پرۆسەی سیاسی لە عیراق بە گشتی دەدەن، هەروەکو پێشتریش کراوە، دووبارە زاڵ بوونی ئەم لایەنانە چارەنوسی عیراق بەرەو ئایندەیەکی نادیار دەبات و هەروەکو پێشتر ئاماژەمان بۆ کردووە عیراق بوەتە هێلی یەکەمی بەرگری بۆ بەرەی مقاومە.
ئەوەی ئەمڕۆ لە پەرلەمانی عیراق رویدا زەنگێکی مەترسیدارە بۆ ئایندەی عیراق و پرۆسەی دیموکراسی و بە تایبەت بۆ کورد ئەگەر ئەوە بزانین کە بەرنامەی دژە هەرێمی کوردستان لە ئەجندای ئەم کوتلانە دایە.
بۆیە باشترین هەنگاو لە ئێستادا لە بەردەم کوتلە کوردیەکان، وەلانانی ناکوکیە ناوخۆییەکان و پەیدا کردنی هەماهەنگی و لێک تێگەیشتن و یەک ریزی و خۆ ئامادە کردنێکی تەواوە بۆ بەغدا، بە یەک بەرنامە و پرۆژەی سیاسی و نەتەوەیی.
بە گشتی کورد دەبێ لەسەرتا بۆ دوو هەنگاو کار بکات ..
یەکەمیان : پەیدا کردنی هاوسەنگی لە نێوان کوتلە پەرلەمانیەکان لە پێناو ئاسایی کردنی کاری پەرلەمانی و پاراستنی پرۆسەی سیاسی لە عیراق، ئەم سیاسەتە لە بەرژەوەندی کورد دا دەبێت لەم کات و ساتەدا.
دووەمیان : تەواوی هێزی خۆیان بخەنە گەر لە پێناو جێ بە جێ کردنی بڕگە دستوریەکانی تاییەت بە هەرێمی کوردستان و بە تایبەتیش لە یەکەم هەنگاو دا پرسی ناوچە کوردستانیەکان و بودجەی هەرێمی کوردستان.
بە ڕاشکاوی دەڵێم هیچ ئاسۆیەکی گەش دیار نیە لەوەی کە تەواوی کوتلە کوردیەکان ئامادە بن لە ژێر چەتری بەرنامەیەکی کوردستانی کار بکەن، کە پێشتر هەندێک لایەن بەستراوی ئەجندای تر بوونە، بۆیە ئەرکێکی قورس دەکەوێتە سەر ملی کوتلەی پارتی دیموکراتی کوردستان.
- نڤیسەرێ هێژا ئەو ناڤێ تە لخارێ هاتیە نڤیسین دکاری هەموو بابەتێن خۆ ببینی …..
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.