▪  جینی یەکەمین شوانکارەکانی زاگرۆس

جینی یەکەمین شوانکارەکانی زاگرۆس
بەشی یەکەم
گۆڕان بەرەو کشتوکاڵ کردن و ئاژەڵداریی لە نزیکەی ١٢ ھەزار ساڵ لەمەوبەر لەو ناوچەیەی بە ڕۆژھەڵاتی نزیک ناودەبرێ و کوردستان بەشێکیەتی، دەستیپێکردووە. یەکەمین لادێکانی پێش دەرکەوتنی گڵسازیی دەرکەوتن. کۆمەڵگە بچووکەکان یەکەمین چاندنی دوولەپەکان و دانەوێڵەیان دەستپێکرد. ھەڵبەت وەکو پێشووتر باسکرا، بەڵگەکانی شوێنەوارناسیی دەریدەخەن و دەیسلەمێنن، کشتوکاڵ لە تاکە کونجێکی لاچەپەک رووینەداوە، بەڵکو لە چەند شوێنێک پێکەوە بەرەبەرە پەرەی ستاندووە و بەڵگەی دیکەی بازرگانیکردن و ئاڵوگۆری کاڵا و کەلوپەلیشی لەگەڵ بووە. نموونەی دێرینی DNA نیشانی دەدەن، کشتوکاڵ لە ناوچەکانی ئەناتۆلیاوە لەگەڵ کۆچی جووتیارەکانی ئەوکاتەی ئەو ناوچەیە، بەر لە ٨٤٠٠ ساڵ بۆ ئەوروپا پەڕیوەتەوە.
دەستکەوتنی نموونەی DNA مرۆڤی دێرینی کشتوکاڵسازی سەردەمی شۆڕشی کشتوکاڵ کارێکی زۆر قورسە و ھەموو پاشماوەکانی مرۆڤی ئەوکاتە لەبەر شییبوونەوەیان، شیاو نین ئەو جۆرە نموونانەمان بدەنێ، بۆیە پرسیاری ھەرە سەرەکیی سەبارەت بەوەی ئایا گۆڕان لە ژیانی کۆمەڵە ڕاوچییەکانەوە بەرەو جیگیربوون و کشتوکاڵکردن لە ناو کۆمەڵە خەڵکێکی جین ھاوشێوە و ھاوچەشندا لە ناوچەیەکی بەربڵاوی ڕۆژھەڵاتی نزیک (ئەناتۆلیا و زاگرۆس)، دەستپێکراوە و ئەوان بڵاویان کردووەتەوە؟ یان کۆمەلێک لە ھەڵگرانی جینی جیاواز لەو ناوچەیەدا ھەبوون و ھەر کۆمەڵێک لە لای خۆیەوە کشتوکال و ئاژەڵداریی دەستپیکردووە؟
بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە، توێژەران توانیان لە پاشماوەی ئافرەتێکی شوێنەواری گەنج دارە تەمەن ٣٠ تا ٥٠ ساڵ لە ڕۆژھەڵاتی کرماشان، لە نیوان ١٠ ھەزار تا ٩٧٠٠ ساڵ لەمەوبەر ژیاوە، بە ناوی ،GD١٣a نموونەی DNA وەربگرن. گەنج دارە، شوێنەوارێکی یەکجار بە بایەخی سەردەمی دەرکەوتنی کشتوکال و ئاژەڵدارییە و تەمەنی بۆ ٩٩٥٠ تا ٩٦٥٠ ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. بۆ ماوەی دوو تا سێ سەدە بە بەردەوامیی ژیانی تێدا بووە. لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوو، دۆزراوەتەوە و چوار گەڕی کنەو پشکنینی لە نێوان ١٩٦٧ بۆ ١٩٧٤ تێدا کراوە. لە ڕۆژھەڵاتەوە دەکەوێتە لێواری ڕۆژھەڵاتی نزیک و لە دامێنی بەرزاییەکانی زاگرۆسە، ١٤٠٠ مەتر لە ڕووی دەریا، بەرزە پێنچ چینی پڕ بەھای تێدا دەستنیشان کراوە، لە سەرەوە بۆ خوارەوە ناویان لە A بۆ E لێنراوە . لە گەنج دارە، کۆنترین بەڵگەی شوێنەوارناسیی بۆ ئاژەڵداریی دەستکەوتووە، مێژووەکەی بۆ ٩٩٠٠ سال لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.
ئابووری نیشتەجێیانی گەنج دارە پشتی بە شوانکاریی بەستبوو، بە تایبەتیش مێگەلەکانی بزن زۆرترین چالاکییان بووە. دۆزینەوەی دەنکە جۆ لە پاشماوەی دۆزراوەکانی گەنج دارە بۆ زانستەکانی شوێنەوارناسیی و کشتوکاڵی دێرین، زۆر پڕ بەھایە، بەڵام ھیچ بەڵگەیەک بۆ گەنم نەبووە. بەوجۆرە گەنج دارە دەیسەلمێنێ زۆر پێش لێڤانت، ئەناتۆلیا و دۆڵێ میسۆپۆتامیای باکوور، چاندنی دانەوێڵەیان کردووە. لێرەدا دەبێ ئەوەمان لەبیر نەچێ، ئەگەر بە مێژوودا بۆ ٩٩٠٠ ساڵ بگەڕێئنەوە، ئەوا ئەو کاتە ئەوانەی بە ئاریاییەکان ناسراون و خۆیان بە خاوەنی ئەو خاکەی ئێستە لەسەری دەژین، دەزانن، ئەوان لە ھیچ کونجێکی دامێنی زاگرۆس و تەنانەت ئەوەی ناوی ئێرانە، دەرنەکەوتبوون.
بەشێکی باشی زنجیرەی جینەکانی ئەو ئافرەتەی گەنج دارە لە پارچە ئیسقانی سەر شەویلاگی سەرەوەی پەیکەرە ئێسقانی GD١٣a دەرھێندرایەوە و تا راددەیەکی زۆر، بێ خەوش بوو. زانیارییەکانی DNA مایتۆکۆندریای ئەو نموونەیە لە بەشی X٢ی ھاپلۆگروپی Xە. ھاپلۆگروپ کۆمەڵێک ئەلێلێن، ھەر جینێک دوو ئەلێلێی لەسەرە، چۆنییەتی ڕێککەوتنی دوو نیوکلیۆتایدەکان جۆری ئەلێلێ دیاریدەکەن و ئەویشیان کار و چالاکی جینەکان دیاریدەکەن، زۆربەی ئەلێلێیەکان یان ھیچ کارێکیان نییە، یان چالاک نین. دووبارەبوونەوەی ئەلێلێ لە نێوان کۆمەڵە خەڵکێک پێی دەگووترێ ئەوانە سەر بە ھەمان ھاپلۆگروپن. ھاپلۆگروپی X٢ لەگەڵ بڵاوبوونەوەی مرۆڤ بە ڕۆژھەڵاتی نزیکدا گرێدراوە، واتا ئەو بڵاوبوونەوەیە نیشان دەدات، چونکە لە نموونە دێرینەکانی سەردەمی دەرکەوتنی کشتوکاڵ لە ئەناتۆلیا، ھەنگاریا و ئەڵمانیایشدا، دۆزراوەتەوە.
لە بەراوردکردنی جینەکانی نموونەی GD١٣a ئافرەتەکەی گەنج دارە لەگەڵ نموونەی دیکەی مرۆڤی دیرین و نوێ، بە بەکارھێنانی ئامرازی شیکاری پێکھاتەی سەرەکیی، ئەویش ئامرازێکی ئامارە لە زانستی بۆماوەیی خەڵک بەکاردێت تا پێکھاتەی جیاوازی بۆماوەیی لە ڕیگەی جوگرافیا و ڕەچەڵەک تێبگات. ئینجا، تەکنیکی ADMIXTURE- واتا تێکەڵبوونی جینەکانی خەڵکانی ڕەچەڵەک جیاواز ئێمە ناوی دەنێین “تێکەڵە” و ئامرازی ئاماری ناونراو بە کۆمەڵەی دەرەوە f٣ ، کە تەکنیکێکی ئامارە بڕی گۆڕانی ھاوبەش لە کۆمەڵە خەڵکێکدا دەپێوێت، دەکرێت گۆڕانەکان دەرکەون و بمێننەوە، ئەگەریش ھەیە ھەر خۆیان دیار نەمێنن و لە ناوبچن، دەرکەوتووە GD١٣a لە ھەرسێ ئامراز و تەکنیکی سەرەوە، لە ھیچ کەسێکی دێرینی دیکەی ناوچەی ئوراسیا نزیک نییە.
ئەنجامی تەکنیکی “تێکەڵە” دەڵێ ئەو ئافرەتە لە کۆمەڵە ڕاوچییەکانی ڕۆژئاوای گورجستان، کە دەکەوێتە باکووری بەرزاییەکانی زاگرۆس نزیکە، چونکە ئەو کۆمەڵە ڕاوچییانە زۆرترین نزیکییان نیشان داوە. لە ھەمان کاتدا شیکیاری پێکھاتەی سەرەکیی نزیکیی لەگەڵ کۆمەڵی دیکەی باشووری ئاسیای ناوەڕاست نیشان دەدات، وەکو بەلوچ، مەکرانی و براھوی. کۆمەڵێکی دیکەی نزیک لە نموونەی GD١٣a ئەوانەی یامنایا و ئافاناسیڤۆن، ھەردووکیان لە دێر زەماندا کۆچیان بەرەو ئەوروپا کردووە. یامنایا کلتوورێکە بە کلتووری کونە گۆرەکانیش ناسراوە، لە کۆتایی چاخی مس و سەرەتای چاخی برۆنز لە نزیک رووباری ئۆراڵ دەرکەوتووە. لە نێوان ساڵانی ٣٣٠٠ تا ٢٦٠٠ ساڵ پێش زایین، ھەبووە. ئافاناسیڤۆنیش کلتوورێکی باشووری سایبیریایە لە نزیک چیاکانی ئالتای دەرکەوتووە و لە نێوان ٣٣٠٠ تا ٢٥٠٠ ساڵ ھەبووە.
بە گەڕانەوە بۆ بەراوردێکی دیکەی نێوان نموونەکەی گەنج دارە لەگەڵ کۆمەڵە ڕاوچییەکانی قەوقاز و ئەوانەی ئێستە لەو ناوچەیە دەژین تا لێکچوونی جینەکانی ئەندامەکانی جەستە ((clade بدۆزرێنەوە، زۆربەی ئەو نموونانەی لە ڕۆژئاوای قەوقاز وەرگیراون نزیکیی خەڵکی دێرین و ھاوچەرخی قەوقاز لە کۆمەلە ڕاوچییەکانی قەوقازی بەر لە دەرکەوتنی کشتوکاڵ نیشان دەدەن. بەڵام بە بەکارھێنانی ئامرازی ئامار-د یان D-statistics ئە ونزیکیییەکان لەگەڵ نموونەکەی گەنج دارە، نییە. لە چاو قەوقازییەکان، جینەکانی ئەو ئافرەتەی گەنج دارە بۆ زۆر لە دانیشتووانی ئەوروپای ساڵانی دواتر گواستراوەتەوە، کۆچی ئەوکاتە بەرەو ئەنادۆڵ و دواتر بەرەو ئەوروپای بردووە.


لە بەشی دووەمدا، سەرچاوەکان دادەنێین

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.