زێ بادینان
وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە فەرمانێكی وەزاریدا بڕیاری دا، بە چەند مەرجێك، ڕێگە بە هەندێك جۆر ئۆتۆمبێل بدرێت، تابلۆكانیان بە زمانی ئینگلیزی ببەستن.
بە گوێرەی ئەو فەرمانە كە رۆژی ٥ی ٨ی ٢٠٢١ دەركراوە و وێنەیەكی دەست (باسنیوز) كەوتووە، وەزارەتی ناوخۆ بڕیاری داوە كە ڕێگە بدرێت بە خاوەنی ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتوچۆی (هەولێر، سلێمانی و دهۆك) تۆمارن، تابلۆكانیان بە زمانی ئینگلیزی ببەستن، بەو مەرجەی تابلۆكە لەو بەڕێوەبەرایەتییانە چاپ كرابێت و ئۆتۆمبێلەكەش كارتی تایبەتی بۆ ڕێكخرابێت كە لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگی هەرێمی كوردستان دەردەچێت و ڕێگە بە گەشتكردنی دەدرێت زیاتر لە جارێك.
بەپێی فەرمانەكە، هەر كاتێك ئەو ئۆتۆمبێلە لە گەشتەكەی گەڕایەوە، ”پێویست ناكات تابلۆ ئینگلیزییەكە لێ بكاتەوە“.
سزای ئەوەش بۆ خاوەنی ئۆتۆمبێلەكان دانراوە كە لە حاڵەتی جێبەجێنەكردنی بڕگەكانی یەكەم و دووەمی فەرمانە وزارییەكە، بڕی (٥٠٠) هەزار دینار پێبژاردنی لێ وەردەگیرێت.
جگە لەوەی خاوەنی هەر ئۆتۆمبێلێك تابلۆ بە زمانی ئینگلیزی ببەستێت بەبێ رەچاوكردنی خاڵی یەكەم، دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەكەیدا دەگیرێت و بەپێی ماددە (٢٧٩) لە یاسای سزادانی عێراقی دەدرێتە دادگا.
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.