ئەو سەردەمە بەسەر چووە، کەوا مافمان بخورێت و بێ دەنگ بین، ئێمە بێ دەنگ نابین و ناهێڵین زمانی شیرینی کوردی قەدەغە بکرێت.

د. چیمەن بابەکر بارزانی

بڕیاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی عێراق، کە ئاراستەی کۆلێژ و زانکۆکانی کەركوك و موسڵ و دیالی کراوە،،

بۆ ڕێگریکردن لەوەی ئیتر کورد مافی ئەوەیان نەبێت بە زمانی دایك (کوردی) پێشێلکارییەکی ئاشکرای دەستورە، بەتایبەتی ماددەی چوار، یەکەم، کە دەڵێ، عەرەبی و كوردى دوو زمانى فەرمين لە عێراقدا، مافى سەرجەم عێراقيەكان پارێزراوە لە فێركردنى ڕۆلَەكانيان بە زمانى دايكيان.

هەروەها لە بڕگەی ب دەڵێ، قسەكردن و وتووێژ و دەربڕين لە بوارە فەرميەكاندا بەهەريەك لە دوو زمانەكە وەك ئەنجومەنى نوێنەران و ئەنجومەنى وەزيران و دادگاكان و كۆنگرە فەرميەكان.
پێویستە لەسەرمان بێ دەنگ نەبین و ڕووبەڕووی ئەو بڕیارە نادەستورییە ببینەوە لە ڕێگەی تانەدانی فەرمی لە دادگای باڵای فیدڕاڵ، هەروەها پێویستە دەستبەجێ لە ڕێگەی پەرلەمان و نوێنەرانی کوردستان داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارە بکەین و لێپرسینەوە لەو کەسانە بکرێت ،کە ئەو بڕیارەیان دەرکردووە. پێویستە لە پەرلەمانی عێراق لێپرسینەوە لە وەزیری خوێندنی باڵای عێراق بکرێت. با کوردستانیان لەو سێ پارێزگایە لە ڕێگەی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و چالاکوانان و ئەکادیمییەکانە بەرگری لە مافی خوێندن بکەن بە زمانی کوردی.
پێویستە ئەم کێشەیە بەرز بکرێتەوە بۆ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی وەکوو یۆنسکۆ، هیومەن رایتس وۆچ، تایبەت بە مافی مرۆڤ و مافی کەمینەکان.
ئەو سەردەمە بەسەر چووە، کەوا مافمان بخورێت و بێ دەنگ بین، ئێمە بێ دەنگ نابین و ناهێڵین زمانی شیرینی کوردی قەدەغە بکرێت.

Leave A Reply