▪ شۆڕشی ئەیلوول کوردی بە جیھان ناساند

زەیتۆ سەعید گەزنەیی
شۆڕشی ئەیلوولی مەزن لەھەموو روویەکەوە بە گەورەترین و کاریگەرترین شۆڕشی کورد دادەنرێت لە مێژووی بزاڤی رزگاری خوازی کوردا، بێگومان ھۆکارەکانی سەرھەڵدانی شۆڕش دیار و بەرچاون، لەوانەش پەشیمان بوونەوەی دەستھەڵاتدرانی ئەوکاتی عێراق لە بەڵێنەکانیان بەرامبەر بە گەلی کورد، بەتایبەتی کار نەکردن بە مادەی سێی دەستووری کاتی ئەوکاتی عێراق، ئەوەیش وایکرد کورد دەست بە خەبات دژی رژێمی ئەوکاتی عێراق بکاتەوە، ھەرچەندە پارتی و بارزانی نەمر ھەولێکی زۆریاندا بۆ ئەوەی جارێکی دیکە شەڕ لە عێراق دروست نەبێت و بە ئاشتی و دانوستان کێشەکان چارەسەر بکرێن، بەڵام وەک پیشەی ھەمیشەیان رژێمی ئەوکاتی عێراق دوای ئەوەی جێی خۆی گرت لەدوای رووداوەکانی شۆڕشی ١٤ی تەمووز کەوتنە دژایەتی کورد، کورد ناچارکرا دەست بۆ چەک ببات تا بەرگری لەخۆی بکات ئەوەبو لە رۆژی ١١ی ئەیلوولی ١٩٦١ بەڕابەرایەتی بارزانی نەمر شۆڕش دەستی پێکرد و گەلی کوردستان بەھەموو نەتەوە و ئاین و بۆچوونی جیاواز پشتگیری شۆڕشیان کرد بۆ بەگژداچوونەوە ئەو زۆڵم و ستەی لەسەر کوردستان ھەبو.

ئەیلوول بەگەورەترین شۆڕشی کورد دادەنرێت لە مێژووی بزاڤی کوردی، چونکە پێشتر چەندین شۆڕش و راپەڕین لە ھەر چوارپارچەی کوردستان تۆمارکرابوون، بەڵام قەبارە و تەمەنی ئەو شۆڕش و راپەڕینانە زۆر بچووکتر و کەمتربوون لە ئەیلوولی مەزن، بەدرێژایی ١١ ساڵی شۆڕش سەرەڕای ھەبوونی ھاوکاری و پشتگیری سنوردار پێشمەرگە توانی بەرەنگاری لەشکری دەوڵەتێک ببێتەوە کەلە ھەموو روویەکەوە پڕ چەککرابوو، دەیان داستانی قارەمانان تۆمارکران و زۆر جاریش حکوومەتی عێراقی ناچار دەکرد دەست بەدانوستان بکات لەگەل سەرکردایەتی شۆڕش،

“ئەیلوول بەگەورەترین شۆڕشی کورد دادەنرێت لە مێژووی بزاڤی کوردی”

گەورەترین دەستکەوتی شۆڕشی ئەیلوول رێکەتنی ١١ی ئاداری ساڵی ١٩٧٠ بوو، کە بۆیەکەم جاربوو حکوومەتی عێراق بەو شێوەیە دان بەمافی گەلی کورد بنێت و سیستەمی ئۆتۆنۆمی بۆ ناوچەکانی باشووری کوردستان جێ بەجێ بکرێت، بەداخەوە دوای چوار ساڵ حکوومەتی ئەوکاتی عێراق پاشکەزبوویەوە لە رێکەوتن و گەلە کۆمەکی لەکوردکراو رێکەوتنامەی جەزائیر دژی شۆڕشی کورد ئیمزاکرا، سەرەڕای پەلاماردانی باشووری کوردستان لەھەموو لایەکەوە بە گەلە کۆمەکیش نەیانتوانی شۆڕشی کورد بێدەنگ بکەن و شۆڕشی گوڵانی پێشکەوتن خواز بوە درێژەپێدەری شۆڕشی ئەیلوولی مەزن.

گەورەیی شۆڕشی ئەیلوول ھەر تەنیا لە ژمارەی پێشمەرگە و درێژی تەمەنی شۆرش نەبوە، یەکێک لەتایبەتمەندیەکانی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن، یەکریزی گەلی کورد و کۆبوونەوەی ئەو ھەموو چین و توێژە جیاوازەبوو لە دەوری شۆڕش، پێک ھاتەی شۆڕشی ئەیلوول کاریگەری کردبوە سەر تاک بەتاکی خەڵکی کوردستان و لەزاخۆوە تا خانەقین پشتگیری شۆڕشیان دەکرد، گەلی کوردستان یەکریز و یەکگرتووبون لە بەگژداچوونەوەی نەیارانی شۆڕش بە سەرۆکایەتی بارزانی نەمر، ئەو پێکەوە خەبات و بەشداریەی خەڵک لەناو شۆڕش وایکردبو بە چەکی زۆر سادە و ھەبوونی پشتیوانی زۆر کەم گەورەترین شۆڕش بەڕێوەببرێت، پرسی پێکەوەژیان لەشۆڕشی ئەیلوولەوە بوە بنەمای پێکەوە کارکردن کورد و کریستیان و تورکومان و ھەموو ئاین و مەزھەبێت بەبێ جیاوازی بەشداربوون لە شۆڕش، ھەروەھا لەنێو کورددا کوردانی ھەر چوار پارچەی کوردستان لەناو رێزی شۆڕش ھەبوون، پێموابێت ھەر شۆڕشی ئەیلوولیش بوە ھۆی ناساندنی کێشەی کورد بە جیھان و دۆزی کوردی لە دۆزێکی ناوخۆیی و ناوچەیی کردە دۆزێکی جیھانی، پێش ھەلگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول جیھان ئاشنا نەبو بە دۆزی رەوای گەلی کوردستان، بەڵام ناوبانگی شۆڕشی ئەیلوول لەجیھان دەنگی دایەوە و ژمارەیەکی زۆری گەڕیدە و رۆژنامەنووس و شاندی بیانی سەردانی باشووری کوردستانیان کرد بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاگاداری شۆڕش بن.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.